بارزانی: پاشه‌كشه له ریفراندۆم ناكه‌ین و هیچ هاوبه‌شییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سه‌ركه‌وتوو نابێت
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رله‌نوێ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له كاتی دیاریكراوی خۆیدا له 25/9/2017 كردووه‌ته‌وه‌و به رۆژنامه‌ی "عوكاز"ـی سعوودی راگه‌یاندووه "هیچ هاوبه‌شییه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نابێت".
له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی، بارزانی گوتوویه‌تی "ریفراندۆم دواناخرێت" و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه 100 ساڵی رابردوو ئه‌زموونێكی شكستخواردوو بووه، خوێنڕشتن و جه‌نگ و وێرانكاریی بووه، نامانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ئه‌زموونه شكستخواردووه، بۆیه گه‌لی كوردستان بڕیاریداوه په‌نا بۆ بژارده‌ی ریفراندۆم ببات".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یشی روونكردووه‌ته‌وه كه "پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم، پرۆژه‌ی گه‌لی كوردستانه له كوردستانی عێراق، نه‌ك به ته‌نها پرۆژه‌ی من بێت".
ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه كه عه‌ره‌به‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئازادن له بڕیاری به‌شداریكردن له ریفراندۆم یان به‌شداری نه‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه هه‌ڵبژاردن له واده‌ی دیاریكراوی خۆی له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت رایگه‌یاندووه " من خۆم كاندید ناكه‌مه‌وه‌و هیچ كه‌سێكی نزیكی خۆیشم بۆ سه‌رۆكایه‌تی كاندید ناكه‌م".
له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه ره‌زامه‌ندیم له‌سه‌ر دواخستنی ریفراندۆم بۆ ریكس تیلرسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌رنه‌بڕیوه، به‌ڵام ئاماده‌ییم له باره‌ی كرانه‌وه و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رباره‌ی دۆزینه‌وه‌ی شێوازێك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی داهاتوویه‌كی باش بۆ هه‌ر دوو لا خستووه‌ته روو".
بارزانی، به‌غدای به جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور تۆمه‌تباركردووه‌و ده‌ڵێت "پاش رووخاندنی رژێمی سه‌دام حسێن، هیچ به‌ندێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كرا كه په‌یوه‌ندی به نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا هه‌بووه، بۆیه پاش ئه‌وه هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه كه هاوبه‌شیی نایه‌ته‌دی".
بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "درووستكردنی هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌وانه‌یه ساڵێك تا دوو ساڵ درێژه بكێشێت، به‌ڵام دیسان شكست ده‌هێنێته‌وه، چونكه سیاسه‌تیان به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌گۆڕاوه‌و مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه كه "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپێچی ده‌ستووری نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت و غاز. به‌ڵام به‌غدای به ده‌ستی ده‌ستی پێكردن تاوانباركردووه له جێبه‌جێكردنی یاسای نه‌وت و غاز".
بارزانی ئاماژه‌ی به پاشكۆیه‌كی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ر دوو لایه‌ن كردووه كه ماف به هه‌ر دوو لایان ده‌دات گریبه‌ستی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هاتوو له ماوه‌ی چوار مانگدا رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ نه‌كرا".
له دیداره‌كه‌دا بارزانی ره‌وتی سه‌دری به "ره‌وتێكی نیشتمانی" ناوبردووه‌و به رۆژنامه سعوودییه‌كه‌ی گوتووه "په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ره‌وتی سه‌در به‌رده‌وامه، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ رێبه‌ری ره‌وته‌كه‌دا زۆر به‌هێزه".
له درێژه‌ی گفتوگۆكه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهینێت، چه‌ند لایه‌نێكی تۆمه‌تباركردووه به هاندانی داعش تا هێرش بكه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه له‌و جه‌نگه‌دا قوربانیی رۆڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته (1781) شه‌هید و (10161) بریندار.
بارزانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سعوودیه و هه‌رێمی كوردستانی به "قووڵ و مێژوویی" ناوبردووه كه ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی نایاب به‌رده‌وامی هه‌یه.