بۆچی دیاریکردنی نرخی نان، وەکو کۆڵەکەیەکی مێژووی ژیانی مرۆڤەکان کارێکی پێویست و گرنگە؟

Kurd24

لەپاڵ هەوڵی دەستەبەرکردنی گەشەی ئابووری، بابەتی ئاسایێشی خۆراک خاڵی نیگەرانی و کۆڵەکەی پلان و ستراتیژی کاربەدەستانی وڵاتانی جیهان بەگشتی، بەتایبەت تر وڵاتە تازەپیگەیشتووەکانە. بێگومان نان یەکێکە لە گرنگترین ئەو پێداویستییانە کە بە درێژایی مێژوویی شارستانییەکان پێگەیەکی گرنگی لە خوان و ژەمە خۆراکی مرۆڤەکاندا هەبووە، لەلایەکی تریش لەبەر کلتوری چێشتخانەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی پشت بەستن بە نان تاکو ئێستاش هەر بە یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی سەر سفرە و سەرچاوەی وزە هەژمار دەکرێت و بەجۆرێک گرنگییەکەی لە دابین کردنی ئاسایێشی خۆراک و بەردەوامیی ژیانی تاکەکان ئینکاری ناکرێت.

گەر بە خێرایی سەیرێکی مێژووی دووری مرۆڤایەتی بکەین دەبینین کە نان بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ژیان و سەرەکیترین و زۆرجاریش تاکە پێکهاتە بووە لەسەر سفرە و خوانی گوندنشین و خەڵکی هەژاری شارەکان. بەشێکی زۆری دانیشتوانی جیهان پشت بە نان دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان کە ئەمەش وایکردووە دابینکردنی نان ببێتە خەمی حکومەت و کاربەدەستانی وڵات.

لە سەردەمی میسری کۆندا فیرعەونەکان مووچەی کرێکارەکانیان بە نان و دانەوێڵە داوە. ڕۆما ئیمپراتۆریەتەکەی لەسەر بناغەی تۆڕێکی بەرفراوانی نانەواخانەکان بنیاتنابوو چونکە هاووڵاتیانی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە بەشێویەکی ئاسایی ڕۆژانە دوو کیلۆ نانیان وەکو ژەمی سەرەکی دەخوارد. تەنانەت لە کاتێکدا کە شارستانییەت و شێوازی ژیان لە کۆمەڵگەکانی ئەوڕوپا گۆڕانکاری بەسەردا هات لە سەدەکانی ناوەڕاست کە تێیدا "گۆشت" بووە ژەمەخۆراکی سەرەکی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایانە. بەڵام هەم دیسان لەبەر هەرزای نرخی نان و کەمبوونەوەی بڕی گۆشت، نان وەکو هەرزانترین سەرچاوەی وزە و فریادڕەس و هۆکاری مانەوە لە ژیان پێگەکەی لە ژیانی مرۆڤدا پاراست. لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا کە ئێستا میوە و سەوزە و گۆشت زۆر و بەردەستە، ڕێژەی پشت بەستن بە نان وەکو ژەمێکی سەرەکی کەمتر بووەتەوە بەڵام هێشتاش نرخی نان وەکو بابەتەکی هەستیار و ئاماژەپێدەری بارودۆخی گشتی ئابووری وڵات پێگە و گرنگی خۆی پاراستووە. گرنگی نرخی نان خۆی لە گرنگی نرخی گەنم و ئارددا دەبێنێتەوە، بینیمان کە چۆن دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا جیهان دووچاری کەمی خستنەڕووی گەنم بووە کە دواجار بووە هۆی بەرزبوونەوەی  نرخی ئارد و نانیش.

هەرچەندە نرخی نان هۆکاری سەرەکی و ڕەگی سەرهەڵدەانی شۆڕشی فەرەنسا نەبوو، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نان بووە هۆی هەستکردن بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نێوان چینی دەوڵەمەند و هەژاردا. بەو پێیەی لەو سەردەمەدا نیوەی کرێی کارکردنی ڕۆژێکی کرێکاران بۆ نان خەرج دەکرا، چونکە "نان" ژەمێکی سەرەکی خۆراکی چینی کرێکار و هەژار بوو لەو سەردەمە. زۆربەی دانیشتوانی فەرەنسا لە ماوەی ساڵانی 1780دا سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوون و لە کێڵگە گەورەکاندا کاریان دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی سەرەکی و تۆقێنەر کە پێی دەوترێت "برسێتی" کە ئێستا لە سەردەمی ئێمەدا قەبارەیەکی گەورەتری تری وەرگرتووە و پێی دەوترێت ئاسایێشی خۆراک.

هەروەها ڕێپێوانی ژنانی ڤێرسای لەساڵی (1789)؛ برسێتی و نائومێدی ژنانی بازاڕ لەسەر گرانبوونی نرخ و کەمی نان پاڵنەری سەرەکی ڕێپێوانەکە بوو. کە سەرەتا بە داواکردنی نان دەستی پێکرد، دواتر بووە بڵێسەی سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا. لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نان تۆوی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەخۆدا هەڵگرتووە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بابەتی مانەوە لەژیاندا زۆرجار نانەواکانی ئەو سەردەمەی ناچار کردووە نانەکانیان بە "نرخێکی دادپەروەرانە و ئەخلاقی" بفرۆشن، بەبێ گوێدانە نرخی بازاڕی گەنم.

هەرکاتێک نرخی نان بەرز بووبێتەوە ئەوا وەکو یەکەم ئاماژە لێکدراوەتەوە بۆ هاتنی گرانییەکی مەترسیدار و تۆقێنەر. بە جۆرێک کە هەر لە کۆنەوە باوەڕێکی وا لە نێوان خەڵکدا پەسەندکراوە کە پێیان وابووە هەر کاتێک "نان گران بووبێت" ئەوا ئاماژە بووە بۆ گران بوونی هەموو شتێک و پێداویستییەکانی تری ژیان. گرانی نرخی نان ئەوەندە مەترسیدارە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و هێنانی قات و قڕی و برسیێتی. ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دەنگی ناڕەزایەتی گشتی و دەرئەنجامەکەشی زۆرجار بە سەرهەڵدانی شۆڕشێک کۆتایی هاتووە.

بۆیە بە تایبەتی لە وڵاتانی تازەپیگەیشتوودا هەمیشە هەوڵێکی جدی هەبووە و هەیە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی نان و ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک هەنگاو و پشتگیری حکومەتەوە بووە بۆ هەریەکە لەچینی جوتیاران و نانەواخانەکان. پشتگیری حکومەت بۆ پاڵپشتی کردن لە سەقامگیری نرخی نان بە چەند شێوەیەک و قۆناغێکی جۆراوجۆرەوە پەیڕەو دەکرێت بۆ نمونە لە رێگەی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی یاخود دورستکردنی خواستێکی نێوخۆیی و جیهانی بۆ گەنمی جوتیاران لەلایەک و هەرزانکردنی نرخی سوتەمەنی و لێخۆشبوون لە باج و دابینکردنی ئارد و خوێ بە نرخێکی گونجاوتر بۆ نانەواخانەکان.

 گەرچی لەوانەیە لە ئێستادا نان تاکە خۆراکی ژەمێکی خواردنی خێزانەکان نەبێت بەڵام هێشتا وڵاتان بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەڕواننە نرخی نان و هەر بەرز و نزم بوونەوەیەکی نرخەکەی دەبێتە مانشێتی سەرەکی هەواڵەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. بابەتی نان بە ڕادەیەک هەستیارە کە زیاتر لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زێڕ و کاڵاکانی تر دەنگدانەوە و شەپۆڵی نەرێنی بەدوایخۆیدا دەهێنێت.

گەر سەیری وڵاتانی دراوسێی دەوروبەرمان بکەین دەبینین کەوا چۆن لەم ساڵانەی دواییدا دوچاری کێشەیەکی مەترسیداری وەکو بەرزبوونەوەی نرخی نان بوونەتەوە. بۆ نمونە ئێران؛ حکومەت لەڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەتی پاڵپشتی نرخی نان سیستەمی کۆمەکی کە بە "یارانە" ناسراوە پەیڕەو دەکات و جگە لەمەش سیستەمی فرۆشتنی نان بە کارت جێ بەجێ دەکات بەڵام سەڕەڕای ئەم هەوڵانەش یەکەم مانگی ساڵی 2024 بینیمان کە چۆن ڕێژەی نان بۆ هەر کارتێک کەمکرایەوە بۆ تەنها 4 نان. ئەمە جگە لەوەی کە پێویستە هاوڵاتیان لەگەڵ بای شەماڵی بەیانیان بچن لە نۆرەی نان وەرگرتن بوەستن تاکو نانی پێویست بۆ ماڵ و مناڵیان بەرنەوە و زۆرجاریش هەر بەریان ناکەوێت. گەر سەیری تورکیاش بکەین دەبینین کەوا لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی دواییدا نرخی نان بە خێرایی و بە ڕێژەیەکی مەترسیدار بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بەجۆرێک کەوا لەماوەی چەند ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی یەک نانی ئاسایی 200 گرامی لە هەندێک شاردا گەیشتۆتە 10 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 500 دیناری عێراقی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هەمان نان نرخی تەنها یەک لیرەو پەنجا کوڕوش بوو.

هەڵئاوسانی نرخی نان، مەترسی هەژاری و قات و قڕی لەگەڵ خۆی دێنێت و ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر توانای خێزان بۆ دابینکردنی سیستەمێکی خۆراکی ئاسایی و ستاندارد. بەمجۆرە دەبینی کە چۆن وڵاتان دەست دەخەنە نێو نرخی نان و بە هاندان و پاڵپشتی هەوڵ دەدەن نرخێکی هەرزان و گونجاوی بۆ دیاری بکەن. لەبەر ئەوەی پاراستنی ئاسایێشی خۆراک ئەرکێکی پیرۆز و سەرەکی حکومەتەکانە هەر بۆیەش دەستکاری کردنی نرخی نان هەنگاوێکی ئەرێنی و چارەسەرێکی باشە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی هەژاری و قات و قڕی.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەرک و بەپرسیارەتی خۆی هەردەم پاڵپشتی جوتیاران بە تایبەتی ئەوانەی گەنم دەچێنن کردووە بۆ نمونە لە مانگی 8ی سالی 2023 دا حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند هەر جوتیارێک گەنمەکەی ماوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە وەرنەگیراوە ئەوا ئامادەن کە گەنمەکەیان بە نرخێکی گونجاو لێ وەربگرن. چونکە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی ئاگاداری گرنگی پێگەی نانە لە دەستەبەرکردنی ئاسایێشی خۆراکی نیشتمانی. هەروەها بەڕێزیان دەزانن کە نرخی مەوادە خۆراکییەکان بە تایبەتی "نان" وەکو گۆڕاوێک و فاکتەرێکی سەرەکی کار دەکەنە سەر بڕ و ڕێژەی خواست و خستنەڕوو لەسەر مەوادەخۆراکییەکان و بەربوومە کشتوکاڵییەکان. بۆیە بەوپەڕی هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو فاکتەرە گرنگەدا دەکات.

بۆیە لە پێناو پاراستنی بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکان و قەیرانە سەپێنراوەکانی سەر هەرێم، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسڕور بارزانی لە رێگەی کۆمەڵێک هەنگاوی ستراتیژی و ئاسانکاری جۆراوجۆرەوە لە رێگەی لێخۆشبوون لە کرێی کارەبا بە ڕێژەی 50٪ و کەمکردنەوەی نرخی لیترێکی غازی شل لە 600 دینارەوە بۆ 300 دینار و دابینکردنی فەردەیەکی ئارد بە نرخی ٢٩٠٠٠ دینار کە پێنج تاکو شەش هەزار دینار هەرزانترە لەچاو نرخی بازاڕ هەوڵی داوە بڕی 10 سەموون و نان بکاتە 1000 دیناری عێراقی. ئەمەش هەم لە ڕووی نرخەوە هەم لە ڕووی کێشی هەر سەموونێک یاخود نانێکەوە ڕێژەیەکی نمونەیی و ڕکابەری و زۆر گونجاوە لەچاو وڵاتانی دورووبەرمان. ئەمە لە دۆخێکدایە کە دەستێک لە بەغدا هەموو هەوڵێکی دەدات لە ڕێگەی نەناردنی شایستە داراییەکان و بودجەی هەرێم چۆک بەم حکومەتە خاوەن ئیرادە و بەهێزەدا دابدات.

بە پێچەوانەی لێدوانەکان کە باس لەوە دەکەن ئەمە کاری حکومەت نیە نرخی نان دیار بکات. زۆربەی وڵاتان لە رێگەی پلانی ستراتیژی گەشەپێدان و پەرەپێدانەوە دەست دەخەنە بازاڕی ئەو کاڵا و پێداویستییانەی کە بە کاڵای زۆر پێویست و سەرەکی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا دادەنرێن و ڕێگری لە گرانی و قۆرخکاری دەکەن. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا حکومەت نەک هەر تەنها دەست دەخاتە نرخی کاڵا و پێداویستی سەرەکی ژیان بۆ نمونە نانەوە بەڵکو بۆ چاودێری کردنی نرخەکان و ڕێگری کردن لە قۆرخکاری و یاریکردن بە نرخەکان فیدڕاسیۆنێکی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە و ڕاسپاردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بابەتی هەرزانکردنی نرخی نان بۆتە کارێکی دژوار بۆ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە دەیەوێت وەکو هەنگاوێکی گرنگ بەم کارە هەڵبستێت بە تایبەت لە دۆخێکی وا هەستیاردا کەهەڵئاوسان و گرانییەکی زۆر باڵی بەسەر ئابووری گشت جیهاندا کێشاوە. بە داخەوە لە بڕی دەستخۆشی کردن و لەبڕی ئەوەی هەوڵ بدەن ببن بە بەشێک لەم هەنگاوە و کارئاسانی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتدا بکەن، دەبینین چۆن هەندێک لایەن، کە لە بنەڕەتدا بوونەتە بەشێک لە پڕۆژە و پلانی ناحەزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی چەواشەکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت لە گرنگی ئەم هەنگاوە ئەرێنی یە کەم بکەنەوە و هەستی کۆمەڵێک خەڵکی کاسب و حەڵاڵ خۆر و ڕەنجدەری کوردستان بە بابەتی ناڕاست بوروژێنن و دەنگی ناڕازی دروست بکەن بەبێ گوێدانە بژێوی خەڵک و بەرژەوەندی و پیرۆزییەکانی وڵات. ئەو لایەنانە کە خۆیان لە بنەڕەتدا دژی هەر جۆرە سیستەمێکی ڕێک و پێکن و خۆیان خوازیاری بێ سەروبەری و بی سیستەمیین لە وڵاتدا، لەهەوڵدان لەڕێگەی کۆمەڵێک کەسی نا بەرپرسیار و چاوچنۆکی نێو بازاڕەوە وەکو سەدان بابەت و هەنگاوی تری حکومەت، ئەم هەنگاوەش بکەن بە ئامرازێکی نەرێنی بۆ هێرش کردنە سەر بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەکەی بەڕێزیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بابەتەکە لە بەرژەوەندی من و تۆی هاوڵاتی و کارکەر و کاسب دایە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە قوتی خێزان و مناڵەکانمان.