پۆپۆلیزم، پەتا کوشندەکەی سەدەی 21 …

Kurd24

پۆپۆلیزم، ئەو ژەهرە مەترسیدارەیە کە لە مێشکەوە هەنگاو بۆ هێرشی سەر ئەندامەکانی تری جەستە دەنێت و تایبەتمەندی و ئاکاری تاك دەگۆڕێت، ئەگەر داهاتوو نەکوژێت، شەلەلی دەکات، پۆپۆلیستەکان وەکو کاڵای بازرگانی دەڕواننە مرۆڤ، ئەو توێژەی بەدروشم و بانگەشەی درۆینە خۆی لێ بەخاوەن کردووە، بەنەزان و نەخوێندەوار پەسنی دەکات…

کەمێك قوڵ لەبارەیان بەدواداچون بکەی ئاسان بۆت دەست نیشاندەکرێن و ماسکەکانیان زیاتر لەسەر روخسار لادەکەوێت…

پۆپۆلیستەکان لەمێژووی رابردووی سەرهەڵدانیاندا نموونەو جۆریان زۆرە و چەندەها شێواز و رێگا تاقیدەکەنەوە بەئامانجی گەیشتن بەدەسەڵات…

ئەوان رۆژێك لە بەرگی شۆڕشگێرێك نمایش دەکەن، رۆژێك خۆیان دەخەنە بەرگی هەژاران، رۆژێك دەتوانێ چەپ و یاخی بێت، رۆژێکیش (کۆنەپارێز) محافزکار و راسترەو، بۆپێکانی ئامانجەکانیان دەتوانن بێزراوترین یاری بکەن، بۆ نمونە رۆژێك یارمەتیدەری بایکۆتن، کە مەترسی دەکەوێتە سەر بەرژەوەندییان پێیان دەشکێنن، رۆژێکیش بە بەکرێگرتنی دیجەیەکی دەنگ ناخۆش لەبەرامبەر بەدیهاتنی خەونێکی سیاسی گڵاویان، بەشێکی بەرکەوتوان هەڵدەپەڕێنن…

هەروەك لە چەند دێری سەرەوە ئاماژەم پێدا، بۆی هەیە بەخوێندنەوەی تایبەتییان لەهەمبەر کۆمەڵگادا کە بەناهۆشیار و نەخوێندەوار هەڵیانسەنگاندووە!، ئاسایی بێت بەشێك لەخەڵك هەڵپەڕێنن، بەڵام نائاسایی و ترسناکە ئەوانەی هەڵدەپەڕن بەشێکی ئەندامانی ئەم توێژە گرنگەبن کە نەوەی داهاتوو پەروەردەکەن و پێیدەگەیەنن…

لە هەر کۆمەڵگایەك تەشەنەسەندنی ئەم رەوتەو گوتارەکەی، وەکو خانەی سەرەتایی شیرپەنجەن، ئەگەر لەکاتی خۆیدا بەری لێنەگیرێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، دەرئەنجامەکەی بەرادەیەكی چاوەروان نەکراو خراپ دەبێت، خراپ بوونێك!، هەوڵی نەهێشتنی پیرۆزییە راستەقینەکان دەدات و دەیانشێوێنێت، ئینتیمای تاك ناهێڵێت و فکری کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی نادیار ئاراستە دەکات…

پێناسەی توێژ دەگۆڕێت و کەسایەتی مرۆڤ بەو جۆرەی دەیەوێت دادەتاشێت، ئامانجە راستەقینەکانی تێکۆشان بەئامانجی بەدیلی پیلان بۆ دانراو دەگۆڕێتەوە، مەترسیدارترین شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەم ژەهرە کوشندەیە، تێکهەڵکێشبوون و هاوئاهەنگی بۆ دروستکردنیەتی لەگەڵ پرۆسەی پەروەردە و فێربوون…

ئیستیغلال کردن و دەرفەتلێهێنانی ئەم سێکتەرە گرنگەو بردنەوە خزمەتی ئەجێندای تایبەت و بەرژەوەندی تەسك، مەترسیەکی راستەقینەیەو پێویستە زۆر بابەتیانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و خوێندنەوەی وردی لەبارەوە بکرێت و بنکۆڵکارانە هۆکارەکانی دیاری بکرێت، هۆکارگەلێك کە قابیلی پێشکەشکردنی چارەسەری بابەتی بێت.

بۆ دەستخستنی نمونەو کار لەسەرکردنی ئەم پرسە، دەتوانرێت سوود لەم هەڵمەتە نابەرابەری نێو رۆژەڤی بەشێك لەشار و ناوچەکانی کوردستان ببیندرێت کە جگە لە ئاراستەکردن، مەکینەیەکی گەورەی مێدیایی هاوکار و پشتیوانیەتی و بەشێك لە لایەنە سیاسیەکانی تریشی پەلکێشی نێو رەوتی بانگەشەکەی کردووەو، نابەرپرسانە لەسەر حسابی تێکدانی ژێرخانە جیاوازەکان بانگەشە دەکات و رای بەشێکی شەقامیشی خستۆتە خزمەتی  پیلانەکانی.

بەر لێگرتن و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە بەر لە هەر لایەنێك بەرپرسیارێتی ناوەندە نوخبەیی و بازنە رۆشنبیرییەکان و بەشێك لە هۆشیارانی نێو خودی توێژی بەئامانجگیراوە کە کراونەتە کەرەستەی ململانێ، پێویستە ئەوان رۆڵی کارایان هەبێت و هۆشیاری و ئاستی بەرزی ژیارییان بخەنە خزمەت چارەسەری ئەم شەپۆڵە مەترسیدارەی کە ئاراستەکەی بۆ تێکدانی تەواوەتی کۆمەڵگاو پایە سەرەکیەکانێتی، بێگومان ئەمەش بە بەرنامەسازی پوخت و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی جێبەجێدەکرێت کە لە دەرئەنجامدا جگە لە چاککاری و راستکردنەوە، رێگری دەکا لەبەئامانج گرتنی چارەنوسی تەواوی توێژەکانی دیکە، هەروەها ئەهمیەت و گەورەیی و رۆڵی کاریگەریی ئەم توێژەش بەگەورەیی و سەنگینی زۆرەوە دەهێڵێتەوە، لەبەرامبەریشدا لێگەڕان و گرنگی بۆ دانەنان و هەوڵنەدان، یاخود بوون بە بەشێك لە بانگەشە، بەر لە توێژی بەئامانجگیراو، نەوەیەکی ئاراستە بووی ناتەندروست لە داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبێت کە بەمردوویی و بەخەونی لەرزۆكەوە لەدایك دەبێت.

لەنێوان بازنەکانی "بەرپرس بوون و راکردن لەبەرپرسیاریەتیدا "...

لەئیستادا هەموو ئەوانەی فێری ئەم یارییە بێزراوە بوون و بەتایبەت لایەنێكیان، لەبەر ئەوەی لەقەیرانی قوڵدایە و بۆی چارەسەرناکرێت، بەهەڵدێری بەلارێدابردنی گرنگترین توێژ هەنگاودەنێت، پیلانی وایە گرفتە نێوخۆییەکانی داپۆشێت و بەکۆمەڵێك دروشمی بریقەدار، پرۆسەی پەروەردەو پەروەردەکار بخاتە خزمەتی بارودخی زاتی خۆی، هەروەها لایەنی ئاراستەکەر بە تەئسیری زۆری بارودۆخی سیاسی ناوچەیی کە کاریگەری زێتری لەسەر ناوچەی ژێر رکێفی ئەودا هەیە، بەجۆرێكی تر بۆخۆی یاریپێکراوەو ئاراستە وەرگری بازنەیەکی فراوانتری ململانێی پۆپۆلیستانەی دەوروبەرە…

ئەم توانەوەو بەرکەوتنەی تێکەڵەیەکی وەهای لێدروستبووە کە خۆی دۆخەکەی بۆ شیکار ناکرێت و هێدی، هێدی سەری دەخوات، ئەم بارودۆخە ناشازو ناراستەش، تەنیا سەرلێشێواوی سیاسی و بێبەرنامەیی و نابەرپرس بوونە لەبەرامبەر ئەرك و بەرپرسیارییەتیەکاندا و هیچی تر، هەروەها لەم کاتەی هەنگاوەکانیدا بکەر لەدۆخێکدایە کە ناتوانێت بزانێت بەیانی چی دەگوزەرێت و وەك کورد دەڵێ "ریشی خۆی داوەتە دەستی قەدەر" و ئەوانەی کە بچوکترین ماف بەخەڵکی کوردستان رەوا نابینن…

لەراستیدا دەتواندرێت بگوترێت تارادەیەك ئاساییە بزووتنەوەیەکی بێ ئایدۆلۆژیا و بێ تەجروبە یان کەسایەتییەکی بەناو سیاسی بێ مۆراڵ بکەوێتە ئەم دۆخەو بانگەشەی گوتاری شەعبەوی بکات بۆ کەسبکردنی عاتیفەی تاك، بەڵام کارەساتی هەرە گەورە ئەوەیە بەشێوەیەك وێنابکەی کە خاوەن ستراتیژ و ئایدۆلۆژیایت کەچی لە زۆنگاوی پۆپۆلیزم دا لە پێناو دەستخستنی یەك، دوو دانە کورسی زیاتر مەلە بکەیت، بێئاگا و بێباكیش بیت لە دەرئەنجامە خراپەکان کە روون و رەوانەو بەرلەهەمووان بەزەرەری سەرەکی خۆت تەواو دەبێت…

کورت و پوخت، بەردەوامیدان و بازاڕ بۆ پەیاکردنی ئەم دروشمە بەراق و ناوەڕۆك بەتاڵانە و درێژەپێدانی ئەم جۆرە هەوڵانە، ئەوپەری لاوازیی و دەڵەمەییە لەسیاسەتکردندا…بکەر و پیلاندانەران جگە لەشەرمەزاربوونیان لەبەرامبەر مێژوودا، بەرپرسیاری سەرەکی بەردەم هەر بارودۆخێکیش دەبن کە کۆمەڵگا بەگشتی و نەوەی داهاتوو رووبەرووی دەبێتەوە.