گرنگی بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی

Kurd24

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی پلاتفۆرمێکی جیهانی بەناوبانگە کە سەرکردەکانی جیهان تێیدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە. بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی (شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم) جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گەشەپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گەڕان بەدوای دەرفەتە ئابوورییەکان و هەروەها بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی جیهان بوونتەوە.

بانگهێشتکردن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری کردن لەم لوتکە جیهانێە دانپێدانانە بە هەوڵە سەرکەوتووەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حوکمڕانی و سەرکردایەتیدا نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتێشدا. ئەم لوتکەیە دەرفەت دەڕەخسێنێت کە ڕیزدار مەسرور بارزانی بەشداری گفتوگۆکان و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان دا بکات کە ئەمەش دەبێتە پشتگیرییەکی گەورە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەل سەرکردەکانی جیهان و هاوکاریش دەبێت لە دانپێدانانی زیاتر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

ئەم لوتکەیە وەکو هەر لوتکەیەکی تری جیهانی سەکۆیەکە بۆ هاوبەشیپێکردنی زانیاری و بیرۆکە و لە سیستمی حوکمڕانیدا، هەربۆیەش دەرفەتێک دروستدەکات کە سەرکردەکانی جیهان سوود لە تێڕوانین و ئەزموونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەربگرن لە پەیڕەوکردن حوکمڕانی سەرکەوتوو. و خاڵێکی تری گرنگی بەشداری کردن لەم لوتکەیە دەرگا بەڕووی دەرفەتی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، پەیوەندییە ئابوورییەکان بەرەوپێش دەبات و ئاستی بازرگانی وەبەرهێنان بەرزدەکاتەوە. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ئاستەنگە جیهانییەکان بوونتە بەربەست لە پێشکەوتنی ووڵاتاندا  و هەربۆیەش لەم لوتکەیە جیهانیدا سەرکردەکان گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکان دەدەن و بێگومان بەشداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیانەدا دەرفەت دەڕەخسێنێت لە بەئاگابوونی سەرکردەکانی جیهان لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەدا و دەستپێشخەرییەکانی هەرێم و پابەندبوونی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە ناوخۆیی و جیهانییەکان.

بەشێویکی گشتی بەشداری کردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی زۆر گرنگە چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیی بەرز دەکاتەوە و دەرفەت بۆ هاوکاری و گەشەی ئابووری دەرخسێنێت و سوود لە ئەزموون و تێڕوانینەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت لە ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی جیهاندا، هەروەها دەرفەت دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوبەشیکردنی ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، فرەچەشنی کولتووری پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و نێوەندگیریی ململانێکان و بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی لەناو ووڵاتدا، هەروەها بەرنامە و ستراتیژەکانی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی ئاسایش، و ئەزموونی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کولتووری.