بارسێلۆنا کەمتر لە 48 کاتژمێری لەبەردەمە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە

لیڤەرپوول رازی بووە کۆتینهۆ بفرۆشێتە بارسێلۆنا

K24- هەولێر

لیڤەرپوول رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی فیلیپ کۆتینهۆ بفرۆشێتە بارسێلۆنا.
کەناڵی بی بی سی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول رەزامەندی دەربڕیوە کۆتینهۆ بەرامبەر 160 ملیۆن بفرۆشێتە بارسێلۆنا، هەر بۆیە ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات پێش داخرانی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان شوێنگرەوەیەکی کۆتینهۆ بکڕێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیاری داوە خۆی بەشداریی گفتوگۆکان بکات و ئامادەیە هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی کۆتینهۆ بگوازێتەوە یانەکەی.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رایگەیاندووە، ئەگەر گرێبەستی کۆتینهۆ شکست بهێنێت، ئەوا بارسێلۆنا هەریەکە لە ئانتوان گریزمان و پاولۆ دیبالا و تۆماس لیماری کردووەتە بژاردەکانی پلانی یەدەگی خۆی.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا کەتەلۆنییەکان بارسێلۆنا پێش داخرانی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەرامبەر 130 ملیۆن گرێبەست و 30 ملیۆن پاداشت کۆتینهۆ دەباتە ریزەکانی، کە شەوی پێنجشەممە کاتژمێر 01:00ی شەو دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە بەریتانیا دادەخرێت و هیچ یاریزانێک ناتوانێت یانە ئینگلیزییەکان لەو کاتە بەدواوە بەجێبهێڵێت.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی