هێرشە مووشەکییەی سەر هەولێر ستەمکارییە بەرامبەر بە گەلی کوردستان

Kurd24

هێرشەکەی شەوی 15/16ی کانوونی دووەمی 2024 بە مووشەکی بالیستی و بە درۆن بۆ سەر هەولێری پایتەختی ئاشتی لە ڕێگەی سوپای پاسدارانی ئیرانەوە، کە بووە مایەی  شەهیدکردنی ژن و منداڵ و کەسانی سڤیل، پێشێلکارییە بەرامبەر بە سەروەری عێراقی فیدراڵ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ.

بە دڵنیاییەوە بیانۆکانی، کە لە بڵاوکراوە فەرمییەکانی ئەو لایەنەی هێرشکەی ئەنجام داوە هاتووە، بێ بنەما و دوورن لە ڕاستی. ئەو بڵاوکراوانە تەنها بەمەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتە فۆرمولە کراوە.

کوماری ئیسلامی لە ڕابردوودا بە هەمان شێوەی ئەمجارە هێرشی کردۆتە سەر هەولێری پایتەخت و ماڵی بزنسمانێکی کوردی پێکاوە و دواتر بڵاوی کردۆتەوە، گوایە سیخوڕانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەناو بردووە، ئەم جارەش هەر ئەو قەوانەی دووبارە کردۆتەوە، کە لە ڕاستیدا تراژیدیا و گاڵتەجارییە.

هەرێمی كوردستان لە پاش دامەزراندییەوە لە ساڵی 1992 وەکو قەوارەیەكی گرینگ لە ناوچەکە و لە پاش 2005 وەکو هەرێمێکی دەستوری دانپێنراو لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوام سیاسەتێکی حەکیمانەی ئاشتیخوازانەی پەیڕەوکردووە و نەبووە بە مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ و کاری لەسەر چەسپاندنی بەها مرۆییەکان و بونیادنانی ژێرخان و پاراستنی سەقامگیری کردووە، بۆیە لە ئێستادا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ هەنگاوە پێشکەوتنخوازەکانی بە چاوی ڕێز تەماشای دەکرێ و بە فاکتەرێکی گرینگی زامنکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە ئەژمار دەکرێ.

هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، کە بە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئێتنە جیاجیاکان و ئایین و ئایینزاکان ناسراوە، ناڕەزایی و توڕەیی گەل و حکومەتی هەرێمی كوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ کەوتۆتەوە،  مایەی گەشبینییە کەوا هەر یەك لەو لایەنانە ئەو هێرش و پەلاماردانانە بەتوندترین شێوە ئیدانە دەکەن.

ئەم هێرشانە، کە بە مەبەستی لاوازکردنی سەقامگیری ئاسایشیی و ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی هەرێم ئەنجام دراون، دەبنە مایەی  بەهێزبوونی ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ بەرگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەی تاریک پەرەستان و هەوڵە فراوانخوازییەکانی هێزە هەرێمییەکان.

گەلی كوردستان بە پشتبەستن بە ڕێبازی پیرۆزی سەرکردایەتی سیاسی و دلێری و نەبەردی هێزی پێشمەرگە توانیویە لە ڕابووردوو بەرگری لە مانەوەی قەوارەی هەرێم بکات و سەرکەوتوو بێت بەسەر دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەدلنێیایەوە لە ئایندەشدا هەر بەردەوام دەبێت.  

هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێز و هێزە هەرێمییەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی بە ئاشتی کۆمەڵگەیی و ئاشتی نێوان گەلان هەیە و پشتبەست بە عەقڵانیەت و دیالۆگ و پەنابردن بۆ میکانیزمە دیبلۆماسییەکان بەردەوام کار بۆ  پاراستنی خاك و نیشتمان و بەها باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بۆیە زۆر گرینگە سەرجەم دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە یەك هەڵوێستی و بە کۆدەنگی پەیامی ئیدانەکردنی ئەو جۆرە پەلاماردانانە جاڕ بدەن. 

پێویستە گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەگەر گەلی کوردستان بە بەشێ لە عێراقی فیدڕاڵ دادەنێن، بێ دەنگ نەبن بەرامبەر بەم تاوانکاریانەی، کەدژ بە هەولێر و ناوجەکانی تری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دەربڕن.

پێویستە حکومەتی عێراق ڕێکاری یاسای بگرێتە بەر و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەم تاوانکارییە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، هەروەها پێویستە وڵاتانی هاوپەیمانی و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەلگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بە توندی ئەو هێرشانە مەحکوم بکەن و ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بۆ ڕاگرتنی هێڕشکردنە سەر ماڵی کەسانی سیڤیل و بەئامانجگرتنیان.

ناکرێ وەکو ڕابوردوو حکومەتی عێراق چاوپۆشی لە هەژموونی  میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بکات و لێگەڕێ ئەو گروپ و تاقمانە وەکو دەوڵەتی هاوتەریب هەژموونی خۆیان بەسەر هەموو عێراق  پسەپێنن و ببنە مایەی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

دواجار توندوتیژی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و مووشەك هاویشتن هەرگیز ئاشتی لەگەڵ خۆیان ناهێنن.