ئایا پارتی شەڕی گەرەکە؟

Kurd24

ئەگەر لە بەیاننامە و گوتاری سیاسیەکانی کوردستان بنۆڕی، جگە لە پارتییەکان..!  هەمووان بەشێوەیەک وێنا دەکەن کە پارتی خوازیاری شەڕی کورد و خوێنڕشتنە، لە کاتێکدا کە سەرۆکی پارتی لەمێژە شەڕی کورد و کوردی حەرام کردووە.

بێجگە لە شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابردوو لە چیای مەتینا،  پاشان رفاندنی دوو پێشمەرگەی دی لە سنووری شەنگال، ئەمجار شەهید بوونی پێشمەرگەیەکی دی بە قەناس...! کەچی تا ئێستا پارتی شەڕی رانەگەیاند!

ئەوەی تا هەنووکە پارتی، کە دوو دامەزراوەی بڕیار بەدەست و بەهێزی وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیکردنی حکومەتیشی لە بەر دەستە و داوای دەکات هێندەیە "پارتی کرێکارانی کوردستان رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگرێت و خەباتی خۆی لەم ناوچەیە بگوازێتەوە"،  راگەیەندراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەش هەمان شێوە دەخوازێت پەکەکە سنوورێک بۆ چالاکییەکانی دابنێت..!

ئێستێ، تەواوی دژە پارتیییەکان (ئۆکتۆبەرچییەکان، بێدەنگبووانی بەردەم حەسەن پلایس، کەمپینچییەکان، شیڕە لێدەرەکان، قەڵەمە بوێرەکانی دژی پارتی و هیچ نەدیدەی زۆنی سەوز و بێدەنگەکانی پەروێزخان، کپبووەکان لەبەردەم کەیسی باخان،  وڕ و کاسەکانی دووسێ ساڵ لەوەو پێش کە یەکێتی راوە راوی  ئەندامانی تەڤگەر بوو، پاشان داخستنی بارەگاکانیان و خستنە زیندانی ئەندامانییان، بێ جورئەتەکان، کە بە بەرچاوییانەوە زانیاری درا بە فڕۆکە و لە سەر شاخی ئەزمڕ گەریلاکانییان دەهاڕین... هتد) ئەمانە هەموویان خەریکی لێدانی دەهۆڵ و تەپڵن و بانگڕادێرن کە پارتی شەڕی دەوێت دەگەڵ پەکەکە!

 لە کاتێکدا پارتی، ئەوەی بیری لێدەکاتەوە تەنێ هێندەیە کە: پارتی کرێکارانی کوردستان، بیر لە ئازادبوونی بستێک خاکی کوردستان بکاتەوە کە لە سنووری وڵاتی تورکیایە.