به وێنه... له وه‌رزی نوێ ململانێی شكاندنی 10 ریكۆرد ده‌ستپێده‌كات
دوای ئه‌وه‌ی نێیمار دا سیلڤا له بارسێلۆنا به گرێبه‌ستێكی گرانبه‌ها روویكرده یانه‌ی پاریس سانجێرمان بووه یه‌كه‌مین یاریزان له مێژوودا كه به‌های گرێبه‌سته‌كه‌ی بكاته 222 ملیۆن یۆرۆ، به‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی نوێی تۆمار كرد و ریكۆردی پۆڵ پۆگبا شكاند كه هاوینی 2016 له یوڤێنتۆسه‌وه روویكرده مانچێسته‌ر یونایتد، به‌ڵام هێشتا شه‌ڕی شكاندنی ریكۆرده‌كان گه‌رمه و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوله به‌هێزه‌كانی ئه‌ورووپا له ئێستاوه ململانێ له‌سه‌ر شكاندنی دیارترین 10 ریكۆرد ده‌كرێت.
1ـ ئارسن ڤینگه‌ر، راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی ئارسێناڵ، دوای ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ دوو ساڵی دیكه له‌گه‌ڵ تۆپوه‌شێنه‌كانی له‌نده‌ن درێژ كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی مانه‌وه‌ی له ساڵی داهاتوو درێژ بكات، ده‌بێته یه‌كه‌مین راهێنه‌ر كه زۆرترین یاری وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌یه‌ك به‌ڕێوه بردووه و ریكۆردی سێر ئه‌لێكس فێرگسۆنی سكۆتڵه‌ندی له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد ده‌شكێنێت.
2ـ ئالان شیره‌ر، هێرشبه‌ری پێشووی یانه‌ی نیوكاسڵ یونایتد، تاكه یاریزانه له مێژووی پرێمه‌رلیگ كه توانیویه‌تی له كۆی 42 یاری، 34 گۆڵ تۆمار بكات، بۆ وه‌رزی نوێ هه‌ڕه‌شه‌ی شكاندنی ریكۆرده‌كه‌ی له‌سه‌ره، به‌و پێیه‌ی وه‌رزی نوێ چه‌ندان هێرشبه‌ری تۆقێنه‌ر له پرێمه‌رلیگ بوونیان هه‌یه، دیارترینیان: (رۆمیلۆ لۆكاكۆ، هاری كین و سێرخیۆ ئه‌گوێرۆ، گابرێل خیسۆسة ئه‌لڤارۆ مۆراتا و ئه‌لێكسانده‌ر لاكازێتی).
3ـ لیۆنێل مێسی، تاكه یاریزانه كه خاوه‌نی زۆرترین گۆڵه له وه‌رزێكدا، به‌وپێیه‌ی له وه‌رزی 2011 ـ 2012 ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له پێشه‌نگی گۆڵكاران گه‌یانده 50 گۆڵ، وه‌رزی رابردووش 37 گۆڵی تۆمار كرد و دیسان بووه گۆڵكه‌ری لالیگا.
دوای رۆیشتنی نێیمار له بارسێلۆنا، ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ مێسی ده‌ره‌خسێنێت كه ژماره‌ی گۆڵه‌كانی زیاتر بكات و دوور نییه ریكۆردی خۆشی بشكێنێت.
4ـ تیری هێنری، تاكه یاریزانه له مێژووی پرێمه‌رلیگ له ته‌نیا وه‌رزێكدا 20 پاسی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دابێت كه گۆڵی لێ به‌رهه‌م هاتووه، ئه‌ویش له وه‌رزی 2002 ـ 2003 بوو، دی برۆین ناوه‌راستی مانچێسته‌ر سیتی 18 پاسی یه‌كلاكه‌ره‌وه و مه‌سعوود ئۆزیل به 19 پاس له وه‌رزه‌كانی 2015 ـ 2016 و 2014 ـ 2015 له پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌م دێن.
5ـ كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی ریال مه‌درید له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگی داهاتوو له كۆی 6 یاری قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان پێویستی به 4 گۆڵه بۆ ئه‌وه‌ی ریكۆردی رائول گۆنزالێزی هێرشبه‌ری پێشووی ریال مه‌درید بشكێنێت كه تاكه یاریزانه له مێژووی چامپیۆنزلیگ كه له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان 53 گۆڵی تۆمار كرد بێت.
6ـ جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێزی یانه‌ی یوڤێنتۆسی ئیتاڵیا، كه پێشبینی ده‌كرێت وه‌رزی داهاتوو دوایین وه‌رزی یاریكردنی بێت، به‌ڵام ره‌نگه پێش ماڵئاواییكردنی له یاریگه‌كان ریكۆردی پاوڵۆ مالدینی كاپتنی پێشووی ئه‌یسی میلان بكشێنێت كه به 647 یاری خاوه‌نی زۆرترین به‌شداریكردنی یارییه‌كانی خولی ئیتاڵیایه، بۆفۆن خاوه‌نی 619 یارییه و پێویستی به به‌شداریكردن له 29 یاری دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ریكۆردی مالدینی بشكێنێت.
7ـ گاریس باری، یاریزانی یانه‌ی ئێڤه‌رتۆنی ئینگلیزی، له وه‌رزی داهاتوو ده‌رفه‌تێكی باشی له‌به‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ریكۆردی رایان گیگز بشكێنێت كه خاوه‌نی زۆرترین به‌شداریكردنی یارییه‌كانی پرێمه‌رلیگه به 632 یاری، له‌وكاته‌ی گاریس باری خاوه‌نی 628 یارییه و ته‌نیا پێویستی به 4 یاری دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێش گیگز بكه‌وێته‌وه.
8ـ دانی ئالڤێس، له‌گه‌ڵ یانه نوێیه‌كه‌ی ته‌نیا پێویستی به یه‌ك ناسناوی دیكه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ریكۆرده‌كه‌ی به‌گه‌ڵ ماكسوێلی هاونیشتیمانی یه‌كسان بكاته‌وه.
ماكسوێل له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ئه‌یاكس، ئینته‌ر میلان، پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا 37 ناسناوی بردۆته‌وه، له به‌رامبه‌ردا، دانی ئالڤێس له‌گه‌ڵ یانه‌كانی، سێڤییا، بارسێلۆنا و یوڤێنتۆس هه‌ڵگری 36 ناسناوه.
9ـ سێرخیۆ رامۆس، خاوه‌نی دووه‌م ره‌شترین ریكۆرده له مێژووی لالیگا، به‌وپێیه‌ی 145 كارتی زه‌رد و 17 كارتی سووری به درێژایی مێژووی لالیگا وه‌رگرتووه كه ده‌كاته 162 كارت، له به‌رامبه‌ردا ئالبێرتۆ گارسیای یاریزانی پێشووی دیپۆرتیڤۆ به 169 كارت پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه.
10ـ یانه‌ی مۆناكۆ، دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی رابردوو به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام به‌رامبه‌ر یانه‌ی تۆڵۆز بووه دووه‌مین یانه كه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین زنجیره‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كه له لیگ وه‌نی فره‌نسا (13) بردنه‌وه.
یانه‌ی مۆناكۆ له یاری داهاتوو پێویستی به یه‌ك سه‌ركه‌وتنی دیكه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ریكۆردی یانه‌ی بۆردۆ بشكێنێت كه به 14 یاری خاوه‌نی زۆرترین زنجیره‌ی سه‌ركه‌وتنه له خولی پله‌یه‌كی فره‌نسا.