ئەم ھەموو دژایەتیەی حکومەت بۆ؟

Kurd24

سەیرم پێدێت ئەو ھەموو مەرگەساتەی بەسەرمان ھات، نەبووەتە عیبرەت و دەرسی نەداین، ئاخر ھیچ گەلێک ھێندەی کورد بە درێژایی مێژوو خەبات و قوربانی نەداوە لە پێناو کورد بوون و زمان و خاکەکەیدا، کەچی سەیرە ھێشتا ھاوزمانەکانی خۆت لەناو ماڵی خۆتدا، بە پلانی دەرەکی شەڕ دەکەن و ئەزموونەکەش دەخەنە مەترسی، بێ ئاگا لەوەی مێژوویەک پێت دەڵێ لە کۆتاییدا، ھەر دێنی نوشستی.

ناکرێ تۆ کە خۆت خاوەن ماڵ بیت، بەخەڵک بڵێی لەماڵەکەی خۆم نانم نادەنێ. ئەزموونێک کە خۆت بەشدار بیت تیایدا و لە سەر پلە و پۆست ململانێیی قورس بکەی، ئیدی چۆن رووت دێ بڵێی ئەزموونەکەم بەدڵ نییە و حکومەتەکە حوکمڕانییەکی باش ناکات، تۆ کە خۆت لە ناو حکومەت پشکی شێرت ھەیە، ئیدی چۆن دێی و بەخەڵک دەڵێی حکومەت و حوکمڕانەکانی کارێکی باشیان نەکردووە، یان ئەگەر حکومەت کارێکی باش بکا، بێی و بڵێی بە فشاری من بوو، ئەگەر پێیەکی خواریشی دانا بڵێی نەمگوت ئەم حکومەتە کەڵکی نەماوە و پێوستە بگۆڕێت.

ناکرێ حکومەتێک کە ئەجێندا و بەرنامەکانی پرسی چاکسازی بێ و بیەوێ سبەی بابەتی لامەرکەزی ئیداریی بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی، شەو تۆ ھەواڵەکە دزە پێ بکەیت و بەیانی بیکەیتە داواکاری شەقام و سۆزی خەڵکی پێ بجوڵێنی و ھەڕەشەی ئەوەش بکەی ئەگەر بۆت جێبەجێ نەکەن، لە حکومەتەکە دەکشێیتەوە.

ئەمەش بۆ ئەوەیە بە خەڵکی بڵێی ئەگەر من نەبوومایە حکومەت لە بیری ئەم پرسە نەبوو.

یان حکومەت بیەوێ سبەی شەقامێک قیرتاو بکا تۆ زووتر بەمە بزانی، فەیسبووکی لێ پڕکەی بۆ ئەوەی خەڵک بزانن داواکەی تۆ حکومەتی بە ئاگاھێناوەتەوە.

بێئاگا لەوەی ئەم شێوە کارکردنە سەرەتا زیان لە خۆت دەدا، چونکە دەسته‌کەت ئاشکرایە و ھەر لە ناو حزب و ئۆرگانەکانی خۆت نەیارت بۆ دروست دەکات، چما کەس قبوڵی نییە تۆ پێیەک لەناو حکومەت و بە پێیەکەی تر بەر بیتە گیانی حکومەت.

حکومەتێک پێکھاتەی کۆی لایەنەکانە، کارە باشەکانیان ھاوبەشە و لە ھەڵەکانیش ھەموو لایەک پشکی بەردەکەوێ.

مادام یەک تیمن له ناو ھەرێم و تەنانەت لە بەغدادیش، ئیدی ناکرێ لە مافەکاندا ھاوبەش بن و لە ئەرکیشدا دوورە پەرێز، ھەرکاتێک حکومەت لە پرسێکدا سەرکەوتوو بوو، سێڵفی لەگەڵ بگیرێ و ئەگەر رووبەرووی ئەرکیش بووەوە بە تەنھا جێ بھێڵدرێت.

ئەم ئیزدواجیەتە لە کارکردن تەنھا ماڵوێرانی بەدواوەیە و سەرت دەخوا، ئاخر ناکرێ بە رۆژ لە ناو حکومەتێک بی و شەویش بکەویتە پلار و توانج و حکومتەکەت راست و چەپ بکەیت.

تۆ کە لەگەڵم هاوبەش و برا بەشی، چۆن دێی و بە دزی من لەگەڵ نەیارەکانم کۆڕ و دانیشتن ساز دەکەیت.

ھەقی خۆیەتی لە بەرامبەردا، پێتبگوترێت کاکی برا خۆت یەکلابکەرەوە، تۆ یان دەبێ لەگەڵ ئەم تەیارەی حزبەکەی خۆت بیت، کە لەناو حکومەتدایە، یان بۆ خۆت و لەدەرەوەی ئەوان، موعارەزەبوون ھەڵبژێریت، یان ئیدی دەبێ سەری خۆت کزبگری و قسەنەکەی، چونکە شکستی حکومەت ھی تۆشە و سەرکەوتنیشی تۆی پێ گەورە دەبێ. ھەقە لە خۆت بپرسی ئەم ھەموو عوقدەیەت لە سەرکەتنەکانی سەرۆکی حکومەت، تاکو کوێ و ئەم دژایەتیەی حکومەت بۆ؟!