ئەو یاریزانانەی بارسێلۆنا لەم هاوینە لە هەوڵی گواستنەوەیاندا شکستیهێنا

سەربوردەی هەوڵە شکستخواردووەکانی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان

K24- هەولێر

شەوی رابردوو دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا داخرا و بارسێلۆنا نەیتوانی هیچ یاریزانێکی نوێ بباتە ریزەکانی و لەم هاوینە تەنیا چوار یاریزانی نوێی کڕی و پێنج یاریزانیشی بەڕێکرد.

لەم هاوینە بارسێلۆنا هەوڵی بۆ کڕینی چەند یاریزانێک دا و زۆرترین دەنگۆی گواستنەوەی یاریزانان لەم هاوینە بەشی بارسێلۆنا بوو، بەڵام لە گواستنەوەی زۆربەیان شکستیهێنا

فیلیپ کۆتینهۆ - هێرشبەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی

بارسێلۆنا چوار ئۆفەری پێشکەشی لیڤەرپوول کرد لەم هاوینە، بەڵام لیڤەرپوول سەرجەمیانی رەتکردەوە و لە دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەرپرسانی لیڤەرپوول داوای 500 ملیۆن یۆرۆیان لە بەرامبەر فرۆشتنی فیلیپ کۆتینهۆ کردبوو.
سەرەتا بەرپرسانی بارسێلۆنا 80 ملیۆن یۆرۆیان پێشکەشکرد، دواتر دوو ئۆفەری دیکەیان بەبڕی 90 ملیۆن و 110 ملیۆن پێشکەشی لیڤەرپوول کرد، بەڵام هەردووکیان رەتکرانەوە.
لە دوایین ساتیش بارسێلۆنا ئۆفەرێكی بەبڕی 160 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لیڤەرپوول کرد، بەڵام ئەو ئۆفەرەش رەتکرایەوە.
گەرچی کۆتینهۆ بەبیانووی پێکان و نەخۆشییەوە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بەشداریی هیچ راهێنان و یارییەکی لیڤەرپوولی نەکرد و داوای لە یانەکەی کرد بۆ بارسێلۆنا بەڕێی بکەن، بەڵام دواجار هەوڵەکانی سەریان نەگرت و ناچاربوو لە لیڤەرپوول بمێنێتەوە.

فیلیپ کۆتینهۆ
فیلیپ کۆتینهۆ

ئانخێل دی ماریا، ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی

بارسێلۆنا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی نێیمار داوای ئانخێل دی ماریای لە پاریس سانجێرمان کرد و سەرەتا ئۆفەرێکی بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی پی ئێس جی کرد و هەرزوو ئەو ئۆفەرەی لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە رەتکرایەوە.
لە رۆژی کۆتایی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بارسێلۆنا نرخی ئۆفەرەکەی زیادکرد و بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ بەرزی کردەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان ئەو ئۆفەرەشی رەتکردەوە و داوای 80 ملیۆن یۆرۆی کرد، بەرپرسانی بارسێلۆناش ئامادە نەبوون ئەو 80 ملیۆن یۆرۆیە بە دی ماریا بدەن، کە پێشتر لیۆنێل مێسیش داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردبوو هەوڵ بۆ کڕینی دی ماریای یاریزانی پێشووی ریال مەدرید بدەن.

ئانخێل دی ماریا
ئانخێل دی ماریا

پاولۆ دیبالا، هێرشبەر یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی

بارسێلۆنا لە دوایین رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئۆفەرێكی بەبڕی 160 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی یۆڤێنتۆس کرد بۆ کڕینی پاولۆ دیبالا، بەڵام یۆڤێنتۆس ئۆفەرەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە و رەتیکردەوەی دیبالا بفرۆشێت.
لە سەرەتای ئەم هاوینەوە بارسێلۆنا گرنگی بە تواناکانی دیبالا دەدا، بەڵام تاکو دوواین رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هیچ ئۆفەرێكی پێشکەشی یۆڤێنتۆس نەکرد، تاکو سێ رۆژ پێش داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئۆفەرەکەی لەلایەن بارساوە رەتکرایەوە.

پاولۆ دیبالا
پاولۆ دیبالا

مێشێل سێری، ناوەڕاستکاری نیسی فڕەنسی

بارسێلۆنا زۆر نزیکبوو لەم هاوینە مێشێل سێری بباتە ریزەکانی، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا شکستیهێنا.
بارسێلۆنا هەنگاوێک لە گواستنەوەی سیری بەرامبەر ٤٠ ملیۆن یۆرۆ دووربوو، کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بارسێلۆنا نەیتوانی تاکو رۆژی 15ی یۆلیۆ گرێبەستەکەی سێری تەواو بکات، بەرپرسانی یانەی نیسی فڕەنسی داوای پارەی زیاتری لە بارسێلۆنا کرد و ئامادە نەبوو بە 40 ملیۆن یۆرۆ سیری بفرۆشێتە بارسێلۆنا.
بەمەش گواستنەوەی ئەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییە بۆ بلاوگرانا شکستیهێنا.

مێشیل سێری
مێشیل سێری

مارکۆ ڤێراتی، ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی

مارکۆ ڤێراتی ئامانجی یەکەمی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا بوو بۆ ئەوەی بیگوازنەوە ریزەکانی یانەکەیان، بەڵام پاریس سانجێرمان لە هێشتنەویە ڤێراتی لە یانەکەی سەرکەوتووبوو.
بارسێلۆنا لە سەرەتای هاوینەوە لە رێگەی میدیاوە پەساتانێکی زۆری خستە سەر پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی ڤێراتی بفرۆشێت، تەنانەت بەڕێوەبەری کارەکانی ڤێراتی رایگەیاند، ڤێراتی دەیەوێت پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت، بەڵام ڤێراتی داوای لێبوردنی لە یانەکەی کرد و بەڕێوەبەری کارەکانی دوورخستەوە و بەفەرمی مانەوەی خۆی لە پی ئێس جی دووپاتکردەوە.

مارکۆ ڤێراتی
مارکۆ ڤێراتی

تۆماس لیمار، ناوەڕاستکاری مۆناکۆی فڕەنسی

بارسێلۆنا وەکو یەدەگێک بۆ کۆتینهۆ هەوڵی بۆ گواستنەوەی تۆماس لێماری ناوەڕاستکاری مۆناکۆی فڕەنسی دەدا، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیهێنا.
بارسێلۆنا لە دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کاتێک زانی ناتوانێت کۆتینهۆ بکڕێت، هەوڵەکانی بۆ کڕینی لیمار بەگەڕخست، بەڵام مۆناکۆ ئامادە نەبوو ئەو یاریزانە لاوەی بفرۆشێت و ئۆفەرەکانی بارسێلۆنا و لیڤەرپوول و ئارسێناڵی بۆ فرۆشتنی لیمار رەتکردەوە.

تۆماس لیمار
تۆماس لیمار

لۆرێنزۆ ئینسینی، هێرشبەری ناپۆلی ئیتاڵی

بارسێلۆنا ئۆفەرێکی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ناپۆلی کرد بۆ ئەوەی لۆرێنزۆ ئینسینی بکڕێت و بیباتە ریزەکانی.
لە رۆژەکانی کۆتایی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، بارسێلۆنا ئۆفەرێكی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ناپۆلی ئیتاڵی کرد بۆ ئەوەی لۆرێنزۆ ئینسینی لەو یانە ئیتاڵییە بکڕێت، بەڵام ناپۆلی راستەوخۆ ئۆفەرەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە و رەتیکردەوە ئامادە بێت دەستبەرداری ئینسینی بێت.

لۆرێنزۆ ئینسینی
لۆرێنزۆ ئینسینی

هێکتۆر بێیێرین، بەرگریکاری ئارسێناڵی ئینگلیزی

هێکتۆر بێیێرین یەکێکی دیکەبوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا، بەڵام بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە نەیانتوانی ئەم یاریزانەش بکڕن.
بێیێرین کە پێشتر لە تیپی لاوانی بارسێلۆنا یاریی کردووە و قوتابی قوبخانەی لاماسیا بووە و دواتر پەیوەندی بە ریزەکانی ئارسێناڵ کردووە، لەم هاوینە چەند جارێک لەلایەن بارسێلۆناوە داواکرا و بلاوگرانا هەوڵی دا بیگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام بارسا ئامادە نەبوو 50 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر کڕینی بێیێرین بدات، کە ئارسێناڵ داوای دەکرد، بەمەش نەیتوانی ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە بکڕێت و لەبری ئەو، نێلسۆن سێمیدۆی بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ لە بێنفیکای پۆرتوگاڵی کڕی.

هێکتۆر بێیێرین
هێکتۆر بێیێرین