ئێرە نیشتمانی نێرگز و داربەڕووە...

Kurd24

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی دەستووری دانپێدانراوە، بەرهەمی 100 ساڵ خەبات و گیانفیدایی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەهیدانە، هەولێر و دهۆك و سلێمانی و گەرمیان و کوێستان ئەگەر کۆئەندامی پێکهێنەری بن، بێگومان کەرکووك دڵی کوردستان و قودسی ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ڕێی سەرفرازییە.

ئەم چەمکە خۆڕسکە لە نێو ویژدان و گیانی گەلی کوردستاندایە نەك تەنیا وشەیەکی دروستکراوی بێگیان، بەخواستی ئەوانەش ناگۆڕدرێت کە ئێستا لەواقیعێکی تاڵ و تفتی فوو تێکراو بوونەتە بەرکاری کۆمەڵێک دۆخ، کەلەو دیویی سنوور و ئیرادەی گەلی ڕەسەنی عێراق، بکەرانی ئاراستەی دەکەن!.

گەڕانەوە بە ڕابردووی ناوچەکە و عێراق کۆمەڵێك وانەی گرنگ بیردەخەنەوە، هەموو کاتیش بەر لەهەر وانەیەك، تەبایی و یەکبوون و بەرەنگاری، بنەمای سەرکەوتن و دەستخستنی مافەکانمان بوون، نەوەك سەنگەر گرتن و چوونە ژێرباری پیلانی داگیرکەر، لەهەموو ڕاچڵەکین و ڕووداوەکانیشدا هەمیشە نیشتیمانپەروەران سەر بەرز و سەرکەوتوبوون، ئەو کەس و لایەنەشی هاوکار و هاوهەنگاوی دوژمن بوون، بێئەنجام و سەرکز، بوون بەپەندی زەمانە.

مافەکانی گەلی کوردستان وەك هەرگەلێکی دیکە کە ژێر دەستەیی رەتدەکاتەوە، گەردونی و ئاسایین، خودا و پەیامە ئاسمانییەکان و مۆدێل و سیستەمە بەرهەمهاتووەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش، پشتگیر و هاوسۆزی دەستخستنی داوای ڕەواو مافی نەتەوەو مرۆڤەکانن، گەلی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت، هیچی پتری نەویستووە لەوەی کە ئازادانە، سەربەخۆو سەرفراز بژیێت و خاوەنی بڕیار و کیانی خۆی بێت، کە جگە لە کورد خواستی هەر مرۆڤ و کۆمەڵگاو گەلێکی دیکەی ئازادیخوازە.

سەدەی بیستەم بۆ تەواوی ئەو گەلانەی کە ژێردەستەییان ڕەتکردەوە، سەدەی گیانفیدایی و گیانبازی و تۆمارکردنی سەروەرییەکان بوو، لەپێناو سەربەستی و گەیشتنە ئاسۆ، بەشێكیان خەباتییان سەرخست و گەیشتنە کەناری ئارامیی و لووتکەی سەرفرازی، بەشێکیشیان لە نیوەی ڕێگای خەبات و قوربانیدانیان، بە هەر هۆکارێك بێت نەگەیشتنە ئەو ئامانجانەی کە هەزاران تێکۆشەری باوەڕ پۆڵاین خوێنی ئاڵیان بۆ نەخشاندنی خواستەکانی گەلەکانیان تیایدا کردە دیاری، مەبەستمە بیری هەمووان بخەمەوە کە گەلانی بندەست شکۆمەندانەتر و باشتر، ناژین و نەژیاون لەوانەی سەربەخۆییان کردە ڕوگەی بەردەوامی تێکۆشانیان تا مسۆگەرییان کرد، دیرۆکی ئێمە لە گیانبازی و قوربانییدان هیچی کەمتر نییە لە گەلانی دیکە و بگرە زیاترە، ئەو گەلە ژیاندۆستەی لە نێو فکری توندڕەویی و پاوانخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە دابەشکاری زۆرەملێی بەسەر چوار نەتەوەو جوگرافیا و کولتوورو فەرهەنگ و زمانی جیاواز، پێشکەوتوخوازانە داوای مافەکانی دەکات، بێویژدانییە لەلایەن دادگاو حکوومەتی دیکەی موزەیەف بەربەست بخرێتە پێشی و هەتا ڕادەی نەهێشتنی هەوڵی دژایەتی و دوژمندارییەتی لەگەڵدا بدرێت.

دیارە ئەم تێگەیشتن و هەڵوێستانەی دوژمانی کوردستان لە بارەی مافەکانی گەلی کورد بابەتێکی نوێ نییە، لە ڕێرەوی خەبات و مێژووی بەرەنگاری باشووری کوردستان چەندین شێوازی دژایەتی لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی عێراقی تاقیکراوەتەوە، لەهەموو سەردەمەکاندا و لە ژێر هەر ناونیشان و ئایدۆلۆژیا و ناوێك بووبێت بۆ ساتێکیش لە زهنیاندا چەمکی نەهێشتنی کورد و کوردستان کاڵ نەبۆتەوە، بەڵکو ئەوەی کەمێك هەنگاوە داگیرکارییەکانیانی دواخستووە بابەتی بەهێزبوون یان لاوازیان بووە، تەجروبەی رابردووش ئەوەی سەلماندووە کە لە لاوازیاندا خۆیان خستۆتەوە ناو قۆزاغەکانیان و لە بە هێزی و هەبوونی پشتگیری چواردەوریشیاندا وەكو ئاژەڵێکی دڕندەی هار، پێشی هەر بابەتێكی دیکە بە گەلەکۆمەکردن و بە دروستکردنی دووبەرەکی ناوخۆیی، پەلاماری باشووری کوردستان و گەلی کوردیان داوە، یان لەبەرپرسیاریەتییەکان لە بەرامبەریدا پاشگەزبوونەتەوە، ئەم نەهجەی سەرانی سیاسیی عێراقی تەنیا لە ئاکاری ئەوانەدا ڕەنگی نەداوەتە کە کۆنەپارێز و دواکەوتوون، بەڵکو لە بیر و ئاکاری بەشێکی زۆری عەرەبە بە ناو پێشکەوتوخوازەکانیش هەمان تێگەیشتن لەبارەی گەلی کوردستان هەبووە.

تەواوی ئەم ئاکت و بڕیار و هێرشە داگیرکارییانەی دوژمنان لەبەرامبەر گەلەکەماندا، جێگای سەرسوڕمان نییە و چاوەڕوانکراوە، لێ ئەوەی ویژدانمان ئازاردەدا و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، خۆفرۆشی بەشێك لە هاوزمانەکانمانە کە لەهەموو سەردەمەکاندا و لەچەندین دەیەی ڕابردووی تێکۆشانی ئەم گەلە ستەملێکراوەدا، کەواسوری بەر لەشکەری دوژمن بوون و چاوساغی جێبەجێبوونی پیلان و نییەتی گڵاویان بوون، دەپرسین ململانێی سیاسی و شەڕی هەڵبژاردن و زیادکردنی کورسی کەی قابیلی ئەوەیە وڵات و باوەڕ و خوێنی شەهیدانی بۆ هەراج بکەی؟، بە خەیاڵتان دانەهاتووە ئەم هەنگاوانەتان و هاوبەشیکردنی پیلانی داگیرکەر بچووکبوونەوەی زیاتری خۆتان و سەرشۆڕی بەردەم دادگای گەل ئەنجامەکەی دەبێت بۆتان!، دەبێ بیرتان بەوەدا نەشکابێت کە ئەوەی دەیکەن، داهاتوو بە خیانەت بۆتان دەنوسێتەوە!، واز لە شەهیدانی تر بێنن ئەرێ چ جوابی دایکە بەرگ ڕەشەکانی خۆتان دەدەنەوە، ئەوە وەفاداریتانە بۆ خوێنی بەزایەچووی شەهیدانی خۆتان؟، چۆن ڕووتان دێت دوو ڕۆژی تر باسی کوردایەتی و خاك و نیشتمان بۆ هاوسۆزانتان بکەن!، ئەرێ فرۆشتن و تەسلیم کردنی کەرکووك چ سوودێکی هەبوو جگە لە زیان بۆ هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووك و جوتیارانی کەندێناوەو سەرگەڕان کە هەر رۆژ بەبیانوێك و بەهەمان نەفەسی ڕژێمی گۆڕبەگۆر، پۆلیس و حەشدو جەیش و جاش و جەوارەکانیان، عەرەبی هاوردەیان بەسەردا فەرزدەکەن و لە زێد و سەر زەوی خۆیان دەربەدەریان دەکەن!، ئەرێ تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووك و کەمکردنی دەنگی کورد و تەسلیم کردنی پارێزگا و پارێزگار، سوودی هەنگاوە نەبەرپرسەکانتان بوو؟، ئەم نەفەسە نزمەی تەسلیم بوون و خاك هەراجکردن کەنگێ لە ڕەوشتی تاکی کورد هەبووە؟!، گومانتان بۆ دروستکردووین لەبارەی کوردبوونتان، پێدەچێ هەر کورد نەبووبن!، چونکە لەمێژوودا هیچ کام لەو خاسیەتانەی لە تایبەتمەندی تاکی کورد و سەرکردە خۆڕاگرو بەچۆکدانەکەوتووەکان هەبووە، لە ئێوە هەستی پێناکرێت!، هیچ کات لە خۆتان پرسیوە عاقیبەتی ئەم هەموو فرۆشتنە چی دەبێت؟!، ئەرێ بەو هەموو هاوکارییەی دوژمن، ویژدانتان ئازاری نەدان و بەس نییە!، بەم دوادواییە هاتوون بەگژ پەروەردەو فێربوون دادەچن، پرۆسەی مەعریفە و ئاگایی کۆمەڵگە پەکدەخەن؟، ژێرخانی وڵات تێکدەدەن و هەرچی پیرۆزی و دەستکەوتی نیشتمانپەروەرانە بۆ باوەش و ئافەرینێك پێشکەشی دوژمنی دەکەن؟، شەکر شکاندنی بەم دواییەی برا هاوپەیمانە مورتەزەقەکەتان لەبارەی پەیوەندیەکانتان و کەرکووك، پێشاندەری نرخ و سەنگ و پێگەتان بوو لە ڕووئیای دوژمن!، ئەم ڕووئیایە نوێ نییە، دوژمن شەش دەیەیە هەروا دەتانبینێت !، بەخۆدابچنەوە و شەرم بتانگرێ، ئێوە لە گەورەکانتان ئاقڵتر و زیرەکترنین!، جگە لە شەرمەزاری هیچ شانازییەك لەوەدا نییە، خاکی پیرۆزی نیشتمان بگۆڕیتەوە بەژێر پۆستاڵ و باوەشی درۆیینەو گڵاوی داگیرکەر!، هیچ حورمەتێك لەوەدا نییە پشت لە برا ڕاستەقینەکانت بکەیت و تەسلیمی پوچگەرایی و بێحورمەتی فاشیزم و فکری شۆڤێنیانەی داگیرکەر بیت.