پێشتر کۆرۆنا، ئێستاش دۆسیەی سیخوری بە سیاسی دەکرێت و سیاسەتی پێوە دەکەن

Kurd24

دۆسیەی سیخوری و تێکدەری، کاتێک بە بەڵگەوە وە لەسەر بنەمای دادگەری و دانپێدانانی تاوانباران لە هەر وڵاتیک، بە وڵاتانی ئەوروپاشەوە بسەلمێنرێت، ئەوا بێی دوو دڵی وە بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تاوانباران بە سێزای خۆیان دەگەینرێن و بێ ئەوەی کەس و لایەن و هاوسەرۆک مافی ئەوەیان هەبێت بابەتەکە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکار بێنن و بیکەن بە بابەتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یاخود وەک کەرەستەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە سوودی لێوەرگیرێت، کە چی لە هەرێمی کوردستان، چۆن حزبەکانی دەست ڕۆیشتوو و خەڵکانێک لە سلێمانی، دوێنێ کۆرۆنای یان بۆ چەند مەرامێکی سیاسی-حزبی بە سیاسی کردبوو، بوونە هۆکاری گیان لەدەستدانی سەدان کەس، دواتر خۆیان لێی بێی بەری کرد؛ ئەمڕۆش بەهەمان عەقلیەت، هەر ئەم خەڵکانەن دەیانەوێت وەبەرهێنانی سیاسی لە دۆسیەیەکدا بکەن کە سەرتاپای دۆسیەکە بە بەڵگەو، لەسەر بنەمای دانپێدانانی، خودی دەستگیرکراوان سەرقاڵی کاری سیخوری و پشێوی بوون لە هەرێمی کوردستان.

ئێستە مۆدێلی بە سیاسیکردنی پرسەکان لە هێزو لایەن و هاوسەرۆکەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ گەمەی سیاسی چەند پەرلەمانتارێک کە بەحساب پێگەی جەماوەری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە دامێنی ئەم کەیسە قایم دەکەن! بەڵام لەسەر حسابی لەبارچوونی ئاسایشی وڵات  و ڕێز نەگرتن لە پرەنسیپی دابەشکاری دەسەڵاتەکان.

هەڵوێستی ئەو چەند پەرلەمانتارە لەمەڕ دۆسیەکە، جگە لە بانگەشەیەکی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان و خۆ دەرخستنی سیاسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و سومعەی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان و سومعەی ئازادییە گشتییەکان هیچی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە.

لەو سۆنگەیەوە، وە لە هەستکردن بە ئەرکی پەرلەمانیم و ڕێزگرتن لە یاساکان کە پەرلەمان دەری دەچوێنێت، ئەم ڕوونکردنەوانەی خوارەوە به پێویست دەزانم بخەمە ڕوو:

١. بە گوێرەی مادە ٨٨ لە دەستووری عێڕاق، دادگاکان سەربەخۆن و نابێت هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردان لە بڕیارەکانی دادگا بکات. بۆیە لێدوانی ئەم چەند پەرلەمانتارانە لەسەر دۆسیەکە، ڕێک دەستێوەردانە لە کاروباری دادگاکان.

٢. بە گوێرەی ماددەی ٢  یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان، دادوەری لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی سەربەخۆیە، جگە لە یاسا، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نیە. ئەو هاش و هۆشە سیاسییەی ئەو پەرلەمانتارانە و چەند هێزێکی سیاسی لەسەر دۆسیەکە بریتییە لە فشارێکی سیاسیی بۆ سەر دادوەرەکان و هەوڵی تۆقاندنیانە.

٣. بە گوێرەی ماددەی ٤ی بڕگەی ١ی یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەرکی پاراستنی سیستەمی هەرێمی کوردستان و بنچینەکانی و ماڵ و سامانی گشتی، خراوەتە ئەستۆی داواکاری گشتی. لەو گۆشە نیگایەوە، بزاڤی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بە ڵاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر دۆسیەکە، وە ڕەوایەتیدان بە کارو چاڵاکییەکانی تاوانباران بە لەباربردنی سیستەمی سیاسی و تێکدانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان خۆی تاوانە، چونکە ئەوەی پشتیوانی لە تاوان بکات، وەک ئەوە وایە کە خۆی تاوانەکەی کردبێت.

بە گوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوان،  پەیوەندییان لەگەڵ پ.ک.ک هەبووە، بەنیازبوون کاری پشێوی بە پیلانی پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئەمەش  خودی ڕاستییە تاڵەکەیە، کە بەداخەوە وێڕای ڕاستی بابەتەکە و مەترسی دۆسیەکە، بەڵام دەڵالی سیاسی بۆ کڕینی دۆسیەکە هەن تا نان و پیازێکی سیاسی پێوە بخۆن.