ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆی مانگی داهاتوو دەستنیشانکرا

ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆی مانگی داهاتوو دەستنیشانکرا

بەفەرمی ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆی داهاتووی لالیگا دەستنیشانکرا.
بەفەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاند، خۆسیێ هێرناندێز هێرناندێز یاریی کلاسیکۆی داهاتوو لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەڕێوە دەبات، کە وابڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو هەردوو یانە لە گەڕی سی و شەسەمینی لالیگادا لە یاریگەی کامپ نوو بەیەک بگەن.
هێرناندێز هێرناندێز وەرزی رابردووش یاریی کلاسیکۆی قۆناخی دووەمی لالیگای بەڕێوەبرد، کاتێک لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بارسێلۆنا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ریال مەدریدی بردەوە و لەو یارییەدا رەخنەیەکی زۆر لە ناوبژیوانەکە گیرا و یاریزانانی بارسێلۆنا پێیانوابوو دەبووایە کاسیمێرۆ و مارسیلۆ بە کارتی سوور بکرێنە دەرەوە و یاریزانانی ریال مەدریدیش داوای لێدانێکی سزایان لەسەر ئۆمتیتی دەکرد، کە لەم یارییەدا سێرخیۆ رامۆس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.