محەمەد سەڵاح لەبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەمڕۆ و سبەی بەڕۆژوو نابێت

سبەی لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ لیڤەرپوول و ریال مەدرید بەیەکدەگەن

محەمەد سەڵاح لەبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دوو رۆژ بەڕۆژوو نابێت.
ماڵپەڕی بەناوبانگی لیڤەرپوول ئیکۆ کە لە یانەی لیڤەرپوولەوە نزیکە بەگوێرەی سەرچاوەیەکی لەناو یانەی لیڤەرپوولەوە ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە سەڵاح بەڕۆژوو نابێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریی بکات، کە وابڕیارە سبەی شەممە کاتژمێر 21:45 لیڤەرپوول و ریال مەدرید لە کیێڤ بەیەکتری بگەن.
پێشتر رۆژنامەی (میسری ئەلیەوم) وا بڵاویکردبووەوە کە سەڵاح لە رۆژی یاریی کۆتاییش بەڕۆژوو دەبێت، بەڵام ماڵپەڕی لیڤەرپوول ئیکۆ رایگەیاندووە، سەڵاح رازی بووەوە بەوەی ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە بەڕۆژوو نەبێت و دواتر رۆژووەکانی بگرێتەوە، کە ئەمڕۆ نۆیەم رۆژی رەمەزانە و هێرشبەرە موسڵمانەکەی لیڤەرپوول هەشت رۆژی لەم مانگەدا گرتووە.