یاسای خیانەتی نیشتمانی

Kurd24

بە درێژایی مێژووی خەباتی نەپساوەی کورد بۆ سەربەخۆیی یان بەڕێوەبردنی خۆجێیەتی, هەمیشە یەکێک لەو تەگەرە و فاکتەرە هەمیشەییانەی کە بۆنەتە هۆی مایەپووچبوونی شۆڕش، سەرهەڵدان یان هەر جوڵانەوەیکی تر، خیانەت بووە، بەڵام ئەوەی لای بەشیک یان زۆرینە بە خیانەت لە قەڵم دەدرێت، ئەوا لای بەرەکەی تر ڕەنگە بە ئیجتیهادی سیاسی لە قەڵەم بدرێت، ڕەنگە ڕاستییەکەش هەر ئەوەیە بێت، چونکە بە چ پێوەرێک، یاسایەک یان پێناسەیەک بە خیانەت لە قەڵەم بدرێت؟

بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچینە قوڵایی ئەم باسە چاکتروایە لەسەر پێناسەیەک ڕێککەوین و بیکەین بە پڕۆژە یاسا و بۆ ماوەیەکیش بیروڕاوی لەسەر وەربگرین، بە هیوای ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا بتوانین لەپەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خیانەتی نیشتمانی دەربکەین.

من لێرە بانگهێشتی یاساناس، مافناس و دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستان دەکەم بە پیر ئەم بانگەوازەمانەوە بێن و بە ڕاشکاوانە بیروڕا ئاڵوگۆڕبکەین تا لە کۆتاییدا دیاردەی خیانەت، یان ئیجتیهادی سیاسی زیانبەخش بنبڕبکەین و یەکڕیزی یەکجارەکی بۆ نێوماڵی کورد بگێڕینەوە.

پڕۆژە یاسای خیانەتی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان

پێشەکی:

هەرێمی کوردستان لە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری 1991 وە و لە دەرئەنجامی خەباتی نەپساوەی سەدان ساڵەی ڕۆڵەکانی کە بە ڕووبار خوێنیان کردووەتە قوربانی،  حوکمڕانی خۆجێیی تییدا بەرقەرارە، بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتەی  کە تەنەنانەت لە ئاستی ئەم هەموو قوربانیدانە نییە، پێویست بوو ئەم یاسایە دەرکرێت.

پێناسە:

ئەنجامدەری تاوانی خیانەتی نیشتمانی  کەسێک، یان کەسانێکن کە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، کەسوکاریان، یان بۆ بەرژەوەندی گرووپ، یان پارتێکی سیاسی دەست لەگەڵ غەیری کورد تێکەڵ دەکەن لە رێگەی وەرگرتنی پارە، پۆست و پایە، سوودی عەینی، یان هەرجۆرە بەرژەوەندییەکی تر لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، پشێوی، هێنانی سوپا و لەشکری دەرەوەی هەرێم بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی شارێک و تێکدانی ئاسایشی گشتی لە هەرێمی کوردستان یاخود کۆنتڕۆڵکردنی دەستەڵات لە هەرێم بە پاڵپشتی دەرەکی.

سزاکان:

1- سزای ئەنجامدەر و پلانداڕێژ و هەموو ئەوانەی ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە کردووە لە سێدارەدانە هەتا مردن.

2- دەستبەسەرداگرتی تەواوی مووڵک و ماڵ  و هەر بەرژەوەندییەکی هەیان بێت.

3- سزای ئەو کەسەی، یان هەموو ئەو کەسانەی بەبێ ئاگایی بەشداری کارایان کردووە، زیندانی هەتاهەتایە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە لێخۆشبوونێک بیانگرێتەوە. لەگەڵ دەستبەسەر داگرتنی تەوای موڵک و ماڵی عەینی و هەر بەرژەوەندییەک هەیان بێت.

4- سزای ئەوانەی بەبێ ئاگایی ئاسانکاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، لە پێنج ساڵ بۆ بیست ساڵ زیندانی بەبێ ئەوەی هیچ لێخۆشبوونێک بیانگرێتەوە

تکایە با گفتوگۆیەکی کراوە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم پرۆژەیە بکەین و ئەم بۆشاییە یاساییە پڕ بکەینەوە.