ڕۆڵی بانکەکان لە ئابووری وڵاتدا و سوودەکانی پڕۆژەی هەژماری من

Kurd24

بانکەکان نزیکەی حەوت سەدەیە وەکو ناوەندێکی باوەڕپێکراو پاراستنی پارە و سامان و شتە گرانبەهاکانی خەڵکی دەپارێزن و بە تێپەڕبوونی کات و بەرەوپێش چوونی سیستەمی ئابووری و ئاڵۆزتربوونی شێوازەکانی بازرگانی، بانکەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە لە ڕووی قەبارە و چاڵاکی و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی دەکەن.

بەڵام سەرەتاییترین و کۆنترین خزمەتگوزاری بانکەکان کە تاکو ئێستاش بەردەوامە و کە بە کڕۆکی کاری بانکی هەژمار دەکەرێت بریتی یە لە وەرگرتنی پارەی خەڵک،کۆمپانیا، حکومەت و دامەزراوەکان بەشێوەی سپاردە (ئەمانەت) و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ خەڵک،کۆمپانیا، حکومەت و دامەزراوەکان بەشێوەی قەرزی جۆراوجۆر. کەواتە بنەمای سەرەکی کاری بانکی بریتی یە لە متمانە. تۆ کە پارەت لێ زیاد دەبێت و دەتەوێت پاشەکەوتی بکەیت و لە مەترسی یە جۆراوجۆرەکان بپارێزیت و لەهەمان کاتدا بتەوێت بڕە قازانجێکیش لەو پارانە بەدەست بهێنیت ئەوا متمانە بە بانکێک دەکەیت و دەچیت لەلای ئەو بانکە بەشێوەی سپاردە لە هەژماری بانکیت دایدەنێیت، ئەو بانکەش لەبەرامبەر ئەو متمانەیەت کۆمەڵێک خزمەتگوزاری جۆراوجۆری وەکو؛ کارتی بانکی، مافی بەکارهێنانی وێب سایتی بانکەکە و ئەپڵیکەیشنی بانکەکە بۆ کاری پێویستی وەکو؛ ئاڵوگۆڕی دراو، ناردن یان وەرگرتنی پارە بەشێوەی حەوڵە، قەرز و وسلفەی جۆراوجۆر...هتد پێشکەشت دەکات. دواتر بانکەکە ئەو پارانەی کە بە ئەمانەت وەریگرتوون بە چاودێری و سەرپەرشتییاری بانکی ناوەندی حکومەت، وەکو قەرز دەیداتە تاک، کۆمپانیا و ئەو لایەنانەی کە پێویستییان بە پارەیە بۆ گەورەکردنی کۆمپانیا و کارگەکانیان وەکو کردنەوەی لقی نوێ، یانیش دامەزراندنی پڕۆژە و کۆمپانیایەکی نوێ.

بوونی بانک گرنگی یەکی زۆر گەورەی هەیە لە سیستەمی ئابووری وڵاتدا چونکە بەبوونی سیستەمی بانکی چالاک چیتر کۆمپانیاکان، خاوەن بیرۆکەکان لەبەر هۆکاری بێ پارەیی ناچار نابن کۆمپانیا و پڕۆژەکانیان دابخەن و ئیفلاس بکەن. چونکە بانک پارەی پێویستیان بەشێوەی قەرز بۆ دابین دەکات و بەم کردارەش چەندین خێزان کە بژێویان لەسەر ئەو کۆمپانیا و پڕۆژانەیە لە بێکاری و هەژاری ڕزگاریان دەبێت. بانکەکان فریادڕەسی باشن بۆ ئەو کەسانەی لە ناکاو تووشی دۆخێکی نەخوازراو دەبنەوە و پێویستییان بە پارە دەبێت، هەروەها دابینکەر و سەرچاوەی دارایین (سەرمایە) بۆ ئەو گەنجانەی کە بیرۆکەی کاریان هەیە یان ئەو کۆمپانیانەی کە دەیانەوێت لقی نوێ بکەنەوە و چاڵاکییەکانیان فراوانتر بکەن. کاتێک بانک قەرز دابین دەکات بۆ ئەو جۆرە کەس و کۆمپانیانە ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە ڕەخساندنی هەلیکار بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەیە چونکە بێگومان کۆمپانیا و کارگەی تازە دامەزرێنراو و لقە نوێ یەکان پێویستییان بە پسپۆڕی جیاواز و دەستی کار دەبێت بەمەش هەلیکار بۆ تازە دەرچوانی زانکۆ و تەنانەت ئەوانەی شارەزای پیشەیەکن دەڕەخسێنرێت.

ئەمەی سەرەوە تەنها یەکێکە لە سوود و گرنگی و ڕۆڵەکانی بانک لە ئابووری وڵاتدا. بانکەکان بەشدارییەکی بەرچاو لە پڕۆسەی ڕەخساندنی هەلیکار و زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆیی و بوژانەوە و گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکاندا دەکەن. بۆیە بەردەوام چاوی حکومەتەکانی جیهان لەسەر ئاستی چاڵاکی بانکەکانەکانیاندایە (جا چ بانکی تایبەتی بن یانیش حکومی).

جگە لەمانەش بانکەکان لە ڕێگەی دەتسەبەرکردنی شەفافیەتی دارایی دەبنە یارمەتیدەرێکی باشی حکومەتەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی کردن و بەهەدەردانی سامانی وڵات. خۆی لە خۆیدا بوونی سیستەم واتە بوونی شەفافییەت و دیاریکردنی سەرچاوەی پارە و جموجوڵی پارە، بەهۆی بوونی سیستەمێکی شەفافەوەیە هەمیشە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوڕوپا و ئەمریکا وەکو نمونەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بێ گەندەڵی باس دەکرێن. کەواتە ئەوەی دژی بەسیستەم کردن و بە ئەلیکترۆنی کردنی دام و دەزگا و کەرتەکانی وڵات بێت بێگومان خۆی بۆ بەرەی دژ و بەرەی گەندەڵکاران یەکلا کردۆتەوە. هەموومان دەزانین کە یەک دۆلار پارە حەواڵە بکرێت بۆ کەسێک لە وڵاتێکی پێشکەوتوو بانکی ناوەندی و حکومەت ئاگادارن و بۆ حەواڵەی گەورەش داوای سەلماندنی سەرچاوەی پارەکە دەکرێت.

هەر لە سەرەتای دەتسبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و کارە لەپێشینەکانی بریتی بووە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی ئەویش لە ڕێگەی بەئەلیکترۆنی کردنی دامەزراوە میری یەکان و بە سیستەم کردنی گشت وەزراەت و دامەزراوە حکومییەکان. بۆ نەهێشتنی بوار بۆ گەندەڵکاران و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دیاریکردنی سەرچاوەی پارەکان دەستکرا بە بەسیستەمکردن و بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، لە درێژەی ئەو هەوڵانەش پڕۆژەی نیشتمانی (هەژماری من) لەدایک بوو. لێرەوە دەمەوێت هەندێک لە سوودە باشەکانی پڕۆژەی هەژماری من و بە سیستەمکردنی مووچە و کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان بخەمەڕوو. یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین سوودەکانی "هەژماری من"ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ دەبێت هۆی ئەوەی دوومووچەیی و سێ مووچەیی و گەندەڵی و بندیواری نەمێنن و بنبڕ بکرێن. بەمەش پارەیەکی باش بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە و پڕۆژە ستراتیژییە جۆراوجۆراکان چاڵاک دەکرێنەوە و ئابووری وڵات و دۆخی ژایانی خەڵکی دەبووژێتەوە.

بە کردنەوەی هەژماری بانکی، فەرمانبەر دەبێتە کڕیار/سەوداکەری یەکێک لەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە و بانکی فەرمی و جێگەی متمانەن. کە فەرمانبەر بووە موشتەری بانکەکە، دەتوانێت سوود لە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر وەربگرێت کە دەبنە کارئاسانی زۆر بۆ ژیانی ڕۆژانە وەکو؛

1. وەکو کڕیار: کڕینی کاڵا و پێداویستی یەکان بە شێوەی ئۆنڵاین بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی ئەو بازاڕ و مارکێتەکان بکەیت. جگە لە بازاڕکردنی ناوخۆیی، دەتوانرێت کاڵا و پێداویستی جۆراوجۆر لە بازاڕە بیانیەکانی دەرەوەی وڵاتیش داوابکرێت و پارەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی بدرێت. وەکو فرۆشیاریش؛ دەتوانیت کارێکی ئۆنڵاین دابمەزرێنیت و کاڵا و بەرهەمی جۆراوجۆر لە دەرەوە بکڕیت و لە ناوخۆی هەرێم بیانفرۆشیت، کاتێک کڕیار بەرهەمێکت لێ دەکڕێت، دڵنیا دەبیت لەوەی کە پارەکەت ڕاستەوخۆ بێ بوونی هیچ نێوەندگیرێک دێتە سەر هەژمارەکەت.

2. وەرگرتنی قەرزی بەکارهێنان، لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانی جۆری "کرێدت کارت" بانکەکەت بڕێکی دیاریکراو لە پارەت وەکو قەرز بۆ خەرجی مانگانە پێ دەدات. لە حاڵەتی لەناکاو و نەخوازراودا کە پێویستیت بە بڕە پارەیەک دەبێت پێویست ناکات داوا لە کەس بکەیت بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کارتەکەتەوە دەتوانیت ئەو پارەیەی بۆت دیاریکراوە بەکاربێنیت و دواتر بیگەڕێنیتەوە بۆ بانکەکە. ئەو قەرزە لە دۆخێکی وەکو نەخۆشی یان دانی قیستی خوێندنی منداڵەکان سوودێکی زۆری دەبێت.

3. ئاسانکاریت بۆ دەکات بۆ کرداری "پاشەکەوت کردنی پارە"، بانکەکان ئۆفەری جۆراوجۆر پێشکەش بە کڕیارەکانیان (سەوداکارەکانیان) دەکەن تاکو هانیان بدەن بۆ ئەوەی بەشێک لە پارەکانیان وەکو پاشەکەوت لای ئەو بپارێزن. چونکە بانکەکان ئەو پارەی سەوداکارەکانیان بە قەرز دەدەن بە کۆمپانیایەک، بەمەش پارەی زیادە دێتە سەر هەژمارەکەت و مانگانە داهاتێکت دەست دەکەوێت (بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆت ئازادیت بانکێکی ئیسلامی هەلبژێریت یانیش کلاسیکی). هەروەها کردنەوەی هەژمارێکی هاوتەریب بۆ هەژمارەکەت یان سەندوقێک کە وەکو دەخیلەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی پارە بەناوی منداڵاکانت.

4. سوودمەند دەبیت لە ئەپڵیکەیشنی مۆبایل یان ماڵپەڕی بانکەکە بۆ ئەنجامدانی کردارە بانکییەکان بە شێوەی ئۆنڵاین لە ماڵەوە یانیش لە کاتی دەوام بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە سەرەی بانک بوەستیت و کات و وزە و بەنزین سەرف بکەیت. لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە دەتوانیت پارە حەواڵە بکەیت، شتی دڵخوازت داوا بکەیت و بکڕیت. هەروەها دەتوانیت لە ڕێگەی ئامێرەکانی بژمێری ئەلیکترۆنی ATM پارە ڕابکێشیت و چەندین کرداری تر ئەنجام بدەیت.

5. بوونی کارتی بانکی دەتپارێزێت لە وەرگرتنی پارەی ساختە یا کۆن و دڕاو. لەبەر ئەوەی مووچەکەت دێتە سەر هەژمارە بانکییەکەت، کەواتە ڕاستەوخۆ دەکەویتە ژێر پاراستنی ئەو بانکە و پارەی دڕاو و کۆن و ساختەت تووش نابێت. چیتر بیر و هۆشت لای قاسەکە نابێت لە ماڵەوە چونکە بەرپرسیارەتی پارەکانت لە هەژمارەکەتدا دەکەوێتە ئەستۆی بانکەکە و بانکی ناوەندی یەوە. بەمەش سامان و داراییەکەت پارێزراو دەبێت لە مەترسییە جۆراوجۆرەکانی وەکو دزین، ونکردن، ئاگر و لافاو ...هتد.

6. گەڕانەوەی پارەیەکی باش لە کردارەکانی کڕیندا کە دەبێتە هۆی قازانج کردن بۆ فەرمانبەران و بەشداربووانی پڕۆژەی هەژماری من. زۆرجار بانکەکەت لەگەڵ مۆڵ و بازاڕ و پەیجە جۆراوجۆرەکان ڕێک دەکەوێت بۆ ئەوەی داشکاندنێکی تایبەت پێشکەش بە هەڵگرانی کارتەکەیان بکەن. هەروەها بانکەکان سیستەمی کۆکردنەوەی خاڵیش چاڵاک دەکەن کە بە بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کردارەکانی کڕین و پارەدان خاڵ بەدەست دەهێنیت و خاڵەکانت بۆ کۆدەکرێتەوە دواتر دەتوانیت وەکو کاش یان وەکو داشکاندن بەکاری بهێنیتەوە.

7. لە کاتی سەفەرکردن بۆ شارێکی تر یانیش وڵاتێکی تر، ئیتر نیگەرانی پارەکانت نابیت و ناچار نابیت بڕەپارەیەکی زۆر بەشێوەی کاش لای خۆت هەڵگریت، بە تایبەت لە کاتی سەفەرکردن بۆ وڵاتێکی تر هەڵگرتنی بڕەپارەیەکی زۆر، مەترسی لەسەر ژیانیشمان دروست دەکات بەهۆی دز و ڕێگرەکانەوە. لەو شارە یان وڵاتەی کە بۆی دەچیت دەتوانیت پارەی هۆتێل و تەکسی و مۆڵ و بازاڕەکان بە هۆی ئەو کارتەوە بدەیت. لەکاتی ونکردنی کارتەکەت، یان بە پەیووەندی کردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری بانکەکەتەوە یانیش ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشن و ماڵپەڕی بانکەکەوە دەتوانیت کارتەکەت ڕابگریت و بسووتێنیت بۆ ئەوەی کەسێکی تر نەتوانێت بەکاری بێنێت. دواتر دووبارە داوا لە بانکەکەت دەکەیت کارتێکی ترت بۆ دروست دەکات.

8. کارتەکان دەرفەتی ئەوە بەخاوەنەکانیان دەبەخشن کە بتوانن کەل و پەل و پێداویستییەکانیان بەشێوەی قیستی مانگانە بکڕن و بەیەکجار پارەکەی نەدەن. بە گوێرەی ڕێککەوتن و هەماهەنگی بانکەکەت لەگەڵ بازاڕ و مۆڵ و سایت و پەیجەکان؛ مافی ئەوەت پێ دەدرێت کە پێداویستی یەکانت لە ڕێگەی قیستی جۆراوجۆر (بۆ ماوەی دوو مانگ، سێ مانگ، شەش مانگ...هتد) بکڕیت و بەیەکجار تەواوی پارەکە نەدەیت. ئەمەش فشارێکی زۆرت لەسەر کەم دەکاتەوە و بەکارهێنانی ئاسانیشە چونکە چیترپێویست ناکات هەموو سەرەمانگێک خۆت بچیتە لای فرۆشیارەکە بۆ دانی قیستەکانت و چیتر خۆت چاودێری قیستەکانت ناکەیت، بەڵکو بانکەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی مانگانە بە گوێرەی بژاردەی هەلبژێردراو بڕی پارەی قیستەکەت لێ کەم دەکات و دەینێرێت بۆ فرۆشیارەکە و بە ئیمەیڵ یان کورتە نامەیەک ئاگادارت دەکاتەوە.

9. بەدەستهێنانی پشتگیری بانکی لەکاتی داواکردنی ڤیزەی وڵاتان. سوودوەرگرتن لە ئۆفەر و داشکاندنی جۆراوجۆر بۆ کڕینی بلیتی (تکتی) فڕۆکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی ناچار بیت بە نرخێکی گرانتر و بە دەستحەقێکی زۆرەوە لە کەسێکی تر و لایەنێکی تر بیکڕیت.

10. لە داهاتوودا تەواوی دام و دەزگا میری یەکان بە سیستەمی بانکی دەبەسترێنەوە، بۆ دروستکردن یان نوێکردنەوەی پاسپۆڕت، مۆڵەتی شۆفێری، کاروباری تاپۆ...هتد بە ئاسانی لە شوێنی خۆت پارەکان واسڵ دەکەیت.

ئەوانەی سەرەوە گرنگترین و دیاترین سوودەکانی هەبوونی کارتی بانکی و هەژماری بانکین کە دەکرێت لە داهاتوودا فەرمانبەران سوودمەندبن لێیانەوە. خاڵێکی تری زۆر گرنگ هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەویش بریتی یە لە متمانە بە پڕۆژەکە و سیستەمی بانکی. بە دڵنیاییەوە بانکە بەشداربووەکان و ئەوانەشی کە لەداهاتوودا بەشداری پڕۆژەکە دەبن هەموویان مۆڵەتی کارکردنیان لە بانکی ناوەندی عێراقییەوە وەرگرتووە و لە ژێر چاودێری ئەو بانکەوە کار دەکەن. بانکی ناوەندی بەرپرسیارە لە پاراستنی پارەی ناو بانکەکان و بەرژەوەندی کۆمپانیا و خەڵک و ئابووری وڵات. بۆیە بە کۆمەڵێک مەرجی قورس وەکو (دانانی بەشێک لە سەرمایەی بانکەکان، دانانی بەشێک لە سپاردەکان بە شێوەی کاش) لە بانکی ناوەندی مۆڵەتی کارکردن دەدات بەو بانکانە و بەشێوەیەکی دەوری و بەردەوام سەردانی ئەو بانکانە دەکەن و چاودێریان دەکەن. بەمەش دڵنیایی دەدرێت بەوەی کە بانکەکان بە شێوەی یاسایی بە پێی ڕێسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن و مەترسی لەسەر ئابووری وڵات و پارە و سامانی خەڵکی دروست ناکەن.

هەروەها بەپێی یاسای بانکی ناوەندی عێراقی بانکەکان بەرپرسن لە کارکردن بە یاسای پاراستنی نهێنی و ڕێزگرتن لە مافی خاوەن هەژمارە بانکییەکان و ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک جگە لە خۆت یان ئەو کەسانەی بریکارنامەیان بۆ دەردەکەیت  دەستکاری هەژمارەکەت بکات. نەک هەر ئەمەش، تەنانەت کەس بۆی نیە سەیری باڵانس و بڕی پارەی ناو هەژمارەکەت بکات جا ئەو کەسە چ دام و دەزگایەکی حکومی بێت یان هەر کەسێکی تر. واتە تەنها تۆ بۆت هەیە پارە ڕابکێشیت لە هەژمارەکەت و پارە حەواڵە بکەیت. هیچ دام و دەزگایەکی حکومی ناتونێت هیچ بڕە پارەیەک لە هەژمارەکەت ببات لەبەرامبەر خزمەتگوزاری وەکو ئاو و کارەبا..هتد.