یوفا سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەدات

رەنگە یاری داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەشداریی نەکات

K24 – هه‌ولێر:

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، ئەگەری هەیە بەشداریی یاری داهاتووی یانەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی Independentی بەریتانی، یوفا نیازی هەیە رۆناڵدۆ بەهۆی ئاهەنگێڕانی نەشیاوی لە یارییەکەی نێوان یۆڤانتۆس و ئەتلەتیکۆ مەدرید کە تیایدا یۆڤی بە سێ گۆڵ سەرکەوتوو بوو سزا بدات.

پێش رۆناڵدۆ و لە یاری چووندا، راهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، دیەگۆ سیمۆنی هەمان کاردانەوەی بەرامبەر بە هاندەرانی یۆڤانتۆس کردبوو.

یوفا لە راگەیندراوێکدا نووسیویەتی: "دۆسییەی پێشێلکردنی یاساکانی رەوشت بۆ یارییەکەی نێوان یۆڤانتۆس و ئەتلەتیکۆ مەدرید کراوەتەوە کە لە 12ی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەچووە".

یوفا تەنها 18 هەزار پاوەند سزای راهێنەری ئەتلەتیکۆی دا، بەڵام هێشتا سزای رۆناڵدۆی نەداوە، یۆڤیش هیواخوازە، سزاکەی بە پارە چارەسەر بکرێت.