ئاگادارن ئینگلتەرا له‌ مۆندیالی 2018 تاکتیکی خۆی گۆڕیوە؟

ئینگلتەرا بەتامێکی جیاواز

چێنەر عەبدولقادر

ئاگادارن ئینگلتەرا تاکتیکی خۆی گۆڕیوە؟ دەزانن دوای دەیان ساڵ خەریکە واز لە 4ـ4ـ2 و یاری خێرا دێنن، ئەگەری ھەیە ئەم جامی جیھانیەش وەکو دووانەکەی پێشوو کاریگەری گواردیۆلای لەسەر تیپی پاڵەوان ھەبێت!

ئینگلزەکان بەوە ناسراون کە بە ئاسانی واز لە کلتوری خۆیان ناھێنن، لەتۆپی پێشدا بە ھەمان شێوەن، بەڵام دوای زیاتر لە 50 ساڵ شکستی بەردەوام و لە جامی جیھانیدا ئینگلتەرا شێوازی یاریکردنی گۆڕی، ئەمە بوو بەمێژوو کە لە جامی جیھانی 2018ـی روسیادا، ئینگلتەرایەکی جیاوازمان بینی، پێشتر ھەڵبژاردەی سێ شێرەکە ھەردەم بە پێکھاتەی 4ـ4ـ2 یاریان دەکردن و یاری خێرا و تۆپی درێژمان دەبینی، ھەمان شێوازی یاریکردنی پرێمەرلیگ بوو لە ھەڵبژاردەکە رەنگی دابووەوە، گەورەترین کێشەی ھەڵبژاردەکە لە بەرامبەر تیپە گەورەکان بوو کە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگایان لەدەست دەدا.

گاری ساوزگەیت راهێنه‌ری ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند بە ھاوکاری ستیڤ ھۆلاند (یاریدەدەری کۆنتی بوو لە چێڵسی) پێکھاتەی ھەڵبژاردەکەیان کرد بە 3ـ5ـ2 بەم شێوازە ئینگلتەرا دەیەوێت سەرەتا تۆپ لەلای تیپەکەی بھێڵێتەوە دەیەوێت بەرگریکارەکانی لەدواوە یاری بەتۆپ بکەن، بێگومان بە ھاوکاری جۆن ستۆنز و کایل واڵکەر کە لە مان سیتی بە ھەمان شێوە یاری دەکەن، لە یاری پیرۆ واڵکەر 107 پاس و ستۆنز 96 پاسیان داوە! لە مێژووی ئینگلتەرا پێشتر ئەمە روینەداوە بۆ بەرگریکار، ئەوەی نیوەی چیرۆکەکە نیوەکەی تری ئەوەیە زۆترین تۆپ لەناوەراستدا بمێنێتەوەو ھەموو تیپ بەیەکەوە بچنە پێشەوە بۆ ھێرشبردن، ھەر بۆ زانیاریتان گۆڵەکەی لینگارد دوای پاساتێکی زۆری نێوان یاریزانانی ئینگلتەرا دروستبوو.

راستە ئینگلتەرا دوو یاری ئاسانی کرد بەرامبەر توونس و پەنەما، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێی بایەخە گۆڕینی ستایلیی یاریکردنەوە، بێگومان ئەم گۆڕانکاریەش لەخۆیەوە نەھات، گواردیۆلا لەگەڵ مان سیتی 2 وەرزە یاری جیاواز پێشکەش دەکات، ئەمەش کاریگەی ھەبوو لەسەر یانەکانی تر بۆ ئەوەی ئەوانیش بە 3 بەرگریەوە یاری بکەن تاکو کۆنتڕۆلی تۆپی لێبسەننەوە، ئەوەبوو وایکرد مان یونایتد و تۆتنھام و ئارسناڵ و چەنین یانەی تر بە 3 بەرگری یاری بکەن! لەبیرشیمان نەچێت کۆنتی پێش گواردیۆلا ٣ بەرگری بەکار ھێنا بەڵام ئەوەی چێڵسی زیاتر بە بەرگری و ھێرشی ھەڵگەرابوەبوو نەک کۆنتڕۆلی تۆپ.

لە کۆتاییدا بە بیرتان دێنمەوە کە 2010 گواردیۆلا لە بەرسەلۆنەبوو ئیسپانیا جامی جیھانی برد، لە 2014 گواردیۆلا لە بایرن بوو ئەڵمانیا جامی جیھانی برد، ئێستا 2018 یەو گواردیۆلا لە مان سیتی! ناڵێم ئینگلتەرا جامی جیھانی دەبات، بەڵکو تەنھا دەڵێم سیستەمێکی تازەی پێشکەش ھەڵبژاردەکە کردوە لەگەڵ یاریزانی پێویست و کە جێبەجێ بکەن، بابزانین تاکوێ دەڕۆن!