ناسنامه و زمان
زمان تاکە ئامراز و پێوه‌رى بەهێزی یەکخستنی هاووڵاتيانه، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک سیمای زمان کە ئەو هێزەی لە بارودۆخێکدا پێ دەبەخشێت، لەوانەیە لە هه‌ندێك بارودۆخی دیکەدا، ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی لێک بڵاوبوون و پێکدادانی ناوخۆیی لە سیستەمێکی نەتەوەییدا. لە كاتێکدا، گەشەکردنی زمانی نەتەوەیی لەوانەیە پاڵپشتێکی باش بێت بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوه‌یی، بۆیه مانەوەی نەتەوەیەک و سەرکەوتنی لە هاندانی بەرەو پێگەی دەوڵەت - نەتەوە لەسەر هەبوونی زمانێکه کە خەڵکەکەی دەتوانن قسەی پێ بکەن و، لەوەیش گرنگتر بخوێنن و بنووسن.
لەگەڵ ئەوەی کە زمانیش لە دیاریکردنی سیماکانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکبوونی گشتیدا رۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت؛ لە راستیدا بۆ درکپێکردنی خاڵە جیاکەرەوە و هاوبەشەکان، بوونی تاکە زمانێک کە گرفتی پێوەندیکردن و کارلێکردن چارەسەر بکات و لە تاکە بابەتێک، تاکە چەمکێک لە زەینی گشت‌دا بەرجەستە بکات پێویستە؛ لەم ڕووەوە، دەکرێ بوونی زمانێکی هاوبەش بە سەرەتای هەماهەنگی و بڕیاری نەتەوەیی بۆ مسۆگەرکردنی ئامانج و تێڕوانینی هاوبەش بزانرێت.
بەگشتی لە ئەورووپا، ئەوە زمان بوو کە ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لەوەی دەوڵەت بە ئامرازەکانی پێشکەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕەسەنایەتیی کولتووری– کۆمەڵایەتی به‌گه‌ڕبخات. زمان بۆ ئەوە بەکار هات کە ناسنامەیەکی جیاواز بە نەتەوە ببەخشێت و، لە نەتەوەکانی دیکە جیای بکاتەوە. ئەمەیش بە گشتی لەبەرئەوە بوو کە کۆمەڵەکە، کۆمەڵێکی تاکە ئیتنیکی بوو، واتە بە شێوەیەکی ئاسایی ئاراستەیەکی هاوبەشی دروستکراو هەبوو لە ڕێگه‌ی لێکچوونێکی ئیتنیکی، کولتووری و نەریتییەوە. هەموو ئەمە لە زۆر حاڵەتدا لە ڕێگه‌ی ئامادەییی بێگانەیەک [ئەوی دیکەوە] لە دەرەوە بەهێز دەبێت، واتە لە دژی ئەو لایەنەی ململانێیەک پێک ده‌هێنێ و زاڵبوونی، یان هەڕەشە شاراوەکانی، پێویستیی هەوڵێکی گشتی [لەلایەن ئێمەوە] بەدی دێنێت.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا، (1500) زمان و شێوەزار لە سەرانسەری جیهان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە لەنێو بچن. لێکۆڵینەوەکە ده‌ریده‌خات ئێستا 7 هەزار زمان و شێوەزار لە سەرانسەری جیهان قسەیان پێدەکرێت؛ ئەگەر کار بۆ پاراستنی ئەوانە نەکرێت کە هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، ئەوا هەموو مانگێک یەکێکیان لەنێودەچێت، هۆکاری سەرەکی لەنێوچوونی زمان و شێوەزارەکان بریتییە لە پێشکەوتنی پەروەردە و زیادبوونی هاتووچۆ لە نێوان گوند و شارەکان، کە وایکردووە ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی زمان و شێوە زارەکان زیاتر رووبکەنە زمانە فەرمی و سەرەکییەکان، به‌ڵام بۆچوونێكى ديكه پێيوايه كه ژماره‌ى زمانه‌كانى جيهان له ساڵى 1500 بۆ 2012 له 14500 زمانه‌وه كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ 6500 زمان. له لايه‌كى ديكه‌وه، توێژه‌رانى بوارى توێژينه‌وه‌ى جيهانگيرى له زانكۆى هاواى، پێنج گۆڕاوى سه‌ره‌كييان دياريكردووه كه كاريگه‌رييان له‌سه‌ر جيهانگيرى زمانه‌كان هه‌يه :
1. ژماره‌ى زمانه‌كان؛ كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره زمانه‌كان له‌به‌شه جياوازه‌كانى جيهاندا، ئاماژه به به‌هێزبوونى هێزه كولتوورييه هاوشێوه‌كان ده‌كات.
2. جووڵه‌ى خه‌ڵكى؛ خه‌ڵكى له كاتى كۆچكردن و گه‌شتكردندا زمانه‌كه‌ى خۆيان هه‌ڵگرتووه، شێوازه‌كانى كۆچ كاريگه‌رى له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى زمانه‌كان هه‌يه.
3. فێربوونى زمانى بيانى و گه‌شتيار؛ فێربوونى زمانه‌كانى ديكه و گه‌شتكردن ئاسانكارى بۆ زياتر بڵاوبوونه‌وه‌ى زمانه‌كان ده‌كات، له ده‌ره‌وه‌ى سنوورى نه‌ته‌وه‌يى و كولتوورییدا.
4. زمانه‌كانى ئينته‌رنێت؛ ئينته‌رنێت بووه به هۆكارى په‌يوه‌نديكردنى خێرا و گه‌ياندنى زانيارييه‌كان به شێوه‌یه‌كى خێرا.
5. بڵاوكراوه زانستييه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان؛ كه زمانى گووتارى فيكرى جيهانى له‌خۆ ده‌گرێت.
هه‌موو مرۆڤێك كه ئينتیماى بۆ خاك و وڵاتى خۆى هه‌بێت، زمانی نيشتيمانه‌كه‌ى خۆی خۆش دەوێت و شانازیی پێوە دەكات. ئەم دیاردەیە لەنێو زۆربەی كۆمه‌ڵگاكاندا بەڕوونی بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە نێو هەندێک لە ميلله‌ته بندەستەكاندا بە هۆی داگیرکارییەوە، ئەم خۆشەویستییە لاواز بووە و گەلانی بندەستی دووچاری جۆرێک لە بێباوەڕی بە زمان و كولتوورى نەتەوەیی خۆیان کردۆتەوە. له‌لايه‌كى ديكه‌وه ته‌كنه‌لۆژيا و سۆشیالميديا و كرانه‌وه‌ى سنووره‌كان و تێكه‌ڵبوونى كولتووره‌كان كاريگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ژموونى زمانه گه‌وره‌كان به‌سه‌ر ئه‌وانى ديكه‌دا هه‌يه. هه‌ندێ كات سیسته‌مى سياسى داگيركه‌ر (وه‌ك؛ عه‌ره‌ب، تورك، فارس) سیسته‌مى خوێندنى په‌روه‌رده‌يان به زمانى دايك نه‌هێشتووه يان زۆر به كه‌می گرنگيان پێداوه، بۆيه ئه‌م هزره شۆڤينييه كاريگه‌رى له‌سه‌ر لاوازبوونى ئينتيما بوون بۆ زمانى كوردى كردووه، هه‌روه‌ها پێداويستى زانينى زمانى ئينگليزى بووه‌ته پێداويستييه‌كى كار و سه‌فه‌ركردن و بازرگانيكردن، بۆيه چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى فێربوونى زمانى ئينگليزى بووه‌ته به‌شێك له پێداويستى ژيان بۆ به‌شێك له هاووڵاتيان.
زمان پێکهاتەیەکی بایلۆجییە، ئەلێرەدا سیستمێكی ئاماژە و مانا بەدەنگەكان دروست دەبێت، بۆیە هیچ پێشكەوتن و گۆرانكاریەك لەناو كۆمەڵگادا ڕوونادات تا گۆڕانكاری لەزمان ڕوونەدات. بەو مانایەیی پێویستە زمانێكی یەكگرتوو و رێكخراو گونجاوت هەبێت، ئەگەر نەبێت تەنانەتە پێشكەوتن لەبوارەكانی كولتووردا روونادات، چونكە پێویستە پێش هەموو شتێك زمان ئامادە بێت ئەو مانا و مەفهوومەی كە بۆ گۆڕانكاری پێویستە بۆ مرۆڤەكانی دابین بكات. بۆیە زمان ڕۆڵێكی یەكجار كاریگەری لە پێشكەوتنی مرۆیی و گۆڕانكارییە كولتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا دەگێڕێت.
بۆچوونی جیاواز هەن بەشێك پێیانوایە كە زمان رەنگە گۆڕانی بەسەردابێت، بەڵام بۆچوونێکی دیکە پێیوایە، زەین و بیرکردنەوە و کولتوورەکان هەروەکو خۆیان دەمێنەوە جێگیرن، بە پێچەوانەیشەوە راستە، کە دەشێ بیرکردنەوە بۆچوون و تێڕوانینەکان گۆڕانیان بەسەردابێت، بەڵام زمان هەمان شتبێ و جێگیر بێت، لەبارەی ئەم تێڕوانینەوە هەریەک لە (کۆهین) و (مایلێت) کە دوو زانای ئینگلیزن بەشێوەیەکی یەکسان لەو پەیوەندی و گۆڕانانە توێژانەوە لە نێوان بنیادی زمان و بنیادی کۆمەڵایەتیدا. هەروەها لەو پەیوەندییەش لێکۆڵینەوەیان لە نێوان ئەم دوو بنیادەدا هەیە، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ناوەڕۆک و دەنگناس و کۆمەڵگادا هەیە.
ناسنامەش رەوتێكی چەق و نەگۆڕ نییە بەڵكو رەوتێكی بەردەوام و گشتگیرە، چونكە هەڵگری رەهەند و پێوەری جیاوازە. بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەیەكی نەتەوەیی و هۆشیارییەكی نەتەوەیی پێویستمان بەزمانێكی گەشەپێدراو یەكگرتوو هەیە، زمانێكی یەكگرتوو و كە كاریگەرییەكانی لە سیستەمی پەروەردە و كۆی كایەكانی ژیاندا رەنگبدانەوە.
هەمیشە سیستەمی سیاسی هەوڵی نوێبوونە و گەشەپێدانی زمان دەكات، لە ڕێگەی دامودەستگەیەكی ئەكادیمییەوە، چونكە ئەوە زمان نییە پێش پرسی ناسنامە و هۆشیاری نەتەوەیی دەكەوێت، بەڵكو هۆشیاری نەتەوەیی و بیركردنەوەی سیاسیی پرسی نوێبوونەوەی زمانێك دەكاتە بە یەك لە باوەرەكانی خۆی، بۆ گەشەپێدانی پرۆژەی ئامادەسازیكردنی بۆ نەتەوەیەكی پێشكەوتوو.
ناسنامەی نیشتمانیەتی ئێمە ناسنامەی كوردستانییە، بەڵام زۆرجار ئێمە لەو تەرازویە كێشەمان هەیە و لە ژێر كاریگەری ئەو رەنگدانەوەیەین كە ئینتیمامان بۆ شار كاریگەرترە، كە ئەو هەڵبژاردنە بەشێكە لەو مەترسیەی كە شتێك هەیە پێی دەڵێن، بەرهەم هێنانەوە نەریتگەرایی و گەڕانەوە بۆ بچووكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، كە زۆر جار بەشێك لە هێزە سیاسییەكان ئەم رۆڵە نەرێنییە دەگێرن.
ئەوەی پێویستە هەرێمی كوردستان بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات:
یەكەم: ناسنامەی هەرێمی كوردستان ناسنامەیەكی نیشتمانیە، دەبێت دوور بكەوینەوە لەو بیركردنەوە نادرووستەی كە دەیەوێت بمانباتەوە بۆ بوونی ناسنامەیەكی شارچییەتی، یان خێڵایەتی.
دووەم: ناسنامە و زمان دوو پێكهاتەی گرینگی پرۆسەی گەشپێدانی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانین، بۆیە پەیوەستبوونێكی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، بەجۆرێك گەشەپێدان و سەقامگیر و پێشكەوتنیان بەشێك دەبێت لە پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسی و هۆشیاری نەتەوەییمان.
سێیەم: پێویستە بوونی زمانێكی یەكگرتوو و گەشەسەندوو لە پرۆسەی پەروەردەدا رەنگبداتەوە، لە كۆی كایە جیاجیاكانی خوێندندا دەبێت زمانێكی بەهێز ویەكگرتوومان هەبێت، زمانێك بەشداربێت لە پرۆسەی پێشكەوتنی رەوتی پەروەردەیماندا.
چوارەم: میدیا رۆلێكی ئەرێنی لە گەیاندنی زمانێكی یەكگرتوو و ستانداردا دەبێنێت، بەداخەوە هەر دامودەستگەیەكی میدیایی بە ئاڕاستەی جیاجیا كار لەسەر مانەوە و گەشەسەندنی زمان دەکات.
پێنجەم: چالاكتركردن و زیاتر پاڵپشتیكردنی ئەكادیمیایی كوردی، كە پێویستە ڕۆڵێكی دیارتر و ئەرێنیتری لە بەرەوپێشچوونی زمان و سەقامگیریبوونی زمانێكی یەكگرتوودا هەبێت، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ خودی پێشكەوتنە زماوانییەكاندا هەمیشە بیر لە نوێبوونە و گۆڕانكارییە پێویستییەكاندا بكات.
ناسنامه و زمان لە روانگەی پەیوەندیی تاک و کۆمەڵایەتییەوە، دوو چەمکی جیانەکراوەن سەبارەت بە دامەزراندنی بنەمای كۆمه‌ڵگای مرۆڤایەتی. زمان وه‌كو کاکڵەی سەرەکیی كولتوور و ڕەگەزی کاریگەر لە پێدانی رەواڵەت بە ناسنامه، بووەتە جێگه‌ی سەرنج و بایەخی بیرمەندان و شارەزایانی ئەم بوارە. زمان ئامرازی بنچینەییە بۆ تێگەیشتنی رەفتاری مرۆڤ و، هەر لەم رێگەوە دەتوانرێت هەست بەوە بکرێت کە مرۆڤ چۆن سەیری رووداوەکانی دەوروبەری ده‌كات و شرۆڤەی بۆ دەکات. لە لایەکی تره‌وە، هەروه‌كو زمان، ناسنامه لە چوارچێوەی تاک، كۆمه‌ڵگا، نیشتمان و ئاییندا، کە یەکێکە لە گرنگترین رەگەزە سەرەکییەکانی زانستی کۆمەڵایەتیی، بووەتە جێگه‌ی بایەخی بیرمەندان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بوارە. زمان رەنگدانەوەی ئەزموونی هاوبەشی نەتەوەیە و رۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی ناسنامه‌ی نیشتمانی بۆ نەوەکانی خۆی هەیە. مرۆڤناسه‌كان بە توێکاری بۆ زمان لە كۆمه‌ڵگا جیاوازەکاندا، دەتوانن لە كولتووری نەتەوەکان، شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینیان بۆ جیهان، زانیاریی زیاتر بەدەست بهێنن و شیکاری و بڕیاری گونجاو سەبارەت بەو كۆمه‌ڵگایە دەربکەن، چونکە زمان بنەما و بنچینەی رووحی نیشتمانە و لە بەربڵاوترین رەگەزی هاوبەشی ناسنامەیه، کە دەکرێت تا رادەیەکی زۆر بیرۆکە و بەهاکان و باوەڕی هاوبەش لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی ئەم بابەتانە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیكه بگوازرێتەوە و پەیوەندیی هەر لقێك لە زانست، بەتایبەت زانستی كۆمەڵایەتی، لە رێگه‌ی زمانەوە دێنە دەربڕین، واتە زانست لە ڕێگه‌ی زمانەوە واتای پێ دەبەخشرێت. بابەتی ناسنامه و زمان دوو چەمک لە بنەماکانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایەتیین و تا ئەو جێگەیە گرنگن، کە نەتەوەکان لەدایکبووی دەورانی ژیانی خۆیان نین، به‌ڵكو بەرهەمی نوێگەریی باوەڕە کۆنەکانن و لە داب و نەریت، مێژوو، زمان، ئایین و خاک کاریگەری وەردەگرن. ناسنامه لە هەستی تاک کە لە كۆمه‌ڵگادا پێی دەگات و پاشان بە پشتبەستن بە جیاوازی و هاوبەشەکانی لەگەڵ کەسان و گرووپەکانی دیكه‌دا، بە هەستی ناسنامه‌ی سەربەخۆیی خۆی دەگات. رۆڵی زمان، لە ژیانی سیاسیی ئەمڕۆدا زۆرێک لە وڵاتان بۆ داگیرکردنی كۆمه‌ڵگاکانی دیكه لە رێگەی زمانەوە لە پێشبڕکێدان، لە کاتێکدا هێزێک کە زمان هەیەتی، هێزی نەتەوەیە، نەك هێزی خودی زمان، چونکە هێزی زمان لە نەتەوە وەرگیراوە؛ بۆیە مەترسیی ئەوە دەکرێت هەنگاوی داهاتووی داگیرکەران، لەنێوبردنی نەتەوەکان لە رێگەی زمانەوە بێت. زمان به يه‌كێك له كاريگه‌رتين هێزى نه‌رم داده‌ندرێت له دنيادا.
هه‌موو ساڵێك له 21ـى شوباتـدا، زۆربه‌ى وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كانى جيهان يادى كاره‌ساته خوێناوييه‌كه‌ى ساڵى 1952ـى به‌نگلاديش ده‌كه‌نه‌وه، كه پاكستان ويستى زمانى (ئۆردو) به‌سه‌ر ته‌واوى خه‌ڵكى پاكستان به پاكستانى رۆژهه‌ڵاتيشه‌وه (به‌نگلاديش) بسه‌پێنێ، به‌ڵام قوتابيانى زانكۆ و مامۆستايان و سياسه‌توانانـى به‌نگلاديش دژ به‌مبڕياره ڕاپه‌ڕين و داوايان كرد زمانى (به‌نگالا) بۆ ئه‌وان زمانى يه‌كه‌م و سه‌ره‌كى بێت، چه‌ندين كه‌س له به‌نگلاديشييه‌كان شه‌هيد بوون.
يونسكۆ له 17ـى تشرينى دووه‌مى ساڵى 1999ـدا بڕياريدا رۆژى 21ـى شوبات بۆ مافى زمانه‌وانييه‌كانى نه‌ته‌وه و گه‌لانى خاوه‌ن نيشتيمان، ئه‌م رۆژه بكاته رۆژى زمانى دايك (زگماك).
كوردستان هه‌ميشه ئاوه‌دان بێت.