لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق یاسای قەرز وەرگرتن رەتدەکاتەوە

رەتیدەکەنەوە حکومەت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببات

K24 - ھەولێر

لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی عێراق رایگەیاند، وەرگرتنەوەی قەرزی دەرەکی لەلایەن حکوومەتەوە رەتدەکەنەوە.

عەلی لامی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەکی شکست دەهێنێت.

جەختیشی کردەوە، ئەوان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە حکومەت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببات، کە ئەو قەرزە لەلایەن سندووقی نەختینەی نێودەڵەتی یاخود وڵاتانی دیکەوە دابین دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، پەنا بردنی حکومەت بۆ قەرزی دەرەکی بە واتای مایەپووچبوونی عێراق دێت، و رێژەی سوودی سەر قەرزەکان زیاد دەبێت و دانەوەیان سەختە. هەرەوەها داوای لە سەرۆک وەزیران کرد، لە بڕی قەرز پێویستە دەرچەی دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی پڕ بکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشتر ئاشکرای کردبوو کە وڵاتەکە پێویستی بە 38 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و کورتهێنان پڕبکاتەوە. کە بڕی کورتهێنان لە بودجەی گشتی پێشبینی نەکراوە و دەگاتە 69 ترلیۆن دینار.