مەسرور بارزانی پیاوی دەوڵەت و بەرپرسیارەتییە

Kurd24

كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەست بەكاربوونییەوە بە سەر كۆمەڵێك كێشە و گەندەڵیی و قەیرانیی ئابووریی و سیاسی كەڵەبوودا كەوت، تەحەموول كردن و تێپەڕاندنی ئەم كێشە و قەیرانانە هێزو ئیرادەی زۆری دەویست، سەركردە و پیاوی قەیران و كێشەكانی دەویست، چوار ساڵی ڕابردوو سەلمێنرا كە مەسرور بارزانی سەركردە و پیاوی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو كێشە و قەیرانانە بوو.

سەرۆکوەزیران هەر لەسەرەتاوە جگە لە كێشە و قەیرانی ئابووریی و سیاسی بەهۆی بەرنامەی چاكسازییەكەشیەوە ڕووبەڕووی بەربەست و كێشە و بەربەرەكانێی زۆر بووەوە، بە تایبەت لەلایەن ئەوانەی چاكسازی بەرژەوەندیەكانیانی لەناو دەبرد ...

بۆ شاندانە بەر هەموو ئەو كێشانە مەسرور بارزانی تەنیا بوو، تەنیا تیمەكەی خۆی پشتیوانی بوون، بە داخەوە بەشەكەی تری كابینەكەی نەك هاوكار و پشتیوان نەبوون، بەڵكو دژیشی بوون، ئەمەش بارگرانییەكی زۆر زیاتری بۆ دروست كردبوو، بەڵام بەهۆی بڕوابوونی بە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكان و ئیرادەی بەهێز و خەمخۆری بۆ میللەتەكەی و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسكەوتەكانی توانی قۆناغ دوای قۆناغ هەوڵی چارە كردنی كێشەكان بدات، بەبێ ئەوەی سازش لە ماف و دەسكەوتە دەستوورییەكان بكات .

دواجار و دوای هەوڵ و ماندوبوون و شەو نخونییەکی زۆر و شەڕێکی سیاسی و دبلۆماسی درێژخان سەرۆك وەزیران لە جەنگەکەدا سەرکەوت و زامنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی کرد، ئەمەش لە ڕێی پەیڕەوكردنی سیاسەتی بەرگری كردنی سیاسیی و چڕكردنەوەی هێرش و هەوڵە دبلۆماسییەكان بۆ سەر بەغدا تا لە ئەنجامدا توانی حكوومەت و بەرپرسانی عێراق ناچار بەو قەناعەتە بكات كە ڕێکەتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی كە هەرێم لە قەیرانی مووچە و دارایی ڕزگار دەكات لە هەمانكاتدا دەوڵەتی عێراق بە گشتی و حكوومەتەكەی سوودانیش بەتایبەتی لە قەیرانێكی قوڵی سیاسی ڕزگار دەكات .

ئەو ئەنجامەی ئێستا دەیبینین كە بریتیە لە ڕێكەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و چارە کردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، دەرئەنجامی ئەو هەوڵ و ماندوبوونە تاقەت پڕوكێن و درێژ خایەنەی سەرۆكوەزیران و تیمەكەیەتی، هەر كەس ئەوە نادیدە بگرێت بێ ویژدانییەكی گەورە دەكات.

سەرۆکوەزیران لەو ئێوارە خوانەی بەربانگی ڕەمەزاندا كە لە یەكێك لە مزگەوتەكانی هەولێر هەر زوو باسی لەوە كرد كە مژدەی خۆش و سەركەوتن بەڕێوەیە و ئەمەش خاوەنی زۆری بۆ دروست دەبێت، ئێستا ئەوەتا دەبینین هەمووان خۆیان كردۆتە ڕۆستەمی زاڵی بردنەوەی زۆرانبازی بەدەستهێنانی ماف و مووچەی مووجەخۆرانی هەرێمی هەرێمی کوردستان ، بەلای سەرۆك وەزیرانەوە ئەم شتانە گرنگ نین ، ئەوەی گرنگە بەلای ئەوەوە چارە کردنی كێشەی مووچەخۆران و تێپەڕاندنی قەیرانەكان و خۆشگۆزەرانی خەڵكی كوردستانە ...