پێشمەرگەی سلێمانی لە خولی پلە یەکی عێراق دەکشێتەوە

K24- هەولێر

پێشمەرگەی سلێمانی بەهۆی 'نەبوونی گرێنتی سەلامەتی یاریزانان و بێ منەتی سەرپەرشتیارانی خولەکە' لە خولی پلە یەکی عێراق دەکشێتەوە.

دوای ئەوەی پێشمەرگەی سلێمانی لە هەولێر بە ئەنجامی 1-2 بە غازی باکوور دۆڕا و نەیتوانی سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق یەکلابکاتەوە، لە کاتێکدا بە بەرامبەربوونی سەرکەوتنی مسۆگەر دەبوو، یانەکە بڕیاری داوە لە خولەکە بکشێتەوە و سبەی پێنجشەممەش یانەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتر پرێس کۆنفرانسێک ساز دەکات.

وسام محەممەد، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە بەغداوە بە کوردستان24ی راگەیاند 'سەرپەرشتیارانی خولی پلە یەکی عێراق پێیان راگەیاندین رۆژی 30ی ئەم مانگە یاریتان هەیە و رۆژی 2ی مانگی داهاتووش یاریتان هەیە، هەروەها رەتیان کردەوە هیچ گرێنتییەک بۆ سەلامەتی یاریزانەکانمان بدەن، ئێمەش لە بەرامبەر بێ منەتی ئەوان بڕیارمان دا لە خولەکە بکشێینەوە و سبەی لە پرێس کۆنفرانسێک روونکردنەوەی زیاتر دەدەین'.

پێشمەرگەی سلێمانی هێشتا هیوای سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە نایابەکان ماوە و لە قۆناخی کۆتایی خولی یانە پلە یەکەکاندا لەگەڵ سێ یانەی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق رکابەریی دەکات، بۆ ئەوەی دوا بلیتی سەرکەوتن بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق بەدەست بهێنن، بەڵام یانەکە بڕیاری داوە پاشەکشە لە خولەکە بکات.