مێسی لە کلاسیکۆی ئەمجارە چاوی لە شکاندنی چەند ریکۆردێکە

مێسی بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆیە

K24- هەولێر

مێسی دەیەوێت دوو رۆژ پێش جەژنی کریسمس جەژنانە بەسەر هاندەرانی بارسێلۆنا دابەش بکات و بە تۆمارکردنی گۆڵ و هەژاندنی تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید، لە کلاسیکۆ چەند ریکۆردێک بشکێنێت، کە چەند هەنگاوێک لێیانەوە دوورە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە ژمارەی رۆژی سێشەممەی لە رووپەڕی رۆژنامەکەی مێسی بە پاشای کلاسیکۆ ناوبردووە و نووسیویەتی شەممەی داهاتوو لیۆ چاوی لە شکاندنی چەند ریکۆردێکە.
مێسی بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆیە، 15 گۆڵی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ تۆمارکردووە و لیۆ ئامانجییەتی لە کلاسیکۆی ئەمجارە ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 25 گۆڵ و بۆ جاری چواردەمینیش تۆڕی گۆڵی مێرێنگی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهەژێنێت.
مێسی لە 607 یاری 525 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا کردووە و هەفتەی رابردوو ریکۆردی جێرد مۆلەری هێرشبەری پێشووی بایرن میونشنی هاوتاکردەوە، دەیەوێت بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە کلاسیکۆ ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا بە درێسی یانەیەک 526 گۆڵ تۆمار بکات.


مێسی لە لالیگا خاوەنی 363 گۆڵە و گۆڵکاری مێژوویی خولەکەیە، بەڵام دوو گۆڵی پێویستە بۆ ئەوەی ریکۆردێکی دیکەی جێرد مۆلەر هاوتا بکاتەوە و ببێتە گۆڵکاری مێژوویی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا.
لیۆ ئێستا بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە، لیۆ چاوی لەوەیە لە کلاسیکۆ قەرەبووی ئەو لێدانە سزایە بکاتەوە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیای لەدەستدا و ببێتە خاوەنی 15 گۆڵ لەم وەرزەی لالیگا.
لیۆ لە 2017 لەگەڵ ئارجێنتینا و بارسێلۆنا لە 63 یاری 53 گۆڵی کردووە و لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێدینسۆن کاڤانی پێشەنگی گۆڵکارانی2017ی گرتووە، دەیەوێت لە کلاسیکۆ لە دوایین یاریی خۆی لەمساڵدا پێشەنگی گۆڵکارانی ئەمساڵی جیهان بۆ خۆی یەکلا بکاتەوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی