نهێنی پەسەندکردنی بودجە و دیپلۆماسییەتی مەسرور بارزانی

Kurd24

بودجەی 2021 ببوو بە بابەتی گەرمی میدیا و  مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؛ ئەمەش پەرۆشی بەڕێز مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت دەردەخات لە گرتنەبەری هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ دابینکردنی بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێم.

روونبوو کە پرۆسەی دانووستاندن لە بارەی بودجە و پشکی کوردستان کاتخایەن و درێژمەودا بوو، هەروەها ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەی سیاسیی زۆریشی خرابووە بەردەمی!

رێزدار مەسرور بارزانی هەر لە دەسپێکی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران ژیرانەو دەوڵەتمەدارییانە و توانی بە بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی چ لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی، یا لەسەردەمی ئێستای کازمی، بێ ماندووبوون و وچان، جەنتڵمانانە هەنگاو بە هەنگاو سەرەدەری و ئیدارەی ئەو پرۆسەیە بکات.

بەڕێزیان هەر زوو شاندێکی حکومی بۆ ئەو مەبەستە دروستکرد، مەلەفی بودجە لە وردەکاری فەنی و یاسایی و پەیوەست بە داهاتی نەوتی و نا نەوتی خستە دەست شاندەکە و بە بەردەوام رێنوێنی دەکردن.

نهێنی پەسەندکردنی بودجە چی بوو؟

کاک مەسرور بارزانی پشتبەست بەو هۆکارانەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەدەم، کلیلی چارەسەری کێشەی بودجە و پیاوی سەرخستنی پرۆسەکەبوو:

1. کاک مەسرور بارزانی بە بەردەوام، بە ئاشکراو نائاشکرا لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا، بۆ کردنەوەی گرێکان.

2. شاندی حکومەت، لە هه‌ر خاڵێکدا لە گفتوگۆکان بگەیشتبایە بنبەست، لەوێدا کاک مەسرور بارزانی شیانی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی دەخستەگەڕ و چارەسەری دەکرد.

3. مەسرور بارزانی قورسایی و پێگەی سیاسی و دەوڵەتداری خۆی هەیە، لەلایەن بەڕێز کازمی و لایەنە سیاسییەکان جێگەی رێز و تەقدیر بووە، قسەکانی بەهەند وەردەگیرا، ئەمەش باری شاندی حکومەتی یەکجار سووک کردبوو لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا و ئامانجی دانوستاندنەکەی بەدیهێنا.

4. مەسرور بارزانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە دەرەکییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمه‌ریکی و ئەوروپی و نێونەتەوەیی خستبووە خزمەت سەرخستنی پرۆسەی دانووستاندنەکە.

هەمیشە لە پەیوەندییەکان و دیدارەکانی لەگەڵ ئەو لایەنانە پێداگری لە پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی گەلەکەی دەکردەوە. لە لایەکیترەوەش داوای دەکرد ئەو وڵاتانە رۆڵی خۆیان لە فشار کردن بۆ سەر ئەو لایەنانەی کە ئاستەنگ دەخەنە پێش دانوستاندنەکە ببینن. ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەی سیاسی بۆ شاندی حکومەت سەرۆکی شاندەکە دەستەبەر کرد.

5. مەسرور بارزانی لێهاتووانە توانی ئامانجی گەورەتر لە پشت  سەرخستنی دانووستاندن و پەسەندکردنی پشکی هەرێم وەدیبهێنێت، ئەویش بریتی بوو لە پاراستنی کیانی دەستووری هەرێمی کوردستان. رێگەی نەدا خەونی ناحەزان چ لە ناوخۆ یاخود لە دەرەوە لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێتە دی، چونکە پەسەندکردنی پشکی هەرێم لەسەر واقیعی ئێستای جوگرافی هەرێم بووە؛ نەک لەسەر بنەمای پارێزگاکان.

6. مەسرور بارزانی توانی لەسەر ئەو بابەتە و بابەتی تریش وەک ناوچە دابڕێنراوەکان، پێگەی مفاوزی کورد لە بەغدا توند بکاتەوە. پەسەندکردنی پشکی هەرێم و رێککەوتنامەی شەنگال دوو بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی جەنابیان لەمەڕ پرسە نیشتمانی و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەی لە هەمبەر بەغدا و لایەنە سیاسییەکان. عەرەبیش گوتەنی "والحبل علی جرار".

7. مەسرور بارزانی لە پەسەندکردنی پشکی هەرێم توانی ڕەوایەتی دەستووری بگێڕێتەوە بۆ مەلەفی نەوت و سەربەخۆکردنی؛ ئەمە لە کاتێکدابووە کە هەندێ لایەنی سیاسی ناوخۆی و هەندێ پەرلەمانتار تەنانەت لە خودی فراکسیۆنی یەکێتیش داوایان دەکرد کە مەلەفی نەوت بە تەواوی رادەستی سۆمۆ و بەغدا بکرێت، دەیانویست مافی دەستووری بۆ سەربەخۆیی مەلەفی نەوت لە گەلی کوردستان بستێننەوە و بکەوینە بەر بەزەیی رق لە دڵەکان و نەیارانی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە کاک مەسرور بارزانی نەیهێشت ئەم خەونەشیان بێتە دی و خۆمان نەوتی خۆمان بە پێی یاسای بودجەی 2021 بەشێوەکی سەربەخۆ دەفرۆشین.