وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا قەبارەی بازرگانی سوپای پاسداران لە عێراق ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای پاسداران بەشێکی زۆری ئابووری عێراقی کۆنتڕۆڵکردووە.
لە وتارێکی بۆ قوتابیانی زانکۆی تێکساس Texas A&M، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: "سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی 20%ی ئابووری عێراقی کردووە".
لە بارەی بە تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران، پۆمپیۆ گووتویەتی: "لە راستییدا، ئێران نەک تەنها سپۆنسەری تیرۆرە، بەڵکو سوپای پاسداران چالاکانە پارەی تیرۆر وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەی خەرج دەکات".
راشیگەیاند: "ئامۆژگاری من بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەوان بازرگانی دەکەن ئەوەیە، دەبێت چاوێک بەکارەکانیان بخشێنەوە".
لە بارەی مەترسییەکانی داعشیش ئاشکرای کرد: "لە نێوان 5 تا 21 هەزار چەکداری داعش هاتووچۆ لە نێوان عێراق و سووریا دەکەن".
لە 8ی نیسانی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە و دوا بە دوای ئەوەش، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمان بڕیاری لە بارەی سوپای ئەمەریکا دا.
H.J