پارسەنگی دیموکراتی و مافی مرۆڤ لە سیستمی رۆژئاوا!

Kurd24

لە پەراوێزی شەڕی ناڕاستەوخۆی ئێستای رووسیا و رۆژئاوا لەسەر خاکی ئۆکرانیا، چەند خاڵێك جێی سەرنجن، کە بەشێکیان پەیوەندی بە ئەزموونی ژیانی خۆمەوە هەبووە.

من کە زۆربەی ژیانم لە سوید بەسەر بردووە و بە ھۆی کاری بازرگانیم زۆربەی وڵاتانی جیهانم بینیوە. کە دواتر بە سەر گوزشتەی ژیان و رابردووی سیاسیی خۆم گرێی دەدەمەوە، چەندین پرسیارم لەبارەی کایە ھەنووکەیی و دوورخایەنەکان له‌لا دروست بووە، لەوانەش: بونیادی پەیکەری ئێکۆنۆمی و سیاسی بەرەی رۆژئاوای دیموکراسی، چۆن داندراوە و چۆن کار دەکات؟!

لە رۆژانی سەرەتادا، بێ ھیوا بووم.. دواتر وەك چۆن چەند دەیەیه‌ك پێش ئیستا نێگەتیڤی فیلمێك لە ناوی ئاوەترشەکەی وێنەگران، وردە وردە لووت، چاو، گوێ و رووخسارەکانی تر، یەك بە دوای دەردەکەوێ تا وێنەکە تەواو دەبێ و ھەموو شتێکی دێتە بەرچاو!

پاش 41 ساڵ خەریکە دەگەمە ئەو باوەڕەی، کە دیموکراسیەتی ئەو رۆژئاوایەی مافی مرۆڤ واهیمەیەکی گەورەیە و رۆژبەرۆژ ئاشکراتر دەبێت! گەلێك خاڵی نائومێدکەر لەم بابەتەدا هەن، کە تا چەند کاتی بەسەردا تێپەڕ بێت و کۆنتر دەبێت، زیاتر بۆت روون دەبێتەوە.

زەردەخەنەکانیان جێی گومانن، لەگەڵ تێپەبوونی ساڵەھای ساڵ پتر خۆت پێ نامۆ دێتە پێشچاو و ھەست بە تەنیایی غەریبی دەکەی!

گەر نەدار بیت، خەلکانێك دەڵێن: لەسەر باجی ئێمە بەڕێ دەچێ!

ئەگەر کارت کردبێ و دەوڵەمەند بیت، ئیرەییت پێ دەبەن و دەڵێن: لە وڵاتێك ھاتووە نانی نەبووە، کەچی باشترین خانوو و ئۆتۆمۆبیلی ھەیە!

ئەمە ھەستی ئەورپایی کۆلۆنیالستی سپی پێستی قژ زەرد و چاو شینە بەرامبەر بێگانە !کە لێرەدا  خەتی ھۆنراوەکە دەست پێ دەکات!

سەرجەم رەگەزپەرستیەکەی رۆژئاواییەکان لە ئاستی گەل و حکومەت زۆر بە روونی دەبیندرێ، بەم جۆرانەی خوارەوە:

* لە نێو تەنگ و چەڵەمەی ئۆکرانیا، دەرکەوت کە پڕوپاگەندەی راگەیاندن لە ژێر دەستی یەك کاره‌کتەر دەردەچێ و بە پێی رێنمایەکان، ھەتا ئەگەر ئەم مرۆڤە ئاگاداریش نەبێت!

تۆ چ تەلەڤزیۆنێکی ئەمه‌ریکایی یان ئوستراڵی، یان ئەوروپایی بکەیتەوە ھەمان پەیامت پێ دەگەیەنێت!

* لەو رۆژەی شەڕی رووسیا و رۆژئاوا لە ئۆکرانیا دەستی پێکردووە، سەرجەم وڵاتانی رۆژئاوا و بێلایەنەکانیش وەك سوید، ژاپۆن و ئوسترالیا یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن، تا ئەو رادەیەی کە ژمارەی موشەکەکانی وردبینی دژه‌ تانکەکانی رووسیا بە ئۆکرانیا دراون، لە ژمارەی تانکەکانی روسیا زیاترن!

تەنیا سوید وەك وڵاتێکی بێلایەن، 5000 رۆکیتی بەخشیوە!

* پێشبینی دەکرێت 7 ملیۆن کەس ئۆکرانیا بەرەو رۆژئاوا جێبھێڵن!

وڵاتەکانی رۆژئاوا دەرگاکانیان واڵا کرد بۆ ئەوان، نەك ھەر ئەوە، بەڵکو ئەوان (چونکە سپی و چاوشین و قژزەردن) بە پەناھەندە وەرناگرن و پەروەندەیان بۆ ناکرێتەوە، بەڵکو بە کۆچەر وەردەگیرێن، ھەر وەك ئەڵمانێك ماڵی لە ھامبۆرگه‌وه‌ بگوازێتەوە بۆ فرانکفۆرت، ھەموو پێداویستیێکیشیان بۆ دابین دەکرێت!

ھەروەھا ھەموو شەمەندەفەرەکان بێ پارە لە ناو ئەوروپا دەیان گوازنەوە. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە کە رەشپیستەکانی ئەفریقی و خەڵکی رۆژھەڵات، کە ئەوروپایی نین و لەوێ دەیان خوێند، بۆیان نییە شەمەندەفەرەکان بەکاربهێنن یان بێنە ناو وڵاتانی رۆژئاوا، ھەروەك ئەوانیش لێیان نەقەومابێت!

ئەمە ئەم جۆرە رەگەزپەرستییەی کۆلۆنیالیستە رۆژئاواییەکانە، کە جیاوازی ئاژەڵ و خەڵکی وڵاتە داگیرکراوەکیان نەدەکرد!

بیرمان دێت، کە چەند ھەزار کەسێکی کورد، سوری، ئەفغانی و عێراقی لەسەر سنووری پۆڵۆنیا و لاتڤیا گیریان خواردبوو، ھەندێك ئافرەت لە چۆڵی و لە دەرەوە منداڵیان بوو، ھەندێکیان لەسەرما و لە برسان مردن و ئێستاش ھەندێکیان ماون، کەچی بەبێ بەزەیی دوور لە ھەستی مرۆڤایەتی لێیان دەدان.

وەزیری دەرەوەی پۆڵۆنیا بە پشتیوانی ئەڵمانیا و ھەموو رۆژئاوا، دەیگووت: رێگا نادەین یەك مرۆڤ لە سنوورەکانی ئێمە تێبپەرێ!

ئەمەش دیوێکی دیکەی لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیایە، کە دەریدخات، تاڵترین جۆری چەوسانەوە رەگەزپەرستیە!