ئامانجەکانی پشت سەردانەکەی ئەردۆغان

Kurd24

وابڕياره ڕۆژی دووشەممە سەرۆكکۆماری تورکیا بە سەردانێک بگاتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەندین بابەتی گرنگ كە هەندێكیان بۆ توركیا گرنگن و هەندێكیشیان بۆ عێراق گرنگن، دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆببێتەوە، بێگومان لەم سەردان و كۆبوونەوەیەدا لە هەولێریش چەندین بابەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ گەڕانەوەی سوودانی لە ئەمەریکا و، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ناسەقامگیری ئەمنی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، توركیا وەك وڵاتێكی بەهێزی ناوچەیی دەیەوێت لەم كێشە و ئاڵۆزیانەدا كە لە ناوچەكەدا هەیە حسابی بۆ بكرێت و پێگەی لەبەرچاو بگیرێت.

سنووری هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراق نزیکەی 389 کیلۆمەتر دەبێت، ئەمەش گرنگییەکی ئەمنی گەورەی هەیە بۆ تورکیا، لە هەمان کاتدا تەحدییەکی گەورەش لەو سنوورەدا هەیە بۆ توركیا، شەڕ و نائارامی درێژەی هەیە كە بریتییە لە شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا و ئەم شەڕەش زیاتر لە چوار دەیەیە بەردەوامە و توركیا نەیتوانیوە كۆتایی پێبهێنێت.

تورکیا هەمیشە ئەو ناوچە سنووریە بە مەترسی گەورە دەبینێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی هەر بۆیە زۆربەی کات پابەندی رێکەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو دەوڵەت نەبووە و سەروەری خاکی عێراقی بەزاندووە، بەدەر لەو پەیوەندییە قووڵ و مێژوییەی هەردوو دەوڵەت لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری  لە نێوانیادا هەیە، بێگومان سیاسەتی تورکیا بەرامبەر عێراق دوو گۆڕاو لەخۆدەگرێت:

یەکەم: (الامن الجیوسیاسی)

دەوڵەتی تورکیا لە ڕووی ئاسایشی جیۆسیاسییەوە پارێزگاری لە یەك پارچەیی عێراق دەکات ئەمەش لەپێناو عێراقدا نییە بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی ئاسایشی وڵاتەکەی خۆیەتی چونکە هەردابەشبوونێك لە عێراقدا ڕووبدات ڕاستەوخۆ  دەرگا بە ڕووی كوردی باكووردا دەكرێتەوە كە بۆ هەمان مەبەست كار بكەن.

تورکیا عێراقێکی یەك پارچەی لاوازی دەوێت بەو جۆرەی کە ئێستا هەیە، نەك عێراقێكی بەهێز.

دووەم: (الامن الاقتصادی )

سەقامگیری عێراق بۆ تورکیا بابەتێكی ستراتیژییە لەسەر ئاستی ئابووری و وەبەرهێنان و ئاسایشی وزە، ئەوەش لە تێڕوانینی ئەو مقەوماتانەی کە هەردوو دەوڵەت هەیانە بۆ بەدەستهێنانی تەواوکەری ئابووری نێوانیان چونکە عێراق پێوستی بە بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری بەهێزە بە گوژمەی دەیان ملیار دۆلار، تورکیاش خاوەنی کەرتی بونیاتنان و مقاوەلاتێکی گەورەیە کە لە دوای چین لە جیهاندا پێگەی دووەمی هەیە.

بێگومان سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەم بابەتانە لەخۆدەگرێت کە بابەتی گرنگی سیاسی و ئەمنی و ئابوورین.

داواكارییەكانی توركیا ڕەنگە بریتی بن لە چەند خاڵێك:

یەکەم: کۆنترۆڵ کردنی ناوچە سنووریەکان لە لایەن عێراقەوە چونکە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنووریەکان مەترسییە بۆسەر ئاسایشی توركیا و هەمیشەش پاساو بووە بۆ هێرشەکانی تورکیا و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق کە رەنگە لە گفتوگۆی نێوان عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی نوێ لەو بارەیەوە بکەن یان بە دیوێکی تردا خاڵەکانی رێککەوتنەکانی پێشوتر جێبەجێ بکەن بۆ نەهێشتنی پارتی كرێكاران لەو سنوورەدا .

دووەم: گۆڕاوی ئابووری: نەوتی خاو و گازی سرووشتی و ئالوگۆری بازرگانی یەکێکی دیكەیە لە خاڵە سەرەکیەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو دەوڵەت

سێیەم: تورکمان: ڕەنگە ئەمەش یەکێکی دیكە بێت لە بابەتی گفتوگۆی نێوان هەردوو دەوڵەت بەتایبەت كە دادگای فیدراڵی كورسی كۆتای توركمان و پێكهاتەكانی تری نەهێشت، بەمەش لە پێگەی توركمانیدا لە پەرلەمانی كوردستاندا.

چوارەم: ئاوی هاوبەش، بێگومان تورکیا کارتی ئاو وەك کارتێکی  فشار بە کاردهێنێت بەرامبەر عێراق لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی باسمان کرد، چونکە تورکیا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی تەنها رێگەی سەربازی بەس نییە بۆ رێگریکردن لە پارتی كرێكاران لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق.

سەرڕای بەردەوامی دانوستان و رێککەوتنامە و تێگەیشتنەکان لە نێوان هەردوو لادا زۆر بەی کات یان رێککەوتنەکان کاری پێنەکراوە یان پابەندنەبوون پێوەی، هۆکارەکەشی لاوازی هەڵوێستی عێراق بووە بە هۆی ئەو باردۆخە ناسەقامگیرە سیاسییەی عێراق پێیدا تێدەپەرێت، توركیا دەیەوێت عێراق ڕاستەوخۆ سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو دەوڵەت لە دیوی خۆیەوە بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە ئەمەش كارێكە ڕەنگە بۆ عێراق كەمێك ئەستەم بێت.

وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا ئەردۆغان لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا سەردانی هەولێریش دەكات، لێرەش لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی و سەرۆكایەتی حكومەت و  هەرێمی كوردستاندا هەمان ئەو مەلەفانە جگە لە مەلەفی ئاو كە تایبەتە بە عێراقە عەرەبیەكە، گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، بەتایبەتی بابەتی نەوت و گاز و بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا و كێشەی نێوان توركیا و پەكەكە و هەماهەنگی هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان پێشتر و ئێستاش پێیان وایە ئەو كێشەیە بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەكرێت نەك بە شەڕ و هەوڵی لەناوبردن، چونكە هیچ كێشەیەكی نەتەوەیی بە شەڕو كوشتار چارەسەر نەكراوەو ناكرێت.

ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوەیە توركیا دەوڵەتێكی گرنگی ناوچەكەیە پەیوەندی نیوان عێراق -توركیا و هەرێم - توركیا گرنگ و ستراتیژییە و پێویستە ئەوە بەهەند وەربگیرێت بەڵام بەنیسبەت سەركردایەتی سیاسی كوردەوە، لەپەیوەندییەكە گرنگتر سەروەری و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و سیاسیەكانی كورد گرنگتر و لەبەرچاوترە بۆیە هەمیشە پێداگربووە لەسەر ئەو بنەما نەگۆڕە