رۆناڵدۆی بڕازیلی باری تەندروستی تێکچووە و گەیەنرایە نەخۆشخانە

لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێرییەکی چڕدایە

رۆناڵدۆی بڕازیلی باری تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێرییەکی چڕدایە.

میدیا بەناوبانگەکانی جیهان ئاشکرایانکردووە، رۆناڵدۆی بڕازیلی لە کاتی پشوودانی لە دوورگەی ئیبیزا دوێنێ شەممە تەندروستی تێكچووە و بەهۆی هەوکردنی بۆڕی سییەکانی، لەهۆش خۆی چووە و بەپەلە ئەو ئەفسانە بڕازیلییە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی دوورگە گەشتیارییەکە، کە ئەو دوورگەیە کەوتووەتە وڵاتی ئیسپانیا.

پزیشکانی نەخۆشخانەکەی دوورگەی ئیبیزا ئامادە نین هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستی رۆناڵدۆ بدرکێنن، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان، داوا کراوە بەپەلە رۆناڵدۆ بگوازرێتەوە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، چونکە تەنودرستی باش نییە و ئێستا لە ژێر چاودێرییەکی چردایە.

رۆناڵدۆی 41ی ساڵا کە پێشتر لەگەڵ بڕازیل بووەتە پاڵەوانی مۆندیالی 2002 و لە ساڵی 2011 بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا، پێشتر لە ساڵی 2012 تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت هەوکردنەکەی هی شەش ساڵ لەمەوبەر بێت و دووبارە بوو بێتەوە.