لێدان لە خەونی کورد؟

Kurd24

ئەو تاوان و تیرۆرەی بەرەبەیانی ڕۆژی 2015/8/1 لە زارگەلی ڕووی دا، شتێکی نوێ نییە و پەیوەندیی بە هەبوونی پەکەکەوە نییە.
تاوانێکە دووبارەکردنەوە و سەدبارەکردنەوەی تاوانەکانی ترە، لە گەلی زیلانەوە تا دەرسیم، ئاگری، کورتەک و تاکو ڕۆبۆسکێ. گرینگ نییە بۆ ئەوان سەرهەڵدێر و بەرگریکار هەبن، کورد کاتێک دەنگ نادەن و نابن بە داردەست، کارێکە بۆ ئەوان یەک واتای هەیە، «کوردە ناپاکەکە سەری هەڵبڕی». ئەوە پاشخان و هەڵسوکەوتی سیستەمی دەسەڵاتدارییە لە تورکیا، لەو دەمەوە عوسمانییەکان هاتوون تاکو ئێستا. لەو دەمەوە سەرکوتکردن و تواندنەوەی ئەوانی تر بنەمای کاریانە. بێ ئەو کارە قرێژە هەست بە نادڵنیایی دەکەن.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا بێت، ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکەی زارگەلی، تەنیا لە ڕۆژێکدا، 80 فڕۆکەی تورکیا زۆرتر لە سەد ئامانجیان بەسەر کردووه‌تەوە. هەر ئەو ئاژانسە ناوبراوە نووسیویەتی، تاکو ئێستا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا 260 کەس کوژراون و 400 کەسیش بریندار بوون. ئەو قوربانییانە زۆر کەمیان گەریلای پەکەکە بوون.
بەڵام کاتێک هەفتەی ڕابردوو گەریلاکانی پەکەکە لەسەر ڕێگەی دەرسیم کەمین دادەنێن و ماوەیەکی باش بۆ خەڵکەکە قسە دەکەن، پاشان بارهەڵگری دەوڵەت دەسووتێنن، فڕۆکەی تورکیا ناتوانێ هیچیان لێ بکات.
فڕۆکەی تورکیا لەوێ هیچی لەگەڵ پەکەکە بۆ ناکرێت، بەڵام لە کورتەک و زارگەلی دەتوانێ گوندنشینان بکوژێت.
میدیاکانی ئەوروپایش، بەشێکی زۆریان باس لە تاوانەکانی تورکیا دەکەن، باس لەوە دەکەن کە ساڵی 2011یش لە کورتەک، بە بیانووی هێرشکردنە سەر پەکەکە، حەفت سەرخێزانیان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەناو برد.
پاش ڕووداوەکەی زارگەلی، دەسەڵاتدارانی تورکیا باسیان لە لێکوڵینەوە دەکرد سەبارەت بە ڕووداوەکە.
لێکۆڵینەوە لە «کورد کوشتن، لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە!».
گەلۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کورتەک و ڕۆبۆسکێ بە چی گەیشتن؟
بێگومان بە هیچ ناگات، چونکە خوێنی کورد لەوە هەرزانترە لە ڕژاندا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.
هیچ میللەتێک نییە وەکو کورد خوێنی خۆی بەلاوە بەردەوام هەرزان و زۆرجاریش بێ نرخ بێت.
ئاخر هەموو میللەتێک خۆی بەرپرسە لە نرخی خوێنی خۆی.
بەرگریکردنی کورد بەرانبەر بە داعش، شۆکێکی گەورە بوو بۆ تورکیا. سەرکەوتنی هادەپیش لە هەڵبژاردنەکان و بوون بە ئاستەنگ لە ڕێگەی بوون بە «سوپەر سەرۆکی» ئەردۆگاندا هۆکاری ئەم شەڕ هەڵگیرساندنەن لە دژی کورد.
بەڵام بۆ تورکیا خەمێکی تر هەیە، خەمێک لەو هۆکارانە گەورەترە، خەمی ئەوەی کورد لەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتدا ببێت بە «شتێک».
تورکیا نەک هەر ئێستا، بەردەوام لە خەمی ئەوەدا بووە ڕێ لەبەر بەشتبوونی کورد بگرێت.
کاتێک کریارەکانی تورکیا دەبینم، وای بۆ دەچم تاوانگەلێکن کە بۆ لێدان لە خەونی کورد دەکرێن. لێدان لە هەموو کورد.
بەڵام دەیشپرسم، ئایا کورد خەونی هەیە؟
میللەتێک خەونی هەبێت، خەونی گەورە، ئەوەندە بەئاسانی دەکرێ هێرشی بکەنە سەر و بیکوژن؟
میللەتێک خەونی هەبێت لەبری ئەوەی هەست بە مەترسیی زلهێزی وەکو ئێران و تورکیا بکات، هێزەکانی دەبن بە دوژمنی سەرسەختی یەکتر؟
میللەتێک خەونی هەبێت، بەو جۆرە سەرقاڵی یەکتر سووککردن دەبێت؟
میللەتێک هەموو کەناڵ و بوارەکانی بۆ زیانی خۆی و کەمەرشکاندنی خۆی خستبێتە گەڕ، خەونی هەیە؟
نەخێر باوەڕ ناکەم هەیبێت، گەر هەیبا، سەدانە ساڵە تورکیا و ئێران نەیاندەتوانی بەو شێوە ناجۆر و نامرۆڤانەیە گەمەی پێ بکەن.