سبه‌ی له خولی نایابی كوردستان گه‌ڕێكی ئاگرین به‌ڕێوه‌یه
له گه‌ڕی 24ـی خولی نایابی كوردستان ئێواره‌ی سێشه‌ممه سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه له كاتژمێر 3:00ـی ئێواره به‌رێوه ده‌چن، له یاری لوتكه دوو پێشمه‌رگه‌كه‌ی كوردستان به یه‌ك ده‌گه‌ن، نه‌ورۆز و ئاراراتیش دوایین هه‌وڵی خۆیان بۆ ململانێكردنی ناسناوه‌كه ده‌ده‌ن، چونكه هێشتا تروسكایه‌كیان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه ماوه و هه‌ردووكیان چاوه‌ڕێی شكستی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی لوتكه ده‌كه‌ن
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له یاریگه‌ی خۆی پێشوازی له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانی به سه‌ركردایه‌تی یاسین مه‌ناف له باشترین بارودۆخی خۆیاندان، له كۆی حه‌وت یارییش شه‌ش یارییان بردۆته‌وه، بۆ ئه‌م یارییه ده‌یانه‌وێت درێژه به‌سه‌ركه‌وتنه‌كان بده‌ن و پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌ش بۆ گه‌رێكی دیكه دوابخه‌ن.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، نزیكترین یانه‌یه بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه، ئه‌گه‌رچی ركابه‌ره‌كانی هێشتا هیوایه‌كیان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه له‌ده‌ستنه‌داوه، بۆیه سه‌میر بابۆ ده‌یه‌وێت به بردنه‌وه له‌م یارییه خۆی بۆ ئاهه‌نگی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه له هه‌فته‌ی داهاتوو له نێو یاریگه‌ی خۆی ئاماده بكات، هه‌رچه‌ند تیپه‌كه‌ی بابۆ له پێشه‌وه تۆقێنه‌رن، به‌ڵام ئه‌ركیان ئاسان نابێت بۆ ئه‌م یارییه.
نه‌ورۆز و زێره‌ڤانی یاری سارێژی برینه‌كانیان ده‌كه‌ن
نه‌ورۆز له یاریگای خۆی میوانداریی زێره‌ڤانی ده‌كات، نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی به راهێنه‌رایه‌تی پرسیار عه‌بدولره‌زاق بۆ ئه‌م یارییه ده‌یه‌وێت خۆی له شكست بپارێزێت و ده‌یه‌وێت تا دوایین سات ململانێی نازناوه‌كه بكات به هیوای ئه‌وه‌شه ركابه‌ره سه‌ره‌سه‌خته‌كه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێره شكست به‌شیبێت، نه‌ورۆز بۆ ئه‌م یارییه له كێشه‌دایه دوو باشترین یاریزانی به‌هۆی كارتی سووره‌وه سڕكراون كه پێكهاتوون له ئاسۆ رۆسته‌می هێرشبه‌ر و هاوكار له‌تیفی به‌رگریكار.
له به‌رامبه‌ردا زێره‌ڤانی یه‌كێك له خراپترین وه‌رزی خۆی له‌مساڵدا به‌ڕێده‌كات، هه‌رگیز سلێمان ره‌مه‌زان وا به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری نازناوه‌كه نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م وه‌رزه هه‌موو هه‌وڵه‌كانییان بێسوودبووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نوێنه‌ره‌كه‌ی دهۆك ده‌یه‌وێت به بردنه‌وه‌ی له نه‌ورۆز شكۆ و گیانی بردنه‌وه بۆ تیپه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه و نه‌ورۆزیش به یه‌كجاری له بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه بێبش بكات.
زاخۆ ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی هه‌ولێر، له برایه‌تی بكاته‌وه
زاخۆ له یاریگای خۆی میوانداریی برایه‌تی ده‌كات، هه‌موو هیوای زاخۆییه‌كان مانه‌وه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ئامانجه‌یان نه‌پێكاوه و په‌یتا په‌یتا ركابه‌ركانی لێی نزیكده‌بنه‌وه، بۆیه به‌هه‌ر نرخێك بێت زاخۆ له‌م یارییه شه‌ڕی 3 خاڵی یارییه‌كه ده‌كات، چونكه به‌بردنه‌وی به رێژه‌یه‌كی زۆر مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات.
برایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی فاتح حه‌مه‌خان بۆ راهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كه، ئاستی برایه‌كی گه‌یشتۆته لوتكه و تاكه یانه له قۆناخی دووه‌م 19 خاڵی كۆكردۆته‌وه ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م یانه‌كان، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه ئه‌ركیان ئاسان نابێت، چونكه زاخۆ له نێو یاریگه‌ی خۆی تیپێكی مه‌ترسیداره، جیا له‌وه‌ش برایه‌تی به‌هۆی كارتی سووره‌وه له تواناكانی دیلان سۆرانی ناوه‌راستكاری یانه‌كه بێبه‌ش ده‌بێت.
ئارارات به كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه باوه‌ش بۆ شێروانه ده‌كاته‌وه
ئارارات له به‌رزاییه‌كانی پیرمامه‌وه باوه‌ش بۆ شێروانه‌ی میوانی ده‌كاته‌وه، تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د هیوایه‌كی كه‌می بۆ برنه‌وه‌ی نازناوه‌كه ماوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌م یارییه پێكهاته‌ی ئارارات له كێشه‌دایه، به‌وپێیه‌ی به‌هۆی پێكانه‌وه له توانای 6 یاریزانیان بێبه‌شن و جگه له‌وه‌ش دلۆڤان شینۆ و هێمن فواد به كارتی ره‌نگاوره‌نگ بۆ ئه‌م یارییه دوورخراونه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا شێروانه به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه رووی له پیرمام كردووه، به‌تایبه‌تی گه‌ڕی رابردوو دوای نزیكه‌ی 100 رۆژ له یاریگای خۆی بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ریانبوو نه‌ما، وه‌لید محه‌مه‌د به دروستكردنی په‌یوه‌نده‌كی باش و دۆستانه له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان توانیه‌تی ئاستی یانه‌كه به‌رز بكاته‌وه، له‌و بارودۆخه‌ی سه‌ره‌تای خول تێیدابوون رزگاریان بكات.
ئاكرێ به‌بێ هیچ فشارێك رووبه‌ڕووی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه
ئاكرێ له یاریگای خۆی میوانداریی هه‌ولێر ده‌كات، ئاكرێ به‌ر له هه‌موو یانه‌یه‌ك و پێش چوار گه‌ڕ له كۆتایی هاتنی خوله‌كه بارگه‌ی خۆی له نایاب پێچایه‌وه و ماڵئاوایی له خوله‌كه كرد، به‌ڵام ئاكرێ ده‌یه‌وێت بۆ مێژوو گورزێك له هه‌ولێر بدات و بینووسێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا هه‌ولێر له‌به‌رده‌م یارییه‌كی چاره‌نووسسازدایه، چونكه به بردنه‌وه مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر ده‌كات و به دۆڕانیشی مه‌ترسییه‌كانی دابه‌زینی زیاد ده‌كه‌ن، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر له‌و یاریگایه چیمه‌نه‌كه‌یه‌تی، كه به ئاسانی یاریزانه‌كان ناتوان تۆپ ئاڵوگۆربكه‌ن هه‌ولێر 24 خاڵی هه‌یه و پله‌ی سێزده‌یه‌م به‌شیه‌تی.
هه‌ندرێن و دهۆك له پایته‌خت به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ندرێن له یاریگای خۆی میوانداریی دهۆك ده‌كات، هه‌ندرێن به راهێنه‌رایه‌تی دڵشاد مه‌عرووف له قۆناخی دووه‌م ئاستیان به‌ره‌و دابه‌زین چووه، به جۆرێك له كۆی 10 یاری 9 خاڵیان كۆكردۆته‌وه، هه‌موو هه‌وڵی هه‌ندرێنییه‌كان بۆ ئه‌م یارییه بردنه‌وه‌یه، چونكه هێشتا مانه‌وه‌یان له خوله‌كه مسۆگه‌ر نییه.
له به‌رامبه‌ردا وه‌رزی ئه‌مساڵ بۆ یانه‌ی دهۆك كۆتایی هاتووه، له ململانێی خوله‌كه دووركه‌وتۆته‌وه و مانه‌وه‌شی مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه هه‌رمان ساڵح راهێنه‌ری دهۆك به ده‌سخستنی 3 خاڵی یارییه‌كه هه‌وڵی ریزبه‌ندی پێشه‌وه ده‌دات، به‌ڵام كیشه‌ی سه‌ره‌كی زه‌ردپۆشه‌كانی دهۆك ناجێگیری ئاستی تیپه‌كه و له قۆناخی دووه‌میش رووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه.
گازی باكوور شه‌ڕی مانه‌وه له دژی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات
ده‌ربه‌ندیخان بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گازی باكوور گه‌شتی كه‌ركووكی كردووه، گاز له دوایین 11 یاری له خوله‌كه ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و بۆ ئه‌م یارییه جگه له 3 خاڵی یارییه‌كه هیچ ئه‌نجامێكی دیكه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دانییه، ئه‌گه‌ر بدۆڕێش ئه‌وا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر هه‌گبه‌ی خۆی بۆ دابه‌زین ده‌پێچته‌وه، بۆیه عیماد قادری راهێنه‌ری گازی باكوور ئه‌گه‌ر له‌م یارییه به وریایه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندییه‌كان نه‌كات له كۆتاییه‌كه‌ی به قورسی باجه‌كه‌ی ده‌دات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ده‌ربه‌ندیخان میوانه به‌هێزه‌كه‌ی خولی نایابی كوردستان، هه‌موو لایه‌كی به ئاست و ئه‌نجامه‌كانی سه‌رسام كردووه، به‌ڵام ئه‌م تیپه له‌م وه‌رزه شێری نێو یاریگه‌ی خۆی و رێوی ده‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام هۆگر عه‌بدوڵڵای راهێنه‌ری ده‌ربه‌ندیخان له‌م یارییه هه‌وڵده‌دات ئه‌مجاره ئه‌م سنووره تێپه‌ڕێنێت و له ده‌ره‌وه‌ش ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بگێرێت.