کوردستان24 مانگانە باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات

پڕۆژەیەکی دیکەی کوردستان24 بۆ خولەکانی کوردستان

بۆیەکەمجار لەسەر ئاستی میدیای کوردی لە پڕۆژەیەکی دیکەی نوێی دێسکی وەرزشی کوردستان24 لەمەودوا مانگانە باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکرێن و خەڵات دەکرێن.

لە پڕۆژەیەکی دیکەی نوێی وەرزشی کوردستان24، هاوشێوەی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا مانگانە باشترین یاریزان و راهێنەر و جوانترین گۆڵی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکرێن و خەڵات دەکرێن، کە خەڵاتێکی تایبەت بە باشترین یاریزان، باشترین راهێنەر و جوانترین گۆڵی مانگانەی خولی نایابی کوردستان لەلایەن کوردستان24 دابینکراوە.

لەسەر ئاستی خولی وڵاتانی دەوروبەر یەکەمجارە مانگانە باشترینەکانی خول دەستنیشان بکرێن، لێژنەیەکی 8 کەسی مافی هەڵبژارردنی باشترینەکانیان دەبێت و بە رەچاوکردنی ئاست و ئامارەکانی ئەو گەڕانەی لەو مانگە بەڕێوە دەچن، لێژنەکە باشترین یاریزان و راهێنەر و جوانترین گۆڵ دەستنیشان دەکات. لێژنەکە لە چوار یاریزانی پێشووی خولی نایابی کوردستان و کەسنای ئەکادیمی پێک دێت، بەڕێوەبەری دێسکی وەرزشی و پەیامنێرەکانی دێسکی وەرزشی کوردستان24 چوار ئەندامەکەی دیکەی لێژنەکە پێکدەهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/11/08 باشترین یاریزان و راهێنەر و جوانترین گۆڵی یەکەم مانگی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکرێت و پێش دەستپێکی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولەکە خەڵاتەکان بە باشترینەکان دەدرێن.

لێژنەی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان
لێژنەی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان

لە کۆتایی هەر مانگێک باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکرێن و لە سەرەتای هەر مانگێکیش پێش دەستپێکردنی یارییەکانی گەڕی یەکەمی مانگی نوێ لەلایەن کەسایەتی جیاوازەوە باشترینەکان خەڵات دەکرێن، لە کۆتایی وەرزیش کوردستان24 هاوشێوەی میدیا جیاوازەکانی جیهان باشترینەکانی تەواوی وەرزەکە لە مەراسیمێکی تایبەت خەڵات دەکات.

کوردستان24 باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان خەڵات دەکات
کوردستان24 باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان خەڵات دەکات
کوردستان24 باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان خەڵات دەکات
کوردستان24 باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان خەڵات دەکات

لەوەتەی وەرزی 1993-1994وە لە پریمەرلیگ مانگانە باشترین راهێنەری خولەکە دەستنیشان دەکرێت و سێر ئەلێکس فێرگسۆنی بەڕێوەبەری هونەری ئەوسای مانچێستەر یونایتد یەکەم خەڵاتی بەدەستهێنا، وەرزی دواتریش 1994-1995 لە پرێمەرلیگ مانگانە باشترین یاریزانیش دەستنیشان دەکرێت و یۆرگن کلینزمانی هێرشبەری ئەڵمانی ئەوکاتی تۆتێنهام هۆتسپێرس خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.
مانگانە لە پرێمەرلیگ بە سپۆنسەری کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت باشترین راهێنەر و یاریزان و جوانترین گۆڵی خولەکە دەستنیشان دەکرێت، لێژنەیەکی تایبەت باشترینەکان دەستنیشان دەکات، ئەو لێژنەیە لە 18 یاریزانی پێشووی خولەکە پێکهاتوون و سێ نوێنەری سپۆنسەرەکانی خەڵاتەکەشی تێدایە و %10ی دەنگەکانیش لەلایەن هاندەرانەوە دەدرێت.
جگە لە خولی نایابی ئینگلیزی، مانگانە لە خولی پلە یەکی ئینگلیزیش باشترین راهێنەر و یاریزان دەستنیشان دەکرێت، تەنانەت لەسەر ئاستی لاوانیش باشترین یاریزان هەڵدەبژێرن.
لە لالیگاش لەوەتەی سێپتێمبەری 2013وە باشترین یاریزان و راهێنەر دەستنیشان دەکرێت و پێش دەستپێکی یەکەم یاریی مانگی دواتر لە یاریگەوە باشترینەکان خەڵات دەکرێن، بەڵام بێ ئەوەی میکانیزمی دەستنیشانکردنەکە ئاشکرا بکرێت، مانگانە ماڵپەڕی فەرمی خولەکە ناوی باشترینەکان ئاشکرا دەکات.
تاکو ئێستا لە سێریا ئەی مانگانە باشترینەکان دەستنیشان ناکرێن، بەڵام لە بۆندزلیگا مانگانە باشترین یاریزان و جوانترین گۆڵ بە دەنگدانی هاندەران لە رێگای تویتەرەوە هەڵدەبژێردرێن.

لیۆنێل میسی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگانەی لالیگا
لیۆنێل میسی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگانەی لالیگا