هیومان رایتس: فیرقه‌یه‌كی سوپای عێراق تاوانی جه‌نگی ئه‌نجامداوه
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رایده‌گه‌یه‌نێت، فیرقه‌یه‌كی سوپای عێراق، كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه مه‌شق و راهێنانییان پێكراوه، له كاتى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ده‌یان كه‌سییان له‌و شاره كوشتووه.
رێكخراوه‌كه داوای له حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كردووه، هه‌موو هاوكارییه‌كی فيرقه‌ی 16ى سوپای عێراق رابگرێت، تا ئه‌و كاتانه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه‌ی جه‌نگ ده‌كرێت كه له‌لایه‌ن ئه‌و فیرقه‌یه ئه‌نجامدراون و دوو چاودێری نێوده‌وڵه‌تیش شایه‌تییان له باره‌یه‌وه داوه.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌هۆی رێگریكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له ده‌زگا میدیاییه‌كان بۆ چوونه ناو مووسڵی كۆن، نه‌توانراوه به‌دواداچوونی ته‌واو بۆ ئه‌و كه‌یسه بكه‌ن.
حكوومه‌تی عێراق، له رۆژی 10ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵ، دوای وتاری سه‌ركه‌وتنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران، رێگه‌ی به هیچ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و ئاژانس و رۆژنامه‌وانێكی بیانی نه‌داوه، بچێته ناو مووسڵی كۆن.
سارا لی ویتسن، به‌ڕێوه‌به‌ری دیسكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، ده‌ڵێت: "به گوێره‌ی ئه‌و پێشێلكارییه زۆرانه‌ی سوپای عێراق كردوویه‌تی و حكوومه‌تی عێراقیش لێی بێده‌نگه و لێپێچینه‌وه‌ی نه‌كردووه، پێویست ده‌كات ئه‌مه‌ریكا چاو به مامه‌ڵه‌ی خۆیدا بخشێنێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و سوپایه".
ئه‌و دوو چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازییان بینیوه له یه‌كێك له شوقه‌كانی مووسڵ، چوار پیاویان گرتووه و رووتیانكردوونه‌ته‌وه، دواتریش گوێیان له ده‌نگی ته‌قه بووه، سه‌ربازانیش پێیان گوتوون ئه‌وان سه‌ر به فیرقه‌ی 16ی سوپای عێراقن و ئه‌وانه‌ی كوژران، داعش بوونه.
دوو چاودێره‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، له چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی مووسڵی كۆن، ته‌رمی چه‌ند كه‌سێكییان بینیوه، كه ده‌ست و پێیان به‌ستراوه و كوژراون.
ويتسن ده‌شڵێت: "پێویسته سوپای ئه‌مه‌ریكا بزانێت، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌وان پاڵپشتی ده‌كه‌ن و مه‌شق و راهێنانییان پێكردووه، بۆچی تاوانی جه‌نگییان ئه‌نجام داوه".
پێشتریش فۆتۆگرافه‌رێك، به‌شێك له‌و تاوانانه‌ی ئاشكرا كرد، كه سوپای عێراق له كاتی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ ئه‌نجامیداون و له ته‌واوی ده‌زگا میدیاییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاوكرانه‌وه، كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان به به‌رچاوی خێزان و منداڵه‌كانییانه‌وه، ئه‌شكه‌نجه ده‌دا.