دووفاقیی ڕۆشنبیر

Kurd24

*دووفاقی ڕۆشنبیر، لە هەرێمی کوردستان هێندە بە قێزەونی دەبینرێت ناتوانی لە چوارچێوەی  هاوتەریببوون لەگەڵ دەسەڵاتدا، جەخت لەسەر یارییە ئاڵۆزەکەی نێوان دەزگای تاکەکەسی، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ئیمپەراتیڤە ئەخلاقییەکان بکاتەوە. دوور نییە پرسیار گەلی ئەوەی مەبەستی بەندە لە ڕۆشەنبێر کێی و بە چ پێوەرێکە، بەڕوونی ئەوانەی ڕۆڵیان هەیە لە کایەی سیاسی، فکری و ڕاگەیاندنەکاندا. ئەوانەی له نێوان، پارتی و یەکێتی و تەنانەت پارتە ئیسلامییەکان و لیستەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا پڕۆسەی سیاسی ئاڵۆز دەکەن،  لە دامەزراوەکانی بەغداد و هەرێم، بەهەوڵە هەرزەیی و نابەرپرسیارییەکەیان دواڕۆژی کۆمەڵایەتی ئەم هەرێمەیان ناڕوونتر کردووە

لە یارییە ئاڵۆزەکانی نێوان هزر، دەسەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە هەرێمە ماندووەکەی ئێمەدا، مەتەڵێک هەیە کە زۆرجار چاوپۆشی لێدەکرێت هەرچەندە کاریگەرییەکی قووڵییشی هەیە- ئەویش یەکخستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانی کەسی ڕۆژنامەنووس یان ڕۆشەنبیر لەگەڵ داینامیکی دەسەڵاتدایە. یەکخستنێک کە جگە لە دۆزینەوەی بەرژەوەندییەکانی شخسی چیتر نەبوە، گوایە ڕۆشەنبیری دونێی حزبی لەم دۆخە ئاڵۆزەدا بەدوای ڕەچاوکردنی ئەخلاقی و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان و تەماحە کەسییەکانیدا دەگەڕێت.

لەم وتارەمدا هەوڵ دەدەم شرۆڤەی ئەم ڕەهەندە ئاڵۆزە بکەم، کە بکارێت سیناریۆ هاوشێوەکان تاوتوێ بکات و لە کۆتاییدا ڕەخنە لە کەموکوڕییە سروشتییەکانی ناو ئەم پارادایمە بگرێت.

لە دوای ڕاپەڕینەوە هەست دەکرێت، لە ناو ئەم دۆخە پاڕادۆکسەی ڕۆشەنبیری کوردستاندا، دانپێدانانی دەسەڵات وەک هێزێکی ترسناک کە گێڕانەوە و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵایەتی لە قاڵب دەدات بەردەوام کاری لەسەر کراوە. کورد کە بۆ یەکەمجاربوو دەسەڵاتێکی هەبێت ئەوان (ڕۆشەنبیران) سەنگەریان لە کیانەکەیان گرت، لەژێر کاریگەری ئەو ڕەخنانەی لە پڕۆسەی نەتەوەسازی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمی ئەوروپادا کتێبخانەکانی ئەوروپایان پڕکردبوو، دەیانخوێندەوەو دەهاتن لە هەرێم دەیان ڕشت. لە بیست ساڵی ڕابردوودا زۆرم لەمانە بینی تەنیا ئاگر لە دەمیان دەردەچوو، بەشێکیان کە کەم نەبوون بە پێدانی ئیمتیازی ماددی نەک بێ دەنگ دەبوون بەڵکو لە دامەزراوەکانی پارتەکانی دەسەڵاتدا کاریان پێدەدرا.

واتە دروستە بڵێین کاتێک ڕۆشنبیرێک هەست بە لێکنزیکبوونەوەیەکی هاوسەنگ دەکات لە نێوان بەرژەوەندییە کەسییەکانیان و پێکهاتە دەسەڵاتییە باوەکانی ناو کۆمەڵگادا، پەیوەندییەکی هاوژیانی سەرهەڵدەدات.  لێرەدا ڕۆشنبیر لە ڕێگەی هەوڵە فیکرییەکانیانەوە هاوئاهەنگی و پشتیوانی و زۆرجاریش دەریچەی پێشکەوتن دەدۆزێتەوە. لای ئێمە بەم چەشنە نەبوو، ئەبوایە لێی بخوات کە لێی بڕا وەفای ئەویش دڕاو کەوتە سەنگەر گرتن لە پارتەکەی کە کاری لەگەلیدا کردووە.

لەوەش بە ئاگاین کە لێکنزیکبوونەوەی هاوسەنگیش ڕیزبەندییەکەی بێ کێشەی ئەخلاقی (بەمانا فراوانەکەی) نییە. ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە بەهێزکردن و شەرعیەتدان بە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا هەیە. بەشێکیان تەنیا مەبەستیانە دەستیان بەسەرچاوەکان بگات و بەلایانەوە بابەتی کەرامەت گرنگ نییە، بۆ هەندێکیشیان  کاتێک بەرژەوەندییە کەسییەکان لەگەڵ بەردەوامبوونی دەسەڵاتدا تێکەڵ دەبن، مەترسی ئەوەیان هەیە کە ببنە ئامرازێکی تەنها بۆ دۆخێکی کاتی و  توانای  ڕەخنەگرتنیان  بێتە قوربانی  ئیمتیازەکان.

بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەم دووفاقییە بخاتە ناو کۆنتێکستەوە، پێویست ناکات زۆر نموونەی مێژوویی و تەنانەت هاوچەرخەکان بپشکنێت. چونکە  بە درێژایی مێژوو، ڕۆشنبیران لەگەڵ سەرنجڕاکێشانی دەسەڵاتدا، لە فەیلەسوفەکانی دەرباری شارستانییەتە کۆنەکانەوە تا ئایدیۆلۆژیاکانی ڕژێمە تۆتالیتارییە مۆدێرنەکان، ڕۆڵیان هەبووە. لە هەر نموونەیەکدا، وەسوەسەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدا بووەتە هۆی هەم تەسلیمبوونی فیکری و هەم سازانی ئەخلاقی.

بە هەمان شێوە لەناو کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، بەهەرێمی کوردستانیشەوە ڕەنگدانەوەکانی ئەم فۆرمۆڵەیە لە سەرانسەری دۆمەینە جیاوازەکاندا دەدۆزینەوە. جا کەسێکی ئەکادیمیی بێت کە سەربەخۆیی فیکری بە پاڵپشتی دامەزراوەکەی دەگۆڕێتەوە، یان ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە کارە بەبڕشتەکەی دەکاتە قوربانی  دەستڕاگەیشتن بە نوخبە سیاسییەکان، یان تەنانەت ئەو هونەرمەندانەمان بینی کە پەیامەکەیان کەوتە ژێر کاریگەری  بەرژەوەندییە بازرگانییەکان ئەو بەرژەوەندیانەی دەسەڵاتێک بۆی ڕەخساندن، تەنانەت لەکوێ بەرژەوەندی پێکهات لەوێ کرایە ڕاوێژکار،  نموونەکان زۆرن.

ڕەخنەگرتن لەم پارادایمە پێویستی بە ڕوانگەیەکی فرەڕەهەند هەیە، کە ڕەهەندە ئەخلاقی، ئیپیستمۆلۆژی و کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان لەخۆبگرێت. ڕاستە و نکۆڵی ناکەم کە  لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە، ڕۆشنبیر دەبێت ڕووبەڕووی کاریگەرییە ئەخلاقیەکانی هاوتەریببوون لەگەڵ دەسەڵاتدا بێتەوە لەسەر حیسابی یەکپارچەیی فیکری، لای ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا تێکەڵکردنێکی خراپ هەیە، تەنانەت ڕووبەڕووی کۆمەڵگەکەی دەبێتەوە، جێگیریەکەی تێک دەدات و تەنانەت بۆئەوەی کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی هاوتەریبی دەسەڵات نەبن، تەیدی دادگا بێڕەوشتەکەی بەغدا دەکات. لە جیاتی ئەمە پێویستی بە پابەندبوونێکی چەسپاو هەیە بە بنەماکانی ڕاستگۆیی فیکری و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە و بوێری ئەخلاقی، تەنانەت لە بەرامبەر هاندانەکانی کەسی یان فشارە کۆمەڵایەتییەکان، نەک بوون بە ئالەتی دەستی داگیرکارو نۆکەرەکانیان.

لە ڕووی زانستناسییەوە، ڕۆشنبیر دەبێ لە چوارچێوەی زەمینە پڕ لە دەسەڵاتەکاندا، لێکۆڵینەوە لە چەمکی بەرهەمهێنانی زانین بکات. داننان بەو لایەنگری و بەرژەوەندی و ئەجێندایە سروشتییانەی کە گوتارە باڵادەستەکان دەگرێتەوە، بۆ وەرگرتنەوەی سەربەخۆیی لێکۆڵینەوەی فیکری. ڕۆشنبیر داینامیکی دەسەڵات و ئاسایشی کۆمەڵگە تێک نادات بەڵکو کاردەکات دەنگە پەراوێزخراوەکان گەورە و بڵند بکاتەوە، ئەمە کایەی فکرییە چ بێویست دەکات دۆخێک بەدیبهێنرێت کاسبکارێک پێی بشڵەژێت.

لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە، ڕەخنەگرتن لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵات پێویستی بە شیکارییەکی فراوانتر هەیە بۆ نایەکسانی پێکهاتەیی، نادادپەروەری و ناهاوسەنگی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگادا.  ڕۆشنبیر بە دانانی هەوڵە فیکرییەکان لە چوارچێوەی ململانێ کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکاندا، دەتوانێت بەرژەوەندییە خۆپەرستییە تەسکەکان تێپەڕێنێت و داکۆکی لە  گۆڕانکارییەکان بکات.  ئەمەش پێویستی بە هاودەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، گەورەکردنی دەنگە ناڕازییەکان و بەشداری چالاکانە لە بزووتنەوەکانی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتیدا هەیە.

بە وێژدانتان ئەمەتان بینی یان هەوڵی فکری ئەمانە  بوو بە سواربوونی شەپۆلی ناڕازییەکان، لەنموونەی مامۆستایان لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانی لە مانگی سێی 2024 و بوو بە سەنگەر گرتن لە پارتی؟ ململانێی کۆمەڵایەتی بوو بە ململانێ لە گەڵ پارتیدا، بۆیە ڕۆشەنبیری ئێمە نەک بەرژەوەندی تەسکی تێنەپەڕاند ڕاوی بەرژەوەندی تەسک دەکات، نەک داکۆکی لە گۆڕانکاری نەکردووە بەڵکو داکۆکی لە هێنانەوەی ئەنفالچی کردوە بۆ خاکی هەرێم.

* وتارێکی شرۆڤەیی/ ڕای تاکەکەسی