سەرۆكوەزیران مێی دەیەوێت بەم ھەڵبژاردنە بەریتانیای دوای دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا رێكبخاتەوە یان رێگری لە سەربەخۆیی سكۆتلاند بكات؟

Kurd24

لە سیستەمە دیموكراسیە پێگەیشتووەكاندا دوای ھەر گۆڕانكاریێكی سیاسی لە وڵات ھەوڵی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یان ریفراندۆم دەدەن. بەڵام ئەو ھەڵبژاردنەی 8 حوزەیران، كە لە بنەڕەتدا ھەڵبژاردنێكی پێشخراوە، ئامانجی تایبەتی لە پشتە، واتا ئامانج لێی تەنھا رێكخستنەوەی بەریتانیا نیە، دوای دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا.

بە رواڵەت، یەكێك لە ئامانجەكانی ھەڵبژاردن مامەڵەكردنە لەگەڵ كێشە ھەنووكەییەكانی بەریتانیا بە سیاسەتێكی نوێ و بە ستافێكی تا رادەیەك تازە. سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا تێرێزا مێی لە ساتی راگەیاندنی ئەو ھەڵبژاردنە پێشوەختەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەریتانیا پێویستی بە ھەڵبژاردنە تا حكومەتی نوێ بەرپرسیاریەتی كشانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بگرێتە ئەستۆ و بەڵێنی دەنگدەران بھێنێتەدی كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا دەنگیان بە چوونەدەرەوە دا لە یەكێتی ئەوروپا. بەڵام ئەو كارە، تەنھا بە كاتەوە بەستراوە و بە پابەند نەبوون یان نەگەیشتنیش بە رێككەوتنێك لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەوا بەریتانیا بە كردار لە یەكێتییەكە دەچێتە دەرەوە.

بە بۆچوونی من، ئەو ئامانجەی سەرەوە، تەنھا پاساوێكی سیاسییەو ھیچیتر نا. لە راستیدا تێرێزا مێی دوو ھۆكاری سەرەكی تری ھەیە لەم ھەڵبژاردنەدا: ھۆكاری یەكەم، رێگری كردنە لە ھەوڵی سەربەخۆیی سكۆتلاند. تێرێزا مێی ئامانجی ئەوەیە بەم ھەڵبژاردنە لە تەك پارتی كرێكاران و لیبراڵ دیمۆكراتەكان، دەنگ و كورسی پارتی نیشتیمانیی سكۆتلاند، ئێس ئێن پی، كەم بكاتەوە. لەو پێناوەش، تێرێزا مێی، خۆی سەردانی سكۆتلاندی كرد بەو پەڕی توانای دارایی و سیاسی خۆی بانگەشەی لە سكۆتلاند دەست پێكردووە و بەڵێنی زۆری بە سكۆتلاندییەكان داوە لە پێدانی دەسەڵاتە نەگوازراوەكان و خۆڕێبەریی لە ھەندێ لایەن. مێی دەخوازێت رێگری بكات لە پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند و پارتی سەوز لە ھەوڵی زیاتریان و دەنگدانیان لە جێبەجێ كردنی پەسەندكردنی پرۆژە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە. جیاوازی نێوان ئەو لایەنانەی ویستی مانەوەیان ھەبوو لە بەریتانیا لەگەڵ سەربەخۆخوازەكان ئەو كات تەنھا 10 كورسی/ دەنگ بوو. مێی پێی وایە ئەو دەنگانەی پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند لە دوایین ھەڵبژاردن بە دەستی ھێناوون زیاتر دەنگی ناجێگیرن، واتا دەنگی راستەقینە نین و ھەست و سۆز كاریگه‌ری ھەبووە و ئەو دەنگانە بە ھی حزبەكەی و كرێكاران دەزانێت.

ھۆكاری دووەم بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دەسكەوتی حزبی زیاترە، سەرۆكی پارتی پارێزگاران و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مێی، دەخوازێت بە تەواوی ھەژموونی پارتەكەی بەسەر سیاسەتی بەریتانیا بسەپێنێت و ھەر پلان و ستراتیژێك پارتەكەی ھەیەتی جێبەجێی بكات. مێی دەیەوێت لاوازی پارتی كرێكاران بقۆزێتەوە، ئەو پارتەی بە تەواوی توانای و پشت ئەستور بە پارتی نیشتیمانی سكۆتلاندیش دەنگیان بە مانەوەی بەریتانیا دا لە یەكێتی ئەوروپا و لەو ھەوڵەش سەركەوتوو نەبوون. ھاوكات، پارتی كرێكاران لە لایەن كەسێكەوە سەركردایەتی دەكرێت كە لەناو پارتەكەش زۆر پاڵپشتی ناكرێت. جێریمی كۆربین، سەرەڕای مێژووی دژە-چینایەتی و پەیڕەوی فەرمانڕەوایی پاشایەتی، نەیتوانیوە لە مانۆفێستۆ/پەیڕەوی ھەڵبژاردن ئەو خاڵانەی وەك نەمانی سیستەمی پاشایەتی بنووسێتەوە، كە 35 ساڵه‌ داوای نەمانی دەكات، كە بە رای بەشێكی زۆری كرێكاران ئەوە لایەنێكی كەلتورییە و ناكرێت دەستكاری بكرێت. ھاوكات، مێی ئەو بارودۆخەی ئێستاشی قۆستۆتەوە، كە بەھۆی ئاڵۆزی بابەتەكان و ترسی تیرۆر و قەیرانی ئابوری، جێریمی كۆربینی سەركردەی پارتی كرێكاران ناتوانێت بەڵێنی زۆر بدات نەوەك بۆی جێبەجێ نەكرێت.

بەكورتی، ئەم ھەڵبژاردنە، گۆڕانكارییه‌كی ماوە كورت لە بەریتانیا دروست ناكات. پارێزگاران لە خراپترین بارودۆخ لە 15 كورسی لە پەرلەمانی بەریتانی لەدەست نادەن، ھاوكات بردنەوەی 5 كورسیش لە پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند، لە لایەن ھەر حزبێك بێت بێجگە لە سەوزەكان، لەبەرەژەوەندی یەكگرتوویی بەریتانیا و رێگری كردن لە سكۆتلاند دێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی تا، بەلایەنی كەم ھەڵبژاردنێكی گشتی تر. ئەگەر پارێزگاران 20-25 كورسیش لەدەست بدەن، كە پێشبینی نەكراوە، ئەوا دەتوانن حكومەتێكی یەكگرتوو لەگەڵ لیبراڵ و پارتی سەربەخۆی بەریتانیا دروست بكەن. پارێزگاران، لەم دەیەیەی دوایی زیرەكانە مامەڵە دەكەن، واتا بە لەبەرچاوگرتنی كات و ئەگەرەكان مامەڵە دەكەن و سیاسەتی وڵاتەكەیان بە پێی ستراتیژیەتی پارتەكەیان دادەڕێژنەوە. كەواتە پارتی پارێزگاران و تێرێزا مێی بە لایەنی كەم لەو دوو ئامانجە سەرەكییەی سەرەوە، ئامانجی دووەم و ھەژموونی پارتەكەی بەتەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی بەریتانیا دەسەپێنێت. ھەرچی ھۆكاری یەكەمیشە، ئەستەمە تێرێزا مێی بتوانێت رێگە لە خواستی زۆرینەی سكۆتلاندییەكان بگرێت، ئەو وڵاتە دواجار و لە كۆتایی 2018 ریفراندۆمێكی تری سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.