ئیتاڵیا و هەڵبژاردەکانی دیکەی ئەوروپا چۆن قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال ئەنجام دەدەن؟
K24- هەولێر
قۆناخی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2018 کۆتایی هات و ناسنامەی 9 هەڵبژاردەی سەرکەوتوو لە کۆمەڵەکان ئاشکرابوو، لە قۆناخی پاشکۆش ناسنامەی 4 هەڵبژاردەکەی دیکە دیاریی دەکرێت.
لە کۆی 9 کۆمەڵە باشترین 8 دووەم لەسەر ئاستی کۆمەڵەکان دیاریی کران و لە کۆمەڵەی شەشەم سلۆڤاکیا نەیتوانی وەکو دووەمی کۆمەڵەکەی سەربکەوێت و دووەمی 8 کۆمەڵەکەی دیکە لەو باشتر بوون، کە بریتی بوون لە سوێس، سویسڕا، ئێرلەندای باکوو، ئێرلەندا، دانیماڕک، ئیتاڵیا، یۆنان و کڕواتیا.
بەگوێرەی یاساکانی فیفا هەڵبژاردەکان دابەشی دوو کۆمەڵە دەکرێن و باشترین چوار هەڵبژاردە بەپێی نوێترین ریزبەندیی فیفا دەخرێنە کۆمەڵەیەک و چوار هەڵبژاردەکەی دیکەش دەخرێنە کۆمەڵەکەی دیکە، هەر هەڵبژاردەیەک بەر هەڵبژادەیەکی کۆمەڵەکەی دیکە دەکەوێت و یاریی چوون و هاتنەوە ئەنجام دەدەن بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتێکی ئەوروپا بۆ مۆندیالی رووسیا.
رۆژی 16ی ئەم مانگە نوێترین ریزبەندیی فیفا ئاشکرا دەکرێت و رۆژی 17ی ئەم مانگە تیروپشک بۆ هەڵبژاردەکان دەکرێت، کە چاوەڕێ دەکرێت بەپێی پێشبینییەکان هەڵبژاردەکانی سوێد، ئیتاڵیا، کڕواتیا و دانیماڕک بەپێی پۆلینی نوێی فیفا بکەونە کۆمەڵەی یەکەم و لە تیروپشکەکە بەر هەڵبژاردەکانی سویسڕا، ئێرلەندا، یۆنان و ئێرلەندای باکوور بکەون. یارییەکانی رۆژانی 9 تاکو 14ی مانگی داهاتوو دەکرێن.