خیانەت و هەڵسانەوە

Kurd24

خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر گەورەترین گورز بوو بەر کورد کەوت

 

شەڕی عیراق ئیران

شەڕی ئەم دوو وڵاتە بە فەرمی لە هاوینی 1980 دەستی پێکردوو و لە هاوینی 1988 کۆتایی پێهات، بەڵام بە نافەرمی ئەم شەڕە، کە شەڕی 1400 سالی سونە و شیعەیە هەتا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، 31 ئاب و ئەم هێرشە دڕندانەی ئێستای سەر کوردستان بەشێکن لەم شەڕە.

ئایتوڵا خومەینی بەرپابووە لە پاشان کۆماری ئیسلامی دامەزراوە، ئەم ڕژێمە بەردەوام پەلی هاوێشتووە شۆڕشەکەی هەناردەی دەرەوە کردووە، حیزبوڵا و بزووتنەوەی حوسی لە یەمەن و حەشدی شەعبی نموونەی زیندوون بۆ نانەوەی ئاژاوە و بوون بە هۆکاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دیموکراسی

دیموکراسی لیبرال سیستەمێکە بووەتە پێوەری دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنی حکومەتەکان لە سەرتاپای جیهان، ریفراندۆم و گشتپرسیش دەچێتە ژێر ئەم چەترە بۆ دەربڕینی ڕای هەر میللەت و کۆمەڵێک خەڵک لەسەر بابەتێکی چارەنووسساز.

لە سێ ساڵی ڕابردوو دوو ڕیفیراندۆمی یاسایی لە بەریتانیا ئەنجامدراون، یەکەمیان لە هاوینی 2014 بۆ مانەوە یان دەرچوونی سکۆتلاند لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوو کە بەرەی بەڵی بۆ مانەوە بردیانەوە و بەمەش سکۆتلاند تا ئەمڕۆش لە چوارچێوەی بەریتانیا ماوەتەوە، دوومیشیان ڕیفیراندۆمی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە 23/6/2016، وەک دەرئەنجامیش بەریتانیا لە سەرکەوتوترین یەکێتی ئابووری و سیاسی کە لە میژوی مرۆڤایەتی بە دەستهاتبێت دەرچوو.

ریفیراندۆمی کوردستان

ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەونی  مەسعود بارزانی بوو، کاری بۆ وەدیهێنانی کرد و توانی قەناعەت بە بەشی هەرە زۆری حزبەکانی کوردستان بهێنێت کە بچنە ژێرباری ئەم خواستە. هەموو بیرۆکەکانیش بەمجۆرە دەستپێدەکەن و پەرە دەستێنن.

مەسعود بارزانی توانی ئەم خەونە بکات بە هەڵوێست، ئەمەش بکاتە هەڵوێستی فەرمی حزبەکەی، لە پاشان قەناعەتی بە حزبەکانی تری کوردستان هێنا کە هەمان هەڵوێست وەرگرن و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفیراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەموو پارچەکانی کوردستانی تەنییەوە.

کەواتە، بەپێی بنەمای بەرپرسیارییەتی بە کۆمەڵ، ئەنجامدانی ڕیفیراندۆم لە 25/9/2017  بەرپرسیارییەتی زۆربەی هەرەزۆری حزبەکانی کوردستانە.

ئەگەر بەڕوالەتیش بێت، جگە لە بەرەی نەخێر بە سەرکردایەتی شاسوار عەبدولواحید، سەرجەم حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ ڕیفیراندۆم و بەڵی بۆ سەربەخۆیی بوون.

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورد،  کورد پلانێکی هەبوو، کە پلانی سەربەخۆیی بوو، ئامادەی شەڕ بوو، ئەو شەڕەی ماوەیەک بوو خۆی بۆ ئامدەدەکرد.

خیانەت

خیانەتکارەکان لە 16/10/2017 پلانێکی تریان هەبوو بۆ کوردستان و کەرکووک، پلانەکەی ئەوان گەورەترین گورز بوو بەر کورد کەوتبێت، بەلانی کەم لە 26 ساڵی ڕابردوودا.

ڕەنگەی پاساوی ئەوان کە بۆخۆیان دەیڵێن بۆ ئەوە بێت کە یەکێتی نیشتمانی لە فەوتان بپارێزن، گوایە 38 ئەندامی سەرکردایەتی ئەم حیزبە پێی ڕازیبوون. بەڵام گرنگ نییە چەند کەس ئیمزایان کردووە، خۆ تەنانەت ئەگەر تەواوی ئەندام و سەرکردەکانی یەکێتی ئیمزایان کردبێت ئەوا ئەم کارە هەر خیانەتە.

خۆ ئێوە  لەگەڵ پارتی و حزبەکانی تر لەشەڕدا نەبوون بۆ ئەوەی ئەم کەتنە مەزنە بکەن، خیانەت هەڵبژاردەیە و ئێوەش خیانەتتان هەڵبژارد, ئێوە گەورەترین خیانەتتان لە هەموو کورد کرد.

مەسەلەی چۆڵکردنی سەنگەر و تەسلیم بوون بە سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی شتێکە دەبێت لەسەری بوەستین، چونکە ئەمە شەڕە، ئەم جەولەیەشمان دۆڕاند.

ئەنجامدانی ڕیفیراندۆمیش سەرەڕای دەرئەنجامە خراپەکانی کارێکی باش بوو بۆ جیاکردنەوەی مرۆڤی ڕەسەن و وڵاتپارێز لە ماڵی قەڵپ.

هەڵسانەوە

ئەگەر پێشمەرگە بەرگری لە هەولێر نەکردبا دوورنەبوو سوپای پاسدارن و حەشدی شەعبی هەتا زاخۆ بەردەوام بووبان و تەواوی خاکی کوردستانیان گڵاو کردبا.

سوپاس بۆ بەرگری پێشمەرگە، ئێستا خەریکە وێنە گەورەکە ڕوون دەبێتەوە و دەنگی ناڕازیبوون لە سیاسەتەکانی ئێران ڕۆژ بە رؤژ زیاتر دەبێت.

پێویستە خۆمان ڕێکخەینەوە بۆ ئەوەی یەکێتی و یەکڕیزی کورد بپارێزین، لەمەش گرنگتر ئەوەیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە زووترین کات خۆی ڕێکخاتەوە و ماڵی قەڵپ و خیانەتکاران سڕبکات. (بەڵام هەرگیز نابێت لێیان خۆشبێت).

پێشمەرگە لەهەموو بەرەکان شەڕی بەرگری دەکات، دەبێت ئەمە بەردەوام بێت،

چۆن داگیرکەرانی کوردستان، ئەوانەی 1400 ساڵە دوژمنی یەکترن و خوێنی یەکتر فڕدەکەن جیاوازییەکانیان وەلاناوە دژ بە کورد یەکیان گرتووە، دەبێت کوردی هەموو پارچەکان یەکدەنگ بن،

دەزانم خراپمان بەسەر هاتووە، بەڵام زەحمەتە ئەم هاوکێشەیە بەم جۆرە بەردەوام بێت، میللەت ئامادەی قوربانیدانە و دەبێت خۆمان بۆ گەڕی داهاتوو سازبکەین، دڵنیاشم ئایندەمان هەر بە گەشی دەمێنێتەوە.