بە موشەكی بالیستی و درۆنی بریكارەكان دیبلۆماسیەتی دەوڵەتمەدار راناگیرێت

Kurd24

"دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن.." ئەمە تەنیا وتەی سەرۆكێك نییە كە بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ كورد و كوردستانییان كردووە و، لەپێناو گەلەكەیدا قوربانی زۆری داوە ، ئەمە ئیرادەی گەلی كوردە لە ناوهزرو بیروباوەڕی  بارزانەوە هەڵقوڵاوە، لەپێناو  كوردایەتی و پاراستنی مەزڵوم بەهێزكردنی قووڵكردنەوەی بنەماكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی خەباتێكی بێ وچانی كردووە.

سەرۆك مسعود بارزانی  كاتێك بەم وتەیە وەڵامی مووشەكبارانی سوپای پاسدارانی بۆ سەر ژن و منداڵ و خەڵكی سیڤلی موسڵمانی هەولێری دایەوە، كورد و كوردستانیان لەكوردستان و شارو پایتەختەكانی ئەوروپا و جیهان ڕژانە سەر شەقامەكان و پاڵپشتی سەرۆك و گەلەكەیان كرد، پێكەوە دژی ئەو زوڵم و پەلاماردانە راوەستانەوە،  كە دژی هەموو پرەنسیبە نێودەوڵەتییەكان و یاسا و عورف و مافەكانی مرۆڤ و دابونەریتی دراوسێتی و پێكەوەژیان بوو، بۆیە بارزانی و  كورد و كوردستانییان پێكەوە هەموو ئەو بێ دەنگییەیان شكاند كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەم گەلە بەدەست بریكارەكانی سوپای پاسدارانەوە گیرۆدەی بوون،  بە گەمارۆو دژایەتیكردنی ماف و شایستەكانی گەلی كورد  و درۆنەكانیان و كوشتنی خەڵكی مەدەنی زیانی گەورەیان  بەخەڵكی سیڤل و ئابووری و قووتی خەڵك گەیاندووە.

ئەوان بۆیە تا ئێستا هەموو ئەم تاوانانەیان بۆچووەتە سەر، چونكە پێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیخوازی تەسك ئاراستە كراوە ، لەم كاتەشدا سوودیان لە گرژی و ململانێكانی ناوچەكە وەرگرتووە و ئەمجارە لەماوەی دوو ساڵدا دووجار بە موشەكی بالیستی ئیعلانی جەنگیان دژ بەكورد كردووە، لەپێناو مەرام و مەبەستی دوژمنكارانە و بۆ ملكەچكردنی گەلی كورد و سەرقاڵكردنی خەڵكی خۆیان و شاردنەوەی شكستەكانیان ئەم هەڵە مێژووییەیان ئەنجام داوە ، ئەوان خوازیاری ئەوە نین دەوڵەتی دیفاكتۆی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی لەناوچەكەدا هەبێت،  لە سەردەمی ریفراندۆمەوە دژایەتی نەتەوەی كورد دەكەن، خوازیاری ئەوە نین لەوە زیاتر پێشبكەوێت و خەڵكی وڵاتەكەی خۆی بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار و ئازادی گەشتی هەرێم بكەن.

زۆر دەمێكە لەڕێگەی پروپاگەندەو درۆ و نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوەو هێرشكردنی بریكارەكانیان لەنێوخۆی عێراق بە درۆن هێرش دەكەنە سەر كوردستان ، بابەتەكە سازش و ملكەچكردن و گوێڕایەڵیش نییە وەكو ئەوەی هەندێك كەس لێرەو لەوێ باسی دەكەن بۆ ئەوەی لەشەڕانگێزی ئەو سوپا پڕ چەكە دەربازمان بێت ، ئەوان خوازیاری شكستپێهێنانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و كۆچپێكردنی گەلەكەین ، نایانەوێت "بەئازادی و ئاشتی گەلی كوردستان بژی " برسیكردن و گەمارۆو لێدانی پێگەی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ زیانگەیاندنە بە ئیرادەی گەلی كورد و كوردستانییان ، ئەوان ناخوازن كوردستان سەرۆك حكومەتێكی بووێر و پۆڵاینی هەبێت كار بۆ دامەزراندنی كارگە و پیشەسازیی و پێشخستنی كشتوكاڵ و كەرتی وزە بدات ، خوازیارن گەلی كورد پاشكەوتەی هەناردەكردنی كەلوپەل و مەوادی بێكەڵك و ماوەبەسەرچوو ژەهری ئەوان بێت و هەرگیز گەلێكی بەرهەمهێن نەبێت ، ئەی ئەوە نییە گەورە وەبەرهێن و بیزنسمانەكانیان كردووەتە ئامانج ، بیانوو پاساوە بێ بنەماكان شەڕفرۆشتنە هەر دەمەو بەشێوازێك ؛ لەڕێگای هێرشكردن و هاویشتنی درۆنی بۆمبڕێژكراو یاخود لە رێگای بڕینی بودجەو مووچە و قووتی خەڵك یا لەرێگەی ئاژاوەو دووبەرەكی و .. تا دواجار سەبریان لێبڕاو ئیعلانی جەنگیان دژی كورد راگەیاندوو مووشەكی بالیستیان ئاراستەی پایتەختی پێگەوەژیان و ئارامی كرد ، سوپای پاسداران و بریارەكانیان لە ترسی ناڕەزایەتی خەڵك و شكستەكانیان چاویان هەڵنەهات بەسەركەوتنی هەوڵە دیبلۆماسییەكەی  سەرۆكی حكومەت لە داڤۆس ، كە چەندین سەرمایەدارو بیزنسمانی گەورەی كورد و بیانی لەگەڵدا بوون بۆ ئەوەی لەناو جەرگەی ئەوروپاوە كار بۆ دەربازبوون لەقەیران و گەمارۆكان بكەن و چیتر گەلی كورد و مووچەخۆران برسی نەكرێن و كوردستان ئابوورییەكی بەرەوپێشەوە بچێت، لەو دەمەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرقاڵی ئەوە بوو بە حكومەتەكەی ئێران و ناوچەكە بڵێت : هەرگیز كورد بەشێك نەبووە لە ململانێ نێودەوڵەتی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و 32 ساڵی حوكمڕانی كوردی كاری تێكدەرانەو دوژمنكارانەی بەرامبەر هیچ گەل و حكومەتێك ئەنجام نەداوە، بگرە كاری بۆ ئاشتی و سەقامگیری و بەرژەوەندی هاوبەش كردووە، كەچی سوپای پاسداران بەزمانی مووشەك وەڵامیان دایەوە و حكومەت و دەزگاكانی دیكەی ئەو وڵاتەشیان بەلارێدا بردووە.

ئەوەیان لەبیر كردووە كە بەرزی هەستی كوردبوون لەسەرووی موشەك و درۆنەكانی بریكارەكانیانەوەیە، كورد و سەرۆك بارزانی لەتەنگوچەڵەمە و قەیران و هەڕەشەكاندا بەهێزتر دەردەكەون و ئەو كاتە كورد زیاتر هزری كوردایەتی و دژایەتیكردنی دوژمنەكانی سەرسەختتر دەبێت و ئیرادەی لە پێناو ژیان و كەرامەتی بەرزتر دەبێت ، بڕۆن سەیری شەهید و ئەنفال و زیندان و كۆمەڵكوژەكانمان بكەن،  كە لەدوای هەموو تاریكایی شەوە زەنگێكەوە تروسكایی هیوا و ئومێدێكی گەورەتر دەردەكەوێت .