ورەی پۆڵایینی شەهید ئەوڕەحمانی نفووس و دڕندەیی حەرەس قەومییەكان.

Kurd24

بە بیرم دێت لە مەنعەتولجوالی لە ساڵی 1977 تەمەنم نۆ ساڵانێك دەبوو، ماڵمان لەسەر شەقامی ئیبراهیم پاشا بوو، لەو رۆژەدا پیاوانی سەر بە ئەمنی رژێمی بەعسی، ماڵ بە ماڵیان دەپشكنی..

 لە ترسی ئەوەی نەوەكا ئەو وێنە فۆتۆگرافیانەی شەهید عەبدولڕەحمانی نفووس بكەونە دەست ئەمن و موخابەراتی بەعسی و بە هۆیەوە تووشی ئازار بین یان ماڵمان بڕوخێنن، من و دایكم یەك بە یەكی وێنەكانمان لە ئەلبومێك دەردەهێنا و دەمانسوتاندن، فرمێسكی چاوی دایكم و دوكەڵی سووتاندنی وێنەكان هەتا ئێستاش كە بە بیرم دێتەوە موچڕكە بە هەموو گیانمدا دەهێنێت..

 ئیتر لە پاش راپەڕینی كوردستانەوە، سەبارەت بە شەهید عەبدولڕەحمانی نفووس لە نزیكەوە چاوپێكەوتن یان لێدوان یان قسەم لەگەڵ كەسانێكی زۆر دەكردن، وتەكانی ئەو بەڕێزانە لە كتێبێكدا بە ناوی (خۆری ئارابخا) لە لایەن (زانیار سەردار) دووبارە ئامادە و بڵاوكرانەوە، هەروەها لە رۆمانە ناوازەكەی (عەبدوڵڵا سەراج) بە ناوونیشانی (هەڵكشان بەرەو لووتكە) و لە نۆڤلێتەكەی (حەسەن جاف) بە ناونیشانی ( دیجلەی تاوان) شەهید عەبدولڕەحمانی نفووس كارەكتەری سەرەكی یان كارەكتەرێكی باڵای ناو تێكستەكانیان بووە، دواتر لە سەرەتای راپەڕیندا لەگەڵ خوالێخۆشبوو (خالید دلێر)ی هونەرمەند دیمانەیەكم ریكۆرد كرد، كە تێیدا ئاماژەی داوە بە رۆژنامەی گەلاوێژی ئەو سەردەمە، كە چۆن شەهید عەبدولڕەحمان لە ژێر ناوی خوازراوی (شێرۆ) چەند بابەتێكی سیاسیی و فیكری بڵاوكردۆتەوە، هەروەها رێنوێنی بەڕێزیان (واتە خالید دلێر) وایكرد زۆربەی ئەو كەسایەتیانە بدۆزمەوە، كە نزیك و دوور یان راستەوخۆ لە لایەن شەهیدەوە كار و چالاكییان بەسەردا دابەشكرا بوو، لەو سەردەمە ئاڵۆزەی مێژوودا كە شاڵاوی داپڵۆسین و ستەمكاریی لە بەرانبەر نەتەوەی كورد زیاتر پەرەی سەند بوو، شەهید عەبدولڕەحمان وێڕای ئەوەی لە پاش ساڵی 1959  بۆ ماوەیەك (بەڕێوەبەرایەتی نفووسی كەركووك)ی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێسپێردرا بوو، هەروەها بۆ ماوەیەكیش بە نهێنی بەرپرسی هێڵی سەربازی (پارتی دیموكراتی كوردستان) ی ناوەند و خوارووی عێراق بووە، بەر لەوەی حەرەس قەومییەكان بیگرن، لە هەوڵی رێكخستنی لیژنەیەكیشدا بووە بۆ سۆراغ و بە دواداچوون لە سەر ئەو كەلوپەلە كەلەپووریی و ئاسەوارییانەی شاری كەركووك كە مێژوویان گەڕاوەتەوە سەر سەردەمانی گۆتییەكان و لە لایەن ئەندامانی شۆفێنی حزبی بەعسی ئەو سەردەمەوە دەدزران و سەرەونگون دەكران، ئەم راستیەم لە زاری خودی بەڕێز (جەوهەر نامیق سالم) یش بیستووە، كاتێك وتی ((شەهید عەبدولڕەحمان لەو زەمانەدا بەرپرسی ئەو هێڵ و باڵانە بوو، كە من و عەلی سنجاری و چەند كەسایەتییەكی خەباتگێڕی تر بەڕێوەمان دەبردن، شەهید لە خەمی دۆزی ئەوسای كەركووكدا بووە، بەربەستێكی تۆكمەی بەردەمی ئەو پیلان و تەڵەكە و كۆسپانە بووە كە بۆ شێواندنی مێژووی ئەو شارە لە لایەن موقاوەمەی شەعبی و حەرەس قەومیەكانەوە ئەنجام دەدران))..

 دواتر بەڕێز( فەلەكەدین كاكەیی) جەختی خستەوە سەر ئەو راستیەی كە شەهید عەبدولڕەحمان لە لایەن خودی جەنابی (بارزانی مستەفا)وە هەڵبژێردرابوو تا ئەو هەڵە زەق و تەزویراتەی كە مەئمورانی توركمان و عەرەبی كەركووك لە سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957 لە سجلی قەیدی نفووسدا ئەنجامیاندا بوو، شەهید عەبدولڕەحمان راستیان بكاتەوە، ئەو مەئموورە شۆفینیانەی كە هەرچی ماڵە كوردێك خوێنەوارییان نەبووە، چووبوون بە عەرەب ناوونووسیان كردبوون و هەمووشیان خستبوونە سەر رەچەڵەكی هۆزە عەرەبیەكانی دەوروبەری كەركووك، ئەوڕەحمانی نفووس ماڵ بە ماڵ سەردانی كردبوون و لە ماوەی چەند مانگێكدا سەرجەلەی خانەوادەی زۆربەیانی بە ریكۆردەر تۆماركرد بوو، دایكم ئەم بەسەرهاتەی سەر راستكردەوە و پێی وتم (كەسوكارە نزیكەكانمان ئەوسا بە دایكمیان دەوت با ئەوڕەحمان ئاگاداری خۆی بێت، ناوی كەوتۆتە سەر زاری عالەم و دەڵێن یاری بە ئاگر دەكات و لایەنە عەرەبیە شۆفینیەكانی كەركووك زۆر لێی توڕەو پەستن) دواتر شەهید ئەوڕەحمان راپۆرتی بە نفووسی گشتی بەغدا و نوسخەشی بۆ لقی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردبوو كە چۆن سەدان ماڵە كورد كە بە تەزویر كرابوونە عەرەب، ئەم و چەند فەرمانبەرێكی هاوەڵی خۆی توانیویانە ئەسڵ و بنەچەیان بە تۆماری دەنگی راست بكەنەوە، كە لە بنەڕەتدا لە نەتەوەی كورد بوون.

 بەڕێز (لەتیف قەرەداغی) پێی وتم كە ئەم كارەی شەهید عەبدولڕەحمان یەكێك بووە لەو هۆیانەی خستبویانە ژێر چاودێری و دواتر كاتێك بە نهێنی چووەتە بەغدا و هێڵی سەربازی پارتی بەڕێوە بردووە، لە لایەن كوردێكی خائینەوە شوێنەكەی بۆ حەرەس قەومییەكان ئاشكرا كراوە و، لەگەڵ صدیق پێنجوێنیدا قۆڵبەست كرابوون و بەرەو كۆشكی نیهایەتیان بردبوون، دواتر لە پاداشتی بەدەستەوەدانی ئەو دوو قارەمانەدا، ئەو كوردە خائینە كراوەتە مولحەقی باڵێوزخانەی عێراق لە ئەمەریكا، پاشتر لە لەیەن شۆڕشەوە بە سزا گەیاندراوە، لەتیف قەرەداغی ئەم راستیەی لە شیعرێكیدا هۆنیبۆوە، دواتر بەڕێز (عەلی سنجاری) گێڕا بوویەوە ((كاتێك عەبدولڕەحمان و حەمە سدیق دەستگیرکران ئیتر ئێمە و سەدان كادری تری ئەوسای پارتی لە ترسی ئاشكرابوون خۆمان شاردەوە، چونكە دەمانزانی كەس لە ژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی حەرەس قەومییەكاندا بە ساغی دەرناچێت، بەڵام  بێ ئەوەی ناوی یەك كەس لە زاریان بێتە دەرەوە، لە ژێر ئەشكەنجەدا رۆحیان ئەسپارد بوو، دواتر جەلادی گەورەی حەرەس قەومییەكان كە (نازم گزار) بووە، بە دەستی خۆی تەرمی پیرۆزی عەبدولڕەحمانی هەنجن هەنجن كردبوو، ئینجا لە ناو سندوقی سیپەچای ئەو زەمانەی خستبوو، دواتر فڕێیان دابووە ناو ڕووباری دیجلەوە و گۆڕغەریبیان كردبوو..

ئەم دیمەن و رووداوە بە وردەكاری زیاترەوە لە نۆڤلێتەكەی (حەسەن جاف) كە بە ناوی (دیجلەی تاوان)ـەوەیە بە شێوازێكی دراما ئاسا گێڕدراوەتەوە، حەسەن جاف پێی وتم ( من خۆم بە باپیرتم وت: تكایە ئاگاداری خۆت ببە و خانووەكە بگۆڕە، كەسانێكی زۆری رێكخستنەكان هاتووچۆیان كردویت، نەوەكا شوێنەكەت ئیخباری بكرێت، بەڵام ئەو پێی وتم- بۆ كاروباری رێكخستن، حزب ئەم خانووەی بە نهێنی بە سێ دینار و نیو بە كرێ گرتووە، شوێنەكە ستراتیژییە و خانووی ترمان بە دوو هێندەی ئەو پارەیە دەست ناكەوێت، نامەوێت قورسایی دارایی بخەینە سەر حزب، ئەوانەی هاتووچۆی منیش دەكەن لە كەسە هەرە دڵسۆزەكانی كوردایەتین و متمانەم پێیانە و لە پێناوی سەرخستنی دۆزی كورددا بە رۆحی خۆیان ئامادەی قوربانیدانن، كەچی پاش چەند رۆژێك لەم گفتوگۆیەی من و ئەو، حەرەس قەومی بەسەر خانووەكەیاندا بوو، زیرەكایەتی شەهید عەبدولڕەحمان لەوەدا بووە كە  ناوی سەدان كادر و تەنزیمی نهێنی ناو بەغدا و شارەكانی تری بە كۆد و ژمارەی نهێنی نووسی بوون و لە دوای گرتنی خۆی كەسیان ئاشكرا نەبوون)).

یەكێك لەو ژمارە و كۆدانە خاوەنەكەی (جەبار فەرمان) بووە، كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی دركاند بوو كە شەهید عەبدولڕەحمانی نفووس لە ساڵی 1961 بە دواوە، سەرپەرشتی كاری سەربازیی ئەو و چەندین كەسایەتی بە ناوبانگی تری ئەو كاتی ناو پارتی كردووە، بەڵام خۆڕاگری شەهید لە ژێر ئەو ئەشكەنجەدانە قورسەی حەرەس قەومییەكاندا وایكرد بوو كە هیچ كام لەو سەدان تێكۆشەرانەی كە شەهید سەرپەرشتیاری كارو چالاكییان بووە نەكەونە بەر دەست حەرەس قەومییەكان، ئەگینا چییان لە شیوعییەكان كرد بوو، بەو شێوەیە پارتییەكانی ئەو سەردەمەشیان جینۆساید دەكردن.

 بەڕێز( ئەنوەر محەمەد جاف) كە خاڵۆزای منداڵەكانی شەهید بوو پێی وتم كە ((لە پاش شەهید كردنی ئەوڕەحمان، حەرەس قەومییەكان دایان بەسەر ماڵەكەیدا و بە چەندین موسەلەحەی لیڤی، كەلوپەلەكانی ماڵەكەیان دزی و مناڵەكانیان فڕێدایە سەر شەقام)).

 ئیتر بەو شێوەیە هەر حەوت منداڵەكەی شەهید عەبدولڕەحمان كە گەورەكەیان دایكم بووە، ئەو كات سێزدە ساڵان بووە، لە ماڵی خاڵە حەمەیان داڵدەدراون و پاش چەند مانگێك لە دوای كارەساتی شەهید كردنی عەبدولڕەحمانی نفووس، دایكی منداڵەكانیشی واتە (قەدریە خانی داپیرەم) بە تەقینی پەرەمێزی حەمام گیانی سپاردووە، بەو شێوەیە هەموو خێزانەكەی شەهید سەرگەردان و ماڵوێران بوون.