"چین"ـم وەها دیت!

Kurd24

لەمیانەی بەشداربوونم لە خولێکی یەک مانگەی (چڕ و پڕ) لەسەر بانگهێشتی حکومەتی چـــــــیــــــن و بە رەزامەندی سەرۆکایەتی هەرێم لەژێر ناونیشانی حکومەتی دیجیتاڵی (Government Digitalization). 

لە ماوەی مانگێکدا سەردانی سێ شاری گەورەمان کرد کە بریتی بوون لە شارەکانی (شەنگهای و هانژۆ و چینداو) بۆیە بە پێوستم زانی چەند راستیەک لەگەڵ خوێنەراندا بەش بکەم کە بەشێکی بچووکن لە دیمەنە گەورەکەی چــــیــــن کە من بۆ خۆم پێشتر وەک پێویست ئاگاداریان نەبووم:

1- خەڵکی ووڵاتی چـــــیـــــن کە ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە ملیارێک و چوارسەد ملیۆن کەس، خاوەنی شارستانیەتێکی دێرینی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵن، زۆر میوان دۆستن و هەروەها زۆریش شانازی بە مێژوو و ئێستا و داهاتووی ووڵاتەکەیان دەکەن.

2- چــــیــــن لەڕووی نێودەوڵەتیەوە پێگەیەکی ستراتیژی و گرنگی هەیە، چونکە یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە.

3- چـــــیـــــن لە ڕووی سەربازیشەوە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکان و خاوەنی چەکی ئەتۆمە و هەروەها خاوەنی هێزێکی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی زۆر پێشکەوتوون.

4- گەشتەکەم لە سەرەتای مانگی  شەشدا ئەنجامدا، بەگوێرەی ساڵنامەی چـــیـــنی 22ی حوزەیرانی 2023 ڤیستیڤاڵی عەزیــــا (Dragon) دەستی پێکرد، عەزیـــــای باڵدار کە بەعەڕەبی پێی دەگوترێت (تنین) لای چینیەکان داستانێکی پیرۆزی هەیە و دەتوانێت بەئاسماندا بفڕێت و لە ناو دەریـــادا مەلە بکات و لە وشکانیشدا بژیێت، (Dragon) لای چینیەکان سومبولی خێرە و ساڵانە ڤیستیڤاڵی بۆ دەکەن.

5- چــــــیـــــن پەند و عیبڕەتی لە ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت وەرگرت، کە هۆکارە سەرەکیەکەی لاوازی ئابووری بوو، بۆیە چــــیـــــن کرانەوەیەکی بێ وێنەی لە بوارەکانی ئابووری و تەکنەلۆژی و بازرگانیدا ئەنجامداوە.

6- حکومەتی چین لە ماوەی (30 بۆ 40) ساڵی ڕابردوو (بەمانای وشە) شۆڕشێکی گەورەی ئەنجام داوە لە سێکتەرەکانی (ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆژی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشت و گوزار، واتە شۆڕشیکی سەرخان و ژێرخانی ئەنجامداوە بە هەموو جۆرەکانیەوە).

7- بەهۆی ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر و سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بە شەڕی تیرۆر، دەرفەتێکی زێڕین بۆ چــــیـــــن هەڵکەوت تاکو لە بوارە جۆراوجۆراکاندا پێشکەوتنی خێرا بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە کاتێک ئیدارەی ئۆباما خەبری بوویەوە و بڕیاریدا ستراتیژیەتێکی خێرا دابڕێژیت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چــــــیـــــن، بەڵام وەک عەڕەب گوتەنەی (بعد فوات الآوان).

8- ئەو کاتەی قوتابی ماستەر بووم لەئەمریکا لەنێوان ساڵەکانی (2012تاکو2016) پرسیارێکم لا دروست بوو، ئەوەیش ئەمە بوو:
بۆچی ئەمریکا لە چــــیــــن دەترسێت و زۆر حیسابی بۆ دەکات، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەم سەفەرە بۆ من دەرفەتێکی زێڕین بوو، چونکە بە شێوەیەکی کرداری ووڵاتی چـــیــــنــــــم بینی و دیقەتم دا لە پیشکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکەیان و بۆم ڕوون بوویەوە کەوا ئەگەر چــــیـــنـــیـــەکان چاویشیان بچوک بێت بەڵام خاوەن عەقڵێکی گەورە و دونیابینیەکی فراوانن، بۆیە ئەمریکا حەقیەتی لە چــــیــــن بترسێت.

9- ئەوەی ناچێتە عەقڵەوە ئەو پێشکەوتنە خێرایەیە کە ووڵاتی چــــیـــــنـی کردووتە عەزیایەک (Dragon) کە خەوی ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکای بەتایبەتی زڕاندووە.

10- ئەوکاتەی کە جیهانی ڕۆژئاوا هێشتا بەتەواوەتی ئاشنا نەبووبوون بە (5G) بەڵام چـــــیــــن دەمیک بوو بیری لە (6G) کردبۆوە.

11- لە سەرەتادا چـــیــــن بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی تەکنەلۆژی تایبەت بەخۆیان، سودێکی زۆریان لە تەکنەلۆژیای ئەمریکا وەرگرت، بەڵام لە دوای ساڵی 2010 وە ژێرخانێکی تەکنەلۆژی تایبەت بەخۆیان دامەزراند و پشتیان بە خۆیان بەست و بەشێوەیەکی تەواو سەربەخۆیانە بەرهەم هێنان لەم سێکتەرە گرنگەدا دەکەن، بۆیە هەرکاتێک دەگەیتە سنورە وشکانی و ئاسمانی و ئاویەکانی چـــــیــــــن، هیچ جۆرە ئەپێکی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی کارناکات وەک (یوتیوب و فەیسبووک و ڤایبەر و وەتس ئەپ و مێنسجەر و ....هتد) بەڵکو ئەمانە تەنها لەڕێگای (VPN)ەوە کاردەکەن، چونکە چــــیــــن بۆ هەموو ئەم بابەتانەی سەرەوە ئەپی تایبەت بە خۆیان هەیە.

12- داهاتی ووڵاتانی چـــــیـــــن بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە  تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەبەستێت، بەجۆرێک ناویان ناوە پتڕۆڵی دیجیتاڵی (البترول الرقمي) واتە ئەگەر هەندێک ووڵات پشت بە نەوتی ببەستن (کە ڕۆژێک دادێت تەواو دەبێت) ئەوا چین توانیویەتی لە ڕێگای تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی داهاتێکی (هاوشێوەی فرۆشتنی نەوت و بگرە زیاتریش)ی دەست بکەوێت.

13- دوای بینینی پێشکەتنە سەرسوڕهێنەرەکانی چـــــیــــــن، پێموایە لە ماوەی (5 بۆ 10) ساڵی داهاتوو چین پێش ئەمریکا دەکەوێتەوە لە بوارەکانی ئابووری و تەکنەلۆژی و بازرگانی و...هتد.

14- خەڵکی چــــیـــــن لە ڕووی ڕۆحی و تەندروستیشەوە ساغڵەمن و گرنگی بە وەرزشی یۆگا دەدەن و هەموو جۆرە خواردنێکیش دەخۆن، ئەوان قسەیەکیان هەیە و دەڵێن: "هەرچی بە ئاسماندا بفڕێت جگە لە فڕۆکە دەیخۆین، هەرچی بەسەر زەویشدا بڕوات جگە لە ئۆتۆمبێل دەیخۆین، هەرچی لەناو دەریاشدا بێت جگە لە کەشتی دەیخۆین.

15- لەگەڵ ئەوەی کەوا سیستەمی سیاسی چـــیــــن تاک حیزبیە، بەڵام خەڵکی چین توانیویانە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ سیستەمەکەدا هەڵبکەن و سیاسەتیان بۆ سیاسیەکان جێهێشتووە و هاوشێوەی شانەی مێش هەنگوین ڕۆژانە خەریکی کارن، بە مانایەکی تر، ئەگەرچی وڵاتی چـــــیـــــن بە پێوەرەکانی دیموکراسی، وڵاتێکی دیموکراسی نیە، بەڵام لەو وڵاتەدا لە ئاستی حزبی کومۆنیست و لە ئاستی حکومیشدا، لە گوندەکانەوە بگرە تاکو شارۆچکە و شارە گەورەکان، باشترین کەسەکان دادەنێن بۆ بەڕێوەبردنی حزب و حکومەت و بەتەواوەتیش کار بە پرنسیپی (کەسی شیاو لە شوێنی شیاو) دەکەن، هەر بۆیە توانیویانە ئەو پێشکەوتنە مەزنە بەدەست بهێنن.

16- ئەگەرچی سیستەمی چــــیـــــن ئیشتیڕاکی و هەڕەمیە و سەرۆکی چــــیـــــن لە لوتکەی هەڕەمەکە دایە، بەڵام هەستم بە هەبوونی وێنەی سەرۆکی چــــیـــــن لە شوێنە گشتی و تایبەتیەکان نەکرد، تەنها لە هەندێک نمایشی تایبەتدا نەبێت، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی چـــیــــن خزمەتێکی گەورەی بە خەڵک کردووە و زۆربەی پێداویستیەکانی ژیانی بۆ دابنین کردوون.

17- لەم گەشتەمدا کە تایبەت بوو بەو ووڵاتانەی کەوتوونەتە سەر ڕێگای ئاوریشمی یان ووڵاتانی پشتێنە و ڕێگا (Road and Belt Initiative) حکومەتی چــــیـــــن توانیان بە شێوەیەکی نایاب لۆبی بۆ خۆیان بکەن، لە ڕێگای نمایشکردنی پێشکەوەتنە جۆراوجۆرەکانیان لە هەرسێ ئاستی (ووشکانی و دەریــــا و ئاسمان).

18- چــــیـــــــنـــیـــەکان قسەیەکیان هەیە و دەڵێن: "If you want to be Wealth, Get the Road built first"
ئەگەر دەتەوێت دەوڵەمەند بیت، سەرەتا ڕێگاوبان بوونیات بنێ! چـینیـش دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهان دەوڵەمەندترین بێت بۆیە پشتێنە و ڕێگا (Road and Belt) بونیات دەنێت.

19- خەڵکی چــــــیــــــن پشوو درێژن و دەیانەوێت لە ڕێگای هێزی نەرمەوە شوێن پێی خۆیان لە جیهاندا بکەنەوە و شوێن دەستیان بەجێ بهێڵن، دروشمیان بریتیە لە دوورکەوتنەوە لە توندڕەوی و بەکارهێنانی هێزی ڕەق، لەم چواچێوەیەدا میانەڕەوی و نێوەند بوون (الوسطیة)یان کردۆتە دروشمی خۆیان.

20- ئەگەرچی لە ڕووی کاتەوە چــــیـــــن تەنها پێنج کاژێر لەپێش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بەڵام پێموایە لەڕووی پیشەسازی تەکنەلۆژیاوە دەیان ساڵ لە پێشترن. 

21- ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت و ئاماژەکانی بە جەمسەربوونی ووڵاتی چـــیـــنیش وەک ڕۆژی ڕووناک دەرکەوتوون، پێموایە ئەم ڕاستیەش زوو یان درەنگ قبوڵ دەکرێت لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە، وەک هێنری کیسینجەر دەڵێت: "ئەگەرچی هەردوولا (ئەمریکا و چین) خۆیان قەناعەت پێکردووە کە ئەوی دیکە نوێنەرایەتی مەترسییەکی (ستراتیژی دەکات) بەڵام ئەمریکا و چین دەبێ فێربن پێکەوە بژین و کەمتر لە (دە) ساڵ دەرفەتیان هەیە".

22- گرنگە ئێمەی کورد لە سەر ئاستی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا هاوسەنگی ڕابگرین و لە پێناو سود وەرگرتن لە ئەزموونی هەموو لایەنەکان و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشدا مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە ناوچەویی و نێودەوڵەتیەکاندا بکەین.