ته‌ڵاڵ سه‌لۆ: به ره‌زامه‌ندى ئه‌مريكا داعش ره‌ققه‌ى به‌جێهێشت
K24 – هه‌ولێر:
ته‌ڵاڵ سه‌لۆ، دواى به‌جێهشتنى ريزى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و په‌يوه‌نديكردنى به توركياوه، رايگه‌ياند، له ره‌ققه هه‌زاران چه‌كدارى داعش به رێككه‌وتنێكى نهێنى و به ره‌زامه‌ندى ئه‌مريكا ده‌ربازيان بووه.
ته‌ڵاڵ سه‌لۆ، پێشتر فه‌رمانده‌ى ميليشياى سه‌لجوقى لايه‌نگرى توركيا بووه و دواى په‌يوه‌نديكردنى به هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات وه‌ك وته‌بێژى ره‌سمى ئه‌و هێزانه كارى كردووه.
دواى وازهێنانيشى له هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، ئێستا له توركيايه و ژماره‌يه‌ك نهێنى هه‌ستيارى له باره‌ى قه‌يرانى سووريا و په‌يوه‌ندى و پلانه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و هاوپه‌يمانه‌كانييه‌وه ئاشكرا كردووه.
له نوێترين لێدوانيدا ته‌ڵاڵ سه‌لۆ رايگه‌ياند، هه‌زاران چه‌كدارى داعش به ئاگادارى و چاودێرى ئه‌مريكا ده‌رباز كراوون.
له به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانى ئه‌مريكا ئه‌و لێدوانانه‌ى سه‌ڵۆ به درووستكراو و بێ بنه‌ما وه‌سفده‌كه‌ن.
توركيا و ئه‌مريكا له باره‌ى پشتيوانيكردنى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ناكۆكن و توركيا ئه‌و هێزانه به درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌زانێت، كه توركيا به پارتێكى تيرۆريست ده‌يناسێنێت و چالاكييه‌كانى قه‌ده‌غه‌كردووه.
ته‌ڵاڵ سه‌لۆ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه، شه‌ڕى دوايينى ره‌ققه ته‌نيا خه‌ياڵ بووه و مه‌به‌ست لێى دوورخستنه‌وه‌ى رۆژنامه‌نووسان بووه له رووماڵكردن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێت و چه‌كدارانى داعش ده‌رباز بكرێن.
روونيشيكردووه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنى ده‌ربازكردنى داعشه‌كان، به‌رپرسێكى ئه‌مريكى له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات واژووى له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه كردووه.
سه‌باره‌ت به ژماره‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه له ره‌ققه‌وه ده‌رباز بوونه، بى بى سى بريتانى له زارى شوفێرێكى كاروانه‌كه‌وه بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه درێژى كاروانه‌كه 7 كيلۆمه‌تر بووه. پێكهاتووه له 50 بارهه‌ڵگر و 13 پاس و 100 ئۆتۆمبێلى پڕ له چه‌كدارى داعش.
ته‌ڵاڵ سلۆ، ئاماژه‌شى به‌وه كردووه، به هۆى ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه 4000 چه‌كدارى داعش و خێزانه‌كانيان له ره‌ققه ده‌ربازيان بووه و ته‌نيا 500 چه‌كدار ماونه‌ته‌وه.
پێشتر له ميانى شه‌ڕى ره‌ققه‌دا هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات بۆ ماوه‌ى 3 رۆژ رێگه‌ى نه‌دا هيچ كه‌سێك بگه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌ققه و رايگه‌ياند، تا چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى ره‌تيانكردووه‌ته‌وه خۆيان راده‌ست بكه‌ن باشتر وايه كه‌س نه‌گه‌ڕێته‌وه.
سه‌لۆ، له باره‌ى ئه‌و بڕياره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وه شانۆگه‌رى بووه. ته‌نيا مه‌به‌ست ئه‌وه بوو چه‌كدارانى داعش به سه‌لامه‌تى بگه‌نه دێرزوور.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز.