دیبلۆماسیەت و هەژموون، هەڵوێستی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین

Kurd24

بێ گومان پێشبینیکردن بۆ سیاسەتی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو دەسکەوت و زیانانەی، کە زلهێزەکان لە ڕابردوو بە هۆی هەڵوێستیان نواندوویانە.

ڕاستە جەنگی ئیسرائیل لە غەزە و کەناری ڕۆژئاوا و هێرشەکانی هاوپەیمانان دژ بە حوسییەکان لە یەمەن و ملییشیاکان لە شوێنی تر فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبن بۆ کارتێکردن لە پێگەی ئەو دەوڵەتانە لە ئایندەدا، چونکە جەنگ زۆر جار دەبێتە هۆکاری دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و ڕۆڵەکان، بە مەرجێ ئەو جەنگانە کۆتاییان پێ بێ، یان هەر هیچ نەبێ بە شێوەیەکی بەرچاو هێور ببنەوە.

ئەگەر باس لە دیبلۆماسیەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەین، ئەوا ئاشکرایە، کەوا ئەو ڕووداوانە بوون بە هۆکاری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو جەرگەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ئێستا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناکرێ. ئەمەش لە پاڵپشتیکردنی بێ سنووری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە و بەکارهێنانی مافی "ڤیتۆ" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕانەگرتنی جەنگ لە غەززە بە ڕوونی دەردەکەوێ. ئەگەر چی لای خۆیەوە ئەمریکا وەکو دیبلۆماسیەت کاری بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی مرۆیی کاتی و فشارخستنە سەر ئیسرائیل کردووە بۆ زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییە فریاگوزارییانەی، کە ڕێگەیان پێدراوە. لە هەمان کاتیشدا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل، هەرچەند بۆچوونی جیاواز لە نێوان هەردوو دەوڵەت هەیە لەسەر ژمارەیەك بابەت، لەوانە ڕاگواستنەوەی بە زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بۆ دەرەوەی سنوور و ڕەتکردنەوەی دووبارە داگیرکردنی غەززە و لەتکردنی و جاڕدانی چارەسەری دوو دەوڵەت.

دیارە لە ئایندەدا چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێ، ئەمریکا بەردەوام بێت لە پەیڕەوکردنی دیبلۆماسیەتێکی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بە مەبەستی باشترکردنی وێنەی خۆی لە ناوچەکە، ئەم کارەش بە بووژانەوەی چارەسەرکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەکرێ، ئەگەر چی بۆچوونەکان سەبارەت بە چارەسەرەکان جیاوازن.

دیارە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، کە بڕیارە لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ئیدارەی بایدن تواناکانی کەمتر دەبێ بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکان سەبارەت بەم بابەتە. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر واشنتۆن توانی ڕێگەیەك بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی بدۆزێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرهەمەکەی بەکاردەهێنێ بۆ زیندووکردنەوە و چالاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.

کەواتە ئەرکی دیبلۆماسیەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتی دەبێ لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی، نەتەنها لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان، بەڵکو لەگەڵ تورکیا، ئەگەرچی تورکیای ئەردۆغان لە ڕابووردوو ڕەخنەی زۆر توندی ئاراستەی ئیدارەی بایدن دەکرد، گوایە کوێرانە پشتگیری ئیسرائیل دەکات و بەڵێنی دابوو، کار لەسەر ئەوە بکات، سەرۆك وەزیران ناتانیاهۆ بەهۆی "تاوانکاری جەنگ" بدرێتە دادگای نێودەوڵەتی.  

سەبارەت بە ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ڕێساکانی بەشداریکردن و پێکدادان (Rules of Engagement) لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان  و ڕێگریکردن لە پرۆکسییە چەکدارەکانی ئێران لە عێراق، تا هێرش نەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق وسوریا و دڵنیابوون لە ئازادی هاتووچۆی کەشتییەکان لە باب مەندەب و دەریای سوور، بێ ئەوەی حوسییەکان دووبارە هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە وڵاتانی عەرەبی، ئەگەر جیاوازییەکیش هەبێ لە بۆچوونیان، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی، کە لە پەیوەندی ستراتیژی بەهێزن لەگەڵ ڕوسیا، بۆ نموونە دەوڵەتێکی وەکو جەزائیر.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا، ئێمە پێمان وایە یەکێتی ئەورووپا بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس، لە هەمان کاتدا کار دەکات بۆ سەپاندنی سزا بە سەر ئەو نیشتەجێبووانەی، کە توندوتیژییان بەکارهێناوە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان، لەوانەیە ئەو بودجەیەی، کە بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی لە ڕام اللە تەرخانکراوە، کە  بڕەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٢٩٤ ملیۆن یورۆ بوو،  زیاد بکرێ، ئەگەر دەسەڵاتێکی نیشتمانی شیاو توانی پەرە بە دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنی غەززە بدات.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ئابووری لە میسر و ئوردن، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە سنووری جوگرافی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەوروپا هەیە، بۆ ئەو بابەتە پلانی هاوکاری دارایی و وەبەرهێانی جاڕ دراوە، کە بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە  ١٠ ملیار یورۆ.

لە ڕابووردوو ڕوسیا و چین سوودیان لە بێلایەنی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێزی گۆڕینی پێگەی ئەمریکا بۆ ئاسیا وەرگرت، بەتایبەتی لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکی پێشوو، باراک ئۆباما، بۆ بەهێزکردنی پێگەکانیان و فراوانکردنی کاریگەرییان لەو ناوچەیە. هەردوو وڵات لە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی تر سیاسەتێکی پراگماتیکییان پەیڕەو کرد، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی هاوبەش. ڕوسیا چەندین ڕێککەوتنی ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە واژۆ کرد و سەرکەوتوو بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و توانی خۆی دەرباز بکات لەو سزایانەی کە ڕۆژئاوا بەسەر مۆسکۆ سەپاندبووی. ڕوسیا سوودمەند بوو لە دەستپێکردنی جەنگی غەزە، چونکە سەرنجی جیهانی لەسەر جەنگی ئۆکرانیا کەم بووەوە و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا پەكخرا و دەرفەت بۆ پوتین ڕەخسا، ڕەخنەی توند لە ئەمریکا بگرێ و بە "ماڵی جاڵجاڵۆکە"ی ناو بەرێ، گوایە بە هەموو ناوچەیەکدا پەرش و بڵاو بووە و بووە بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هەڵوێستی ڕوسیا بە چەندین فاکتەرەوە گڕیدراوە، کە بریتییە لە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و پەیوەندی لەگەڵ ئێران و حەماس و ئەوەی پێی دەوترێ "جەمسەری بەرگری" و ڕوسە موسڵمانەکان، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس.

سەردانە مەکوکییەکانی پوتین بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئێران بە مەبەستی بەدەستهێنانی وێنەیەکی ئەرێنی بوو، لە کاتێکدا داوای ڕاگرتنی جەنگی و ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی دەکرد بۆ سەر غەززە.  

ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە چوارچێوەی ''ئوپێک پلەس" و فرۆشتنی چەك و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەی کە ئەمریکا ڕێگە نادات بەو وڵاتانە بفرۆشرێت، بۆیە ڕوسیا خۆی وەک بکەرێکی کارا لەناو هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین نمایش دەکات.

ڕووسیا بە هۆی پەیوەندی باشی لەگەڵ حەماس دەتوانێ ئەو کارتە بەکاربهێنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، ئەگەرچی لە ڕابردوو بە هۆی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئۆکرانیا گرژی کەوتە نێوان ئیسرائیل و ڕووسیا، بەڵام تا ئێستا ڕووسیا لە پەیوەندیەکی باشە لەگەڵ ئیسرائیل، بە تایبەتی لە سووریا هەهامەنگییەکی باشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

کۆماری چینی میللی لە تەنگژە و ڕووداوەکانی ناوچەکە سوودمەند بووە، چونکە جەنگی غەززە وای کرد ئەمریکا لە تەنیشت جەنگی ئۆکرانیا بە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە سەرقاڵ بێت و کەمتر گرینگی بە بابەتی تایوان و ئیدارەدانی ململانێ لەگەڵ چین لە ناوچەی ئیندۆ -پاسیفیك بدات.

جەنگی غەززە پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووری نێوان هیند و سعودیە و ئیمارات  و ئوردن و ئیسرائیلی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرت، کە ڕکابەری پرۆژەی "پشتێنە و ڕێگا"ی چینە.

هەرچەند چین سەرەتا سیاسەتێکی وریا و هاوسەنگی پەیڕەو کرد، بەڵام کاتێ ڕووداوەکان زیادیان کرد، ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر غەززە و ڕەخنەی لە هەڵوێستی ڕۆژئاوا گرت، کە لایەنداری تەل ئەبیب بوو. ئەم هەڵوێستەی لە دەربڕینی مافی "ڤیتۆ" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی بڕیاری ئەمریکا پیشان دا، کە لەگەڵ ڕاگرتنی شەڕ نەبوو. لە ئاداری ساڵی ڕابووردوو چین سەرکەوتنێکی دیبلۆماسی گەورەی بەدەست هێنا، کاتێ نێوەندگیری کرد بۆ نزیککردنەوەی ئێران و سعوودیە و دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی نێوانیان. لە چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان چین خۆی وەکو نێوەندگیر دەرخستووە، ئایا چین بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر ئەم بەرنامەیەی بەردەوام دەبێت، یان تێكچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئەم ئەگەرە لاواز دەکات؟

ئێمە پێمان وایە چین بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی دەستێوەرنەدان لە  کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکان و زیاتر فۆکس دەخاتە سەر  پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەوەی ململانێکان نەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی ئابورییەکانی، بە تایبەتی ئەمڕۆ چین هاوبەشی بازرگانی یەکەمە لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و پشت بە هاوردەکردنی نەوتی وڵاتانی عەرەبی و ئێران دەبەستێ.  

لە کۆتاییدا، وڵاتانی زلهێز سیاسەتی خۆیان بە شێوەیەکی کتوپڕ و بێ بەرنامەی پێشوەختە ناگۆڕن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن، مامەڵە لەگەڵ دۆخە گۆڕاوەکان بکەن و خۆیان بگونجێنن و سوودیان لێ وەرگرن. سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەم ساڵ ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنەیە بۆ سوود و زیانەکان، کە لە ساڵی رابردوو کراوە. ڕوسیا و چین لە ئێستادا لە دۆخێکن، دەرفەتیان پێ دەدا، پەرە بە ڕۆڵی خۆیان بدەن و هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە فراوانتر بکەن. 

لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ ڕێگریکردن لەوەی مۆسکۆ و پەکین نەتوانن ئامانجی خۆیان بپێکن.

ئەمریکا ئەکتەری سەرەکی دەبێت لە ناوچەکە و هەوڵ دەدات بۆ چاککردنەوەی وێنە و بەهێزکردنی پێگەی خۆی.  

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان