رۆژی هەینی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوە دەچێت

بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24

رۆژی هەینی حەوتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە دەچێت و کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی ماراسۆنەکە دەکات.

رۆژی هەینی داهاتوو 2018/10/26 ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر لە ژێر درووشمی (ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی) لە هەولێر بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت دەیان راکەری بیانی بەشداریی ئەم ماراسۆنە بکەن، کە حەوتەمین ساڵە لە کوردستان دەکرێت.

ماراسۆنەکە لە سێ پێشبڕکێ پێکدێت، پێشبڕکێی 42 کیلۆمەتری لە شەقامی 60 مەتری ئەنجام دەدرێت، دوو پێشبڕکێی دیکەش لە دەوری پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە 12 کیلۆمەتری و 4 کیلۆمەتری بەڕێوە دەچێت. خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی پێشبڕکێی 42 کیلۆمەتری و 12 کیلۆمەتری خەڵاتی تایبەتیان پێدەدرێت و بڕێک پارە وەردەگرن.

ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوامە
ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوامە

عەبدولستار یونس، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن کە سەرپەرشتی ماراسۆنەکە دەکات، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند 'زیاتر لە چوار هەزار کەس تاکو ئێستا ناوی خۆیان تۆمارکردووە و تاکو ئێستا دەیان راکەری بیانیش لە وڵاتانی جیاجیا ناوی خۆیان تۆمارکردووە و رۆژی هەینی بەشداریی ماراسۆنەکە دەکەن، تەنانەت بەشێکیان گەیشتوونەتە هەولێر'.

رۆژی هەینی بەهۆی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەشێکی شەقامی 60مەتری بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دادەخرێت و ئامادەکاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە کراوە.

درێسی تایبەت بە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەکراوە
درێسی تایبەت بە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەکراوە