خۆپیشاندان؛ سەرچاوەی فشار و هێزی نەرم

Kurd24

پەیڕەو ئەنوەريش بەشدارە لە نووسینی ئەم بابەتە

سەرەتا:

دبلۆماسی و پاڕادبلۆماسی

ئەگەر لە دنیای دبلۆماسی، پێناسەی باوی دبلۆماسی پەیوەندی نێوان وڵاتان و هونەری دانوستان و پاراستنی بەرژوەندییەکانی نێوان ئەکتەرە دەوڵەتییەکانState Actors  بێت. ئەوا پاڕادبلۆماسی، دبلۆماسیەت و سیاسەتی دەرەوەی هەرێم و بکەرە نا-دەوڵەتییەکانی Non-State Actors وەک هەرێمی کوردستان لە عیراق، کیوبیک لە کەنەدا، کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا و چەندین هەرێمی ترە لە وڵاتە جیاوازەکانی دنیادا. ئامێری بنەڕەتی بەگەڕخستنی دبلۆماسی و پاڕادیبلۆماسی سەرچاوە جیاوازەکانی هێزی نەرم Soft Power و شێوازی بەکارهێنانیەتی، بەتایبەت لە دەرەوەی ژینگەی سیاسی وڵات یان هەرێمەکە بەئامانجی دروستکردنی فشار بۆ سەر ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتانی تردا. پاڕادبلۆماسی و هێزی نەرم و بەدیاریکراویش خۆپیشاندان و هەر جوڵە و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ کورد لە هەردوو ناوەندی وەک یەکێتی ئەوڕوپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووجار گرنگە:

یەکەم: هەردوو ناوەند دوو جومگەی کاریگەری حکومڕانی جیهان و ڕاگری سیستمی سیاسی جیهانن و بڕیار و رێساکان دادەڕێژنەوە و بەڕێوەدەبەن و بەمەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت لێیەوە سوودمەندبێت.

دووەم: کۆبوونەوە و فشاری مەدەنی کوردانی دەرەوەی وڵات و تاراوگە دەکرێت وەک گلدانەوەی هێزی نەرمی کۆمەڵگەی کوردستانی سەیربکرێت و دواتریش بخرێتە خزمەتی پارادبلۆماسی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن سیستمی هەرێمی ناوچەکەوە ئاڕاستەی هەرێم دەکرێن.

خۆپیشاندان و پڕۆتێستۆی هێرشەکان:

سەرەتای ئەم هەفتەیە، لەسەر داوای کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆن و رێکخراو و کۆمەڵەکانی رەوەندی کوردستانی لە تاراوگە/دیاسپۆرا و لەو وڵاتە ئەوڕوپییانەی کە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێیە و کارایە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا لەدژی هەڕەشە و تاوانەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی منداڵی یەک ساڵان و هاوڵاتیانی مەدەنی. وێڕای بەربەستی کەش و هەوای سارد و بەفر و سەرما و سۆڵەی ئەوڕوپا و سەختی پلەکانی سەرما لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە واشنتن و ١٦ شاری جیاوازی ئەوڕوپا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بە دروشمی جیاواز لە دژی بۆردوومان و هێرشە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر بەڕێوەچوو. مۆبیلزەکردن و جوڵاندنی ئەم سەرچاوەی هێزە لە تاراوگە بۆ سەرکۆنەکردن و پڕۆتێستۆکردنی هێرشێکی لەمجۆرە بایەخ و پێگەی خۆی هەیە و دەکرێت بەمشێوەیە وێنای بکەین:

یەکەم: هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هێزی رەقەوە Hard Power واتە سەرباز و سوپا و رۆکێتەوە ناتوانێت وەڵامی ئەمجۆرە هەڕەشانە بداتەوە کە لەلایەن ئەکتەرە هەرێمییەکان و وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنەسەری چونکە هێز، پێگە، رۆڵ و ناسنامەکەی ناهاوسەنگ و نابەرامبەرە و ئەوان دەوڵەتن و خاوەن پانتایی جیۆپۆلەتیک و چەکی ئەتۆم و سەرجەم سەرچاوەکانی هێزی رەقن و هەرێمی کوردستانیش لەڕووی جیۆپۆلەتیک داخراو، نەبوونی رەگەزەکانی هێزی رەق و سەروەری و ... هتد بەڵام هەرێم دەتوانێت رەوەندی کوردی لە تاراوگە وەک سەرچاوەی هێزی نەرم بەکاربهێنێت، جۆشیانبدات و بیانکات بە خانەیەکی زیندووی لۆبیکردن و داکۆکی Advocacy و فشار بەسەر داڕێژەرانی سیاسەت و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەوڕوپا و ئەمەریکادا.

دووەم: خۆپیشاندان و فۆڕمەکانی تری بەشداری سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانی لە تاراوگە دەتوانێت رۆڵی کەناڵێکی تری پاڕادبلۆماسی ببینێت و وەک جۆرێک لە دبلۆماسی جەماوەریش سەیری بکرێت و لەم جۆرە رووداو و مەترسییانەدا سوودی لەبننەهاتووی لێوەربگیردرێت و وەبەرهێنانی سیاسی و دبلۆماسی تازەی تێدابکرێت. بەتایبەت دەنگی ناڕازی کورد لە ئەوڕوپا ئاسانتر و باشتر دەگات بە دامەزراوەکانی نێو یەکێتی ئەوڕوپا.

لەلایەکی ترەوە، ئەم هێزە کاریگەرەی تاراوگە، ئەمجارە توانی مانا بە گردبوونەوەکەی بدات و بیسەلمێنێت کە هێرشی ناڕەوای ئەمجارەی ئێران بەسانایی تێناپەڕێت و تاڕادەیەکی زۆر توانیان سۆزی وڵاتان و کۆمەڵگەی رۆژئاوایی بەرامبەر کورد و کوردستان تازە بکەنەوە و بە ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب پەیامی ناڕەزایەتی و نیگەرانی خۆیان گەیاندە پایتەخت و شار و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

دووماهی:

مایەی خۆشحاڵییە کۆمیونیتی و جڤاتی کوردی هەمیشە خانە و هێزێکی ئامادە و گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کاریگەرن بۆ وڵات و هەرێمەکەیان لە وڵاتی دووەمیان، كە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا و لەسەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیبلۆماسی و کولتووری هاوکار و پشتیوانی گەلەکەیان بن و ببن بە بەشێکی کاریگەر لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی. ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا، خەڵک و ئەندامانی نەتەوەکانی تری خاوەن دەوڵەت و نەتەوەکانی بێ دەوڵەت هاوسۆزی و سۆلیداریەتییەکی زۆریان لەگەڵ کورد و کۆمەڵگەی کوردستانی پیشاندا و هاوبەشی پێکرد. ئەم ئاوێتەبوون و جۆرە پەیوەندیی و پێکەوەبوونەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەگەڵ نەتەوە و گەلە چەوساوە و بێ دەوڵەتەکانی تری رۆژئاوا هەنگاوێکی تری هێزی نەرم و فراوانکردنی بازنەی پشتیوانی و بەدەستهێنانی پاڵپشتی و پتەوکردنی فشارەکانە چونکە ئەمڕۆ سەردەم و سەدەی پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوبەشکردنی خەم و چیڕۆکە تڕاژیدییەکانی نێوان گەلانە و کوردانی تاراوگە دەتوانن لەڕێگەی چیڕۆک و ناسنامەی کوردبوون و ئازار و بەسەرهاتەکانی، یادوەری و یادگەی خۆی لەگەڵ گەلانی تردا هاوبەشی پێبکات و سۆز و پاڵپشتییان بەلای خۆیدا رابکێشێت و دواتریش بەئاسانی بیخاتە خزمەت پاڕادبلۆماسی هەرێمی کوردستانەوە.