حکومەت و بەشداری یەکێتی و گۆڕان

Kurd24

کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان، سەرەڕای ئەم هەموو قەیران (سیاسی، ئابوری، دارایی، تەندروستی، هتد) یەخەی گرتووە و لە ماوەی دەستبەکاربوونی تا ئێرەی کە هێناوە، هەر کەلێنێک، پڕ دەکاتەوەو لەملاوە دوو تا سێ کەلێنی دیکەی بۆزیاد دەکرێت...!

پێداچوونەوە، بەچی و بۆچی پێداچوونەوە؟

ئەم کابینەیە، سێ حیزبی دیاریکراو رابەرایەتی دەکەن، کە (پارتی و یەکێتی و گۆڕانن)، پارتی، کە هێزی یەکەمەو (8 هەشت وەزیری پڕاکتیتکی ئیداری تێدا هەیە، یەکێتیش بە (6) شەش وەزیرو گۆڕانخوازانیش بە (4) چوار وەزیر، لێرەدا ئەگەر بە ویژدانەوە لە بڕیارو هەنگاونانەکانی ئەم (18)ە، وەزیرە بنۆڕین، ئەوا زۆر بە روونی بەربەست و چێکردنی ئارێشە لەبەردەم وەزیرانی پارتیدا دروست دەکرێت، بە دڵنیاییەوەش بە ئەنقەست..!

 وەزیرانی یەکێتی و گۆڕان، کاتێک فەرمانێکی وەزاری واژۆ دەکەن و بڕیار دەدەن، ئەوا لە زاخۆوە تا هەڵەبجەو گەرمیان، جێبەجێ دەکرێت و زۆنی زەرد زێدەتر پابەند دەبن پێیان و رێزییان لێدەگرن.

 لێ کاتێک وەزیرانی پارتی، فەرمانێکی وەزاری، یان رێنمایی و بڕیار بۆ هەر پرسێک، دەردەکەن و واژۆ دەکەن، ئەوا تاک و تەرایان نەبێ..! دەنا بە گشتی، بڕیارەکانییان لە (دێگەڵە) ەوە پەنچەر دەبێت و بەبێ ویلیش دەگەڕێتەوە...!

نموونە زۆرن، ئەگەر هەمدیس بە ویژدانەوە، کاتی کەرەنتین و پابەند بوونی هاونیشتیمانییان بە رێنماییە ناوخۆیی و تەندروستییەکان، وەبیر خۆبێنینەوە، ئەوا زۆنی پشت دێگەڵە بە ئاشکرا، پێشێلی بڕیارو فەرمانەکانییان دەکردو، تەنانەت بە پشتیوانی بەرپرسانی حیزبە بەشداربووەکانی حکومەتیش لەوێ، خەڵکییان هاندەدا دژی فرمانەکانی حکومەت بوەستنەوە.

ئێستێ، کە یەکێتی و گۆڕان (داوا لە خودا دەکەم، تەبا بمێنن...!)، جارێکی دی، پڕۆسەی هاوس....ییان دەستپێکردەوە و خەریکن یەک گوتارو یەکدەنگ و هاوپەیمانی نوێبوونەوە دادەڕێژنەوە، ئەوا ژمارەی وەزیرانییان لەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە (10)، واتە لیوایێک لە وەزیر، بێجگە لە فەیلەقێک لەم هەموو بریکارو راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و هتد...

بەسکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، کەچی هەر بڕیارێکی حکومی دەدرێت، پارتی تێدا خەتابار دەکەن و نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕانیش وەک بڵێی هەر خەریکی ئیمتیازاتە تایبەتییەکانی خۆیان بن و بێدەنگ بێدەنگ سەرە مانگی مووچە و پێشینەکانییان دەژمێرن، بۆیە هەقە ئەوەیان لەبەرچاو بێت و چیتر لە دەرەوەی بازنەی داکۆکیکردن لە حکومەت نەمێننەوە.