بۆچی سامپاولی بۆ مۆندیالی 2018 بانگهێشتی ئیکاردی نەکردووە؟

لیستی کۆتایی ئارجێنتینا بۆ مۆندیالی 2018

خۆرخێ سامپاولی بەفەرمی لیستی کۆتایی هەڵبژاردەی ئارجێنتینای بۆ مۆندیالی 2018 ئاشکراکرد.
لە لیستە 23 یاریزانیەکەی ئارجێنتینا ناوی ماورۆ ئیکاردی هێرشبەری ئینتەر میلان و گۆڵکاری ئەم وەرزەی سێریا ئەی تێدانییە، لە کاتێکدا ئیکاردی بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ بووە گۆڵکاری ئەم وەرزەی سێریا ئەی و ئینتەری گەیاندە چامپیۆنزلیگ.
ناوی دیێگۆ پیرۆتی یاریزانی رۆماش لە لیستەکەی سامپاولیدا نییە، بەڵام پاولۆ دیبالای ناوەڕاستکاری یۆڤێنتۆس بۆ یارییەکانی مۆندیالی ئەم هاوینە بانگهێشتکراوە.
لە کۆی ئەو 23 یاریزانەی کە سامپاولی بانگهێشتی کردوون، تەنیا سێ یاریزانیان لە خولی ناوخۆیی ئارجێنتینا یاریی دەکەن و پێشبینیش دەکرێت سبەی مێسی بۆ پەیوەندیکردن بە راهێنانەکانی تانگۆ بگاتە بۆینس ئایرس، کە مێسی سەرکردای سەماکارانی تانگۆ دەبێت لە رووسیا.
ئارجێنتینا لە مۆندیالی 2018 لە کۆمەڵەی چوارەم هاوشانی ئایسلەندا و کڕواتیا و نەیجیریا یاریی دەکات و سامپاولیش لە کاتی ئاشکراکردنی لیستی کۆتایی رایگەیاند، ماورۆ ئیکاردی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی ئێمە ناگونجێت بۆیە بانگهێشتم نەکردووە.

لیستی یاریزانانی ئارجێنتینا بۆ مۆندیالی 2018
لیستی یاریزانانی ئارجێنتینا بۆ مۆندیالی 2018

خۆرخێ سامپاولی، راهێنەری ئارجێنتینا:
'لیستی کۆتایی ئارجێنتینا بۆ مۆندیالی 2018 بەمشێوەیە دەبێت: سێرخیۆ رۆمێرۆ، سیلی کابایێرۆ، فڕانکۆ ئارمانی، کریستیان ئانساڵدی، گابریێل مێرکادۆ، فێدریکۆ فازیۆ، مارکۆس رۆخۆ، نیکۆلاس تالیافیکۆ، نیکۆلاس ئۆتامێندی، مارکۆس ئاکونا، خاڤیێر ماسکیرانۆ، ماکسیمیلیانۆ مێزا، ئانخێل دی ماریا، مانوێل لانزینی، جیۆڤانی لۆ سێلسۆ، ئێڤەر بانێگا، لۆکاس بیلیا، ئێدواردۆ سالڤیۆ، کریستیان پاڤۆن، پاولۆ دیبالا، لیۆنێل مێسی، گۆنزالۆ هیگواین، سێرخیۆ ئەگوێرۆ.
ئێمە بەمدواییانە بە دۆخی جیاوازدا تێپەڕبووین، بەشێک لە دۆخەکەمان باش و دڵخۆشکەر بوو، بەشێکیشی بێهیواکار بوو، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین کار لەسەر ئەم کۆمەڵە یاریزانەمان بکەین و بتوانین مۆندیالێکی نایاب پێشکەش بکەین.
سەبارەت بە بانگهێشت نەکردنی ماورۆ ئیکاردی، من رێزم بۆ ئەم هێرشبەرە هەیە، بەڵام شێوازی یاریردکنی ئەو لەگەڵ ئێمە ناگونجێت بۆیە بانگهێشتم نەکردووە، سەبارەت بە مێسیش، ئێمە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر قسەمان لەگەڵ مێسی کرد بۆ ئەوەی بزانین چۆن دۆخێک بخوڵقێنین بۆ ئەو گونجاو بێت و قسەمان لەبارەی ئەوە کرد کە ئایا ئەو پێویستی بە چییە.
ئێمە سێ یاریی سەخت چاوەڕێمان دەکات، لە یەکەم یاریی رووبەڕووی ئایسلەندا دەبینەوە کە خاوەنی بەرگرییەکی بەهێز و پتەوە، دواتر رووبەڕووی کڕواتیا دەبینەوە'.