ئەمڕۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریی بە درێسی یۆڤێنتۆس ئەنجام دەدات

650 پاسەوان بۆ پاراستنی کریستیانۆ ئامادەی یارییەکە دەبن

ئێوارەی ئەمڕۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریی بە درێسی یۆڤێنتۆس ئەنجام دەدات و ئامادەکارییەکی گەورە کراوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کریستیانۆ بکرێت.

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 06:30 بە کاتی هەولێر وەکو پیشەی هەمیشەیی یۆڤێنتۆس، تیپی یەکەمی یانەکە رووبەڕووی تیپی دووەمی یانەکە دەبێتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی ئەو یارییە دەکات کە یارییەکە لە یاریگەی ڤیلار پیرۆسا ئەنجام دەدرێت و یاریگەکە تەنیا شوێنی پێنج هەزار هاندەر دەبێتەوە، لەکاتێکدا شارۆچکەی ڤیلار پیرۆسا کە یارییەکەی لێ ئەنجام دەدرێت ژمارەی دانیشتوانی 4100 کەسە و کەتوەتە رۆژئاوای شاری تۆرین و ماڵی ماڵباتی ئەنیێلی خاوەنی یانەی یۆڤێنتۆسی لێ دەژیت.

رۆژنامەی تۆرۆ سپۆرتی ئیتالی ئاشکرایکردووە، ماسیمیلیانۆ ئەلێگری بڕیاری داوە لەم یارییە یاریی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پاولۆ دیبالا بکات، بۆیە بەرپرسانی یۆڤی 650 پاسەوانیان دابینکردووە تاکو ئاسایشی یارییەکە بپارێزن و پارێزگاری لە کریستیانۆ بکەن، بۆ رێگەگرتن لەر هەر هاندەرێک بیەوێت لە دۆن نزیکبێتەوە.

کریستیانۆ ئەم هاوینە بەرامبەر 105 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یۆڤێنتۆس کرد و تاکو ئێستا هیچ یارییەکی بە درێسی بیانلۆنێری ئەنجام نەداوە.