بۆچی کورد داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکا !!

Kurd24

لە عێراق جگە لە پێنج پارێزگاکەی کوردستان کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە کورد لە بەغدا و مووسڵ بە زۆری و لە دیالە و سەلاحەددینیش هەن، ئەگەر کورد لەو شارانە داوای پۆستی پارێزگار بکا بە ڕاشکاوی پێی دەڵێن ئێوە کەمینەن لەم شارانە عەرەب زۆرینەیە و دەبێت پارێزگار عەرەب بێت، بۆیە هەر بەم مەنتقییەی ئەوان وەڵام دەدەینەوە دەڵێین کەرکووک کوردستانییە و زۆرینەی کوردە، بۆیە ئێمەش ئەمانەوێ پارێزگار کورد بێت و مافێکی ڕەوای خۆمانە.

ئێمە ئەڵێین مافی خۆمانە داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکەین، چونکە هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کەرکووک شارێکی کوردستانییە و زۆرینەی کوردە، ئەمەش بە ڕاشکاوی دەردەکەوێ لە تۆماری 1957 و هەموو بەڵگەکانی نێوخۆیی و مێژوویی دەرەکی گەورەترین بەڵگەش ئەو هەڵبژاردنانەیە لە دوای 2005 عێراق کراون کە کورد زۆرینە بووە لە دەنگدانەکاندا.

ئێمە کە دەڵێن دەبێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت مەترسیەکی مێژوویمان هەیە لەوەی ئەگەر غەیرە کورد بێت بەتایبەتی عەرەب ئەوە دەستکاری دیمۆگرافیای کەرکووک دەکرێت، وەکو لە دوای 2017 ـەوە دەستی پێکردۆتەوە، بەڵام ئەو پارێزگارە کوردیش بێت دەستکاری دیمۆگرافیا ناکرێ چونکە کورد کەرکووک بەشاری برایەتی و پێکەوە ژیان ئەزانێت پرەسنیپەکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ ئەپارێزیت.

 لە ڕاستیدا جگە لە پۆستی پارێزگار کە گرنگە پۆستی تری سیادی هەیە پۆستی گرنگی خزمەتگوزاریی و ئەمنیی و لەشکری هەیە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەبەر ڕۆشنایی ڕێژەی دانیشتوان و قەوارەی هەر نەتەوە و پێکاتەیەک بەگوێرەی داتا و یاسا و ڕێسا پۆستەکان لەسەر نەتەوە و پێکاتەکانی کەرکووک دابەش بکرێن، لەگەڵ ئەوەش دەبێت ڕێژەی فەرمانبەرانش نەک تەنیا بەڕێوبەرەکان، لە فەرمانگەکان چاک بکرێت و هەموار بکرێتەوە ئەویش بەڕێژەی دانیشتوان بێت، چونکە بەڕاستی کورد غەدرێکی زۆری لێ ئەکرێ بە تایبەتی لە دام و دەزگا سیادیی و گرنگەکانی پارێزگاکە.

هەر لەبەر ڕۆشنایی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لەماف و بەرژەوەندی هەموو پێکاتەکانی کەرکووک پێویستە لە هەر شارەدێـیـەک، شارۆچکەیەک تا ئەگاتە سەنتەری پارێزگا، لە هەر شوێنێک لەمانە هەر نەتەوەیەک ڕێژەی دانیشتوانی زۆرینەبوو با سەرۆکی یەکەی ئیداری و شارەوانی  لەو نەتەوەیە بێت و پۆستەکانی تر بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان دابەش بکرێن لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕێژەی فەرمانبەرانی ناو فەرمانگاکەن نەک تەنیا بەڕێوبەرەکان.

بۆ دامەزراندن و زەوی بەخشین و وەبەرهێنان پێویستە بۆ ئەو کەرکووکیانە بێت کە ناویان لە تۆماری 1957 دا هەیە جا کورد یان عەرەب و تورکمان کلد و ئاشووری بن.

پێویستە خەڵکی کەرکووک لەهەموو پێکاتەکان نەرمی بەرامبەر یەک بنوێنن ڕێز لەبەرژەوەندی هاوبەش بگرن ڕێک بکەون لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ خزمەتکردنی هەموولایەک، چونکە ئەوانە خەڵکی کەرکووکن و چارەنووسیان یەکە و هاوبەشن لەو شارە .

حکومەت و دامەودەزگاکانی ئیتیحادی پێویستە لەسەریان لەسەر ئەم بنەمایانە هاوکاربن بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوسەنگ و باش کە خزمەتی هەموولایەک بکات.

هەروەها پێویستە لەبەغدا، مووسڵ، دیالە و سەلاحەددین تەنانەت لە پارێزگای کوتیش ڕێز لە قەوارەی کورد بگیرێ و هاوبەش بێت لە دەسەڵاتی خۆجێتی لە هەموو بوارەکان.