رۆژی شەممە ئەستێرەکانی جیهان لە بەسرە رووبەڕووی ئەستێرەکانی عێراق دەبنەوە
K24- هەولێر
رۆژی شەممە ئەستێرەکانی جیهان لە یارییەکی دۆستانە و نمایشکاریدا رووبەڕووی ئەستێرەکانی عێراق دەبنەوە.
بەبۆنەی کردنەوەی یاریگەی شاری وەرزشی بەسرە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەستێرەکانی جیهان یارییەکی دۆستانە و نمایشکاری لەگەڵ ئەستێرەکانی عێراق ئەنجام دەدان، بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێ دەکرێت ئێوارەی سبەی پێنجشەممە شاندی ئەستێرەکانی جیهان بگەنە بەسرە و ئامادەکاریی بۆ یارییەکەی شەممە بکەن.
یاریگەی شاری وەرزشی بەسرە کە بەشێکە لەو شارە وەرزشییەی لە بەسرە درووستکراوە، زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری تێچووە و بە چوار ساڵ لە ماوەی 2009 تاکو 2013 دروستکراوە.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە شێوەیەکی کاتی ئابڵوقەی وەرزشی لەسەر هەولێر و بەسرە هەڵگرت و دەتوانرێت میوانداریی یارییە نێودەوڵەتییەکان بکەن.
لیستی هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی جیهان: دیدا - راهێنەر، ڤیکتۆر بایا، مارکۆ ماتێرازی، خاڤیێر زانێتی، مێشێل سەڵگادۆ، بیلێتی، لویس گارسیا، ئێدمیڵسۆن، رۆبێرت پێرێس، گێلبەرتۆ سێلڤا، ئێدگار داڤیدز، پاتریک کلۆیڤێرت، ریڤاڵدۆ، کریسپۆ، دوایت یۆرک، رایان گیگز، فابیان بارتێز.