سەڵاحی فەخری عەرەب و سەڵاحی فەخری کوردان

عه‌ره‌ب ئه‌ستێره‌كانی ستایش ده‌كات، كوردیش بێ نازیان ده‌كات

دوێنێ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە ھەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک بەبۆنەی بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی ئینگڵاند پیرۆزبایی لە محەمەد سەڵاح کرد و ستایشی ئەو ھێرشبەرە میسرییەی کرد، محەمەد موحسینی سەرۆکی یانەی مقاولونی میسریش کە پێشتر سەڵاح یاریی لێدەکرد رایگەیاند داوایان کردووە وێنەی سەڵاح لەسەر درێسی یانەکەیان دابنێن و بۆ ئەم کارەش چاوەڕێی رەزامەندیی ھێرشبەرەکەی یانەی لیڤەرپوول دەکەن.

ئەم دوو ھەڵوێستەی سەرەوە بەشێکە لەو شانازییە گەورەی لەم رۆژانەدا میسرییەکان بە سەڵاحی دەکەن، ئەستێرە دێرینەکانی تۆپی پێی میسر پێیانوایە سەڵاح باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەیانە و ناویان لێناوە فەخری عەرەب، ئێمەش رۆژێک لە رۆژان سەڵاحەدین سیامەندێکمان ھەبوو، فەخری کوردان بوو، گەیشتە ھەڵبژاردەی عێراق و ئەگەر باشترین یاریزان نەبێت لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان (کە من پێموایە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی کوردستانە)، ئەوا یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی ھەولێر و کوردستان، بەڵام یانەی ھەولێر چی بۆ سەڵاحەدین سیامەند کرد؟ بەرپرسانی حکوومی و حزبی و وەرزشی کوردستان چییان بۆ سەڵاح کردووە؟

تۆ ئێستا کە ئەم وتارە دەخوێنیتەوە و من بەراوردی سەڵاحی میسرییەکان و سەڵاحی کوردانت بۆ دەکەم رۆژێک لە رۆژان پرسیوتە بۆچی یاریزانێکی بە ئەزموون و دونیادیتەی وەکو سەڵاحەدین سیامەند ئێستا لە لوتکەی ھەڕەمی وەرزشی کوردستان پۆستی نییە؟ پرسیوتە بۆچی ئەو سەڵاحەدین سیامەندەی لەو سەردەمەی تۆپی پێی کوردستان لە بازنەیەکی بچووکدا دەخوڵایەوە و زۆر لۆکاڵی بوو، ئەو لە یەک کات لە سێ ئاستی جیاوازی ھەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکرد و لەگەڵ یانەی ھەولێر بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق یانەی ھەولێر لە ئاستیدا بۆ وا بێ وەفا بوو؟

راستە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان سەڵاحی ئەوان و ئێمەدا ھەیە، بەڵام من دڵنیام ئەگەر کەسانی وەکو سەڵاحەدین سیامەند تۆپی پێی ئەم ھەرێمە بەڕێوە ببەن، دروستبوونی یاریزانی جیھانی لە کوردستان ئەوەندە ئەستەم نییە و کورد دەتوانێت ببێتە خاوەنی وەرزشێک لەسەر ئاستی ئاسیا و جیھان شانازی پێوە بکات.

بە گوێرەی سەرچاوەی ھەندێک میدیای عەرەبی جێگری سەرۆکی شارەوانی مەککە بڕیاری داوە پارچە زەوییەک لە مەککە بە محەمەد سەڵاح بدات، لە کاتێکدا بەپێی یاسای شارەوانی سعوودیە نابێت ھیچ کەسێکی بیانی ببێتە خاوەنی زەوی لە مەککە، کەچی لە کوردستان نەک ھەر لە رووی ماددییەوە ھیچ بۆ سەڵاح نەکراوە، بەڵکو تاکو ئێستا لەم ھەولێرە شارەوانی ناونانی باخچەیەک یان شەقامێکی بەناوی سەڵاحەدین سیامەند شایستە نەزانیوە.