ئەرسەلان جەلال بەفەرمی دەستی لە راهێنەرایەتی پێشمەرگەی سلێمانی کێشایەوە

پێشمەرگەی سلێمانی 10 یارییە هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە

ئەرسەلان جەلال بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی راگەیاند، کە وەرزی رابردوو یانەکەی لە ریزی یانە پلە یەکەکانەوە سەرخستەوە بۆ ریزی یانە نایابەکان.

دوای دۆڕانەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر ئارارات، ئەرسەلان جەلال بەفەرمی دەستی لە راهێنەرایەتی پێشمەرگەی سلێمانی کێشایەوە، کە پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، کە 83 رۆژە یانەکە هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە و بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.

ئەرسەلان جەلال لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی هۆکاری بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتی 'دوای ئەوەی 10 یاریی نەمتوانی هیچ بردنەوەیەک بۆ یانەکەم بەدەست بهێنم، پێش یاریی ئارارات بڕیارم بەخۆم دابوو ئەگەر لەم یارییە نەتوانم بردنەوە بەدەست بهێنم، دەست لە پۆستەکەم هەڵبگرم، بۆیە بڕیارم دا واز لە راهێنەرایەتی پێشمەرگەی سلێمانی بهێنم'. هەروەها ئەرسەلان جەلال کە مانگی دیسێمبەر خەڵاتی باشترین راهێنەری کوردستان24ی بەدەستهێنا گوتیشی 'سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکەم کە هەمیشە پاڵپشتی من بوون و دەستیان لە کاروبارەکانم وەرنەدەدا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم'.

پێشمەرگەی سلێمانی لەم وەرزە لە کۆی 17 یاری 5 بردنەوە و 5 بەرامبەربوونی بەدەستهێناوە و 7 یاریشی دۆڕاندووە، لە دوایین 10 یاریشدا یانەکە نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت.

پۆستی ئەرسەلان جەلال لە فەیسبووک لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی
پۆستی ئەرسەلان جەلال لە فەیسبووک لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی